چەمکی ژن لە زمانی شیعردا و ڕەوتی سەردەم
  2022-02-12       1514       

سوھەیلا مێھەمی, سنە

 

شیعر وەک ئەسپێكی یاخییە کە دەستەمۆ ناکرێ و ئەگەر دەستەمۆی بە سەردا بسەپێ کە واتە لە ڕیچکە و شێوازی خۆی لایداوە، شیعر نابێ خۆی بە دەسەڵاتەکانەوە ببەستێتەوە و ڕەوتی دەست بە سەرڕاگرتن لە شیعردا؛بێ بایەخ و بێ بەهایە و خۆی لەوە دوور دەکاتەوە شیعر هەروەها کە بۆ زۆربەی شاعیران لە ئازار و ڕەنجەکانیانەوە دەستی پێ کردووە و ڕۆچنەیەک درووست دەکا بۆ دەربازبوون لە بێدەنگی و شیکردنەوەی ڕەنجەکان؛ قامک لە سەر هۆکارەکانی ئەو ئازارانە دادەنێ کە مرۆڤی بە خۆییەوە سەرقاڵ و داماو کردووە. کەواتە شیعر  دژی  هەر سیستەمێک دەوەستێتەوە کە مرۆڤی یاخی لە خۆییدا دیل دەکا، شیعری نەمر ئەوە دەقەی لەخۆی گرتووە کە بۆ هەتایە لە دڵی خەڵکدا دەمێنێتەوە ؛ چۆن قامکی لە سەر بەربەستەکانی مرۆڤی ئازاد داناوە . شیعر  خۆی لە خۆیدا دژی شێوازی قسە کردنە واتە لە ڕەوتێکی ئاسایی بەرەو شێوازێکی  ڕەها لە ڕەوتێکی ئاسایی بۆ ڕەوتێکی جوانیناسانە. لە لایەنێکی دیکەوە شێعر تەنانەت بنەماکانی زمان و زمانەوانی و ڕێزمان تێکدەشکێنێت کە لە چوارچێوەیەکدا ئەم چەمکانە بە سەر زماندا زاڵە. دەتوانم بڵێم شێعر  وەکوو شەڕڤانێکی سەربەخۆ دژی هەموو ڕێسا و قانوونی داسەپێنراو دەوەستێتەوە و دەستەمۆی هیچ دەسەڵاتێکدا نابێ. و بە سەر هەموو ئەو مانا و واقیعانەدا ڕێ  دەکا و هەر دەم لە حاڵی تازەبوونەوە و نوێگەریدایە. زۆر جار دەست دەبا بۆ گۆڕانی ئەو بازنەیەدا کە لە ڕووی عادەت ، بیر و بڕوامان پی بووە و نەمانتوانیوە یا نەمانزانیوە دیلی ئەو چەمکە ماوین. لێرەدا دەبێ بڵێم شێعر دەست بۆ کاولکاری مرۆڤ نابات کاولکاری کە لە شێعرەوە ڕوو دەدا بیر و بڕوای هەڵە و بە دیل کردنی مرۆڤە کە دەست بۆ ڕۆخانی دەبات.

ئەمانە ئامانج و ڕێکاری شێعرە.

بەڵام وەکوو هەر  دیاردەیەکی فەرهەنگی و ئابووری و سیاسی کە بمانهەوێ بۆ چینەکانی کۆمەڵگا بە تایبەت چینی لە پەراوێز نراو وەکوو ژنان لێکدانەوەیەکێ بۆ بکەین کە ژن لە دەقەکاندا چۆن سەیر کراوە کە لە کۆمەڵگای هەر سەردەمێکدا بە پێی ئاستی ڕۆشنبیری کۆمەڵگادا جیاوازی هەیە ؛ و پیاوسالاری ڕەگی لە هەر شتێکی کۆمەڵگای ئێمەدا داداوە کە باسەکە ئەدەبی کوردەواری بێ شوێن ئەندێشەی پیاوسالارانە زۆر زەقە. لە شێعرە کۆنەکاندا زیاتر بنەمای لە سەر ڕۆمانتیسمدایە و باسی خۆشویستن خاڵی  گرینگی ئەم سەردەمەیە ژن وەکوو کاڵایەکی سیکسی دەردەکەوێ لە شێعرەکاندا کە لە لایان پیاوانەوە نووسراوە. واتە وەکوو کەرەستەیەک کە بە هۆی چەندین چەمکی جەستەیەوە پێناسە دەکرێ . ڕەنگە ئەم زمانە بە هۆی ڕەوت و هەل و مەرج و کات  و ساتدا بگۆڕدرێت بەڵام ناوەڕووکەکە هەر لە سەر نیگای غەریزە جنسییەکەوە دانراوە.

دیارە کە عەشق و خۆشویستن لایەنێکی گرینگی مرۆڤایەتییە بەڵام ئەگەر ئەم لایەنە ببێتە نیگایەک بەس لە غەریزەی سیکسییدا و لایەنی هزری و فیکری کاڵ بکاتەوە دیارە ئەدەبێکی لاوازە. ئەم  دیاردەیە لە شێعری فولکلووردا زۆر زەق کراوەتەوە تا ئەو شوێنە کە لە گۆرانییەکانی سەردەمی کۆندا تا کوو ئێستایش هاتووە باس لە سەر کچێکی چواردەساڵە دەکرێ بۆ چێژ بردنی پیاو کە ئێستا لە سەردەمی ئێستادا دەربڕین و کردەوەی ئەو وتەیە تاوانە ، دەبێتە .... یا لە هەندی گۆرانی پیاوانەدا بۆ ئەوەی کارەکانی ڕۆژانەی بەڕێوە بچێ چەندین ژن دەهێنێ ... شێعری فولکلۆر بە درێژایی مێژووی مرۆڤ لە دایک بووە و ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگای سەردەمە جیاوازەکانی مرۆڤە . دیارە شێعری فولکلۆر لە سەردەمی کۆنەوە هەتاکوو ئێستا لە سەر زاری خەڵک لە سووڕاندایە و کە زۆربەیان هەستی پیاوان لە خۆی دەگرێ لە بوارە جیاوازەکان بە تایبەت ژن و خۆشویستنی کاڵایەکی جنسی کە مەمکی ژن بە لیمۆ و شەکرەسێو کۆڵمی هەناری و سمت و ڕانی بەفرین و ... کە پڕن لە وشەی سیکسی لە شیکاری و هەڵچوون بە باڵای ژندا. ڕەنگە دەربڕینی کۆمەڵێک لەم وشە سیکسییانە بە لای کۆمەڵگاوە ئاسایی بێ بەڵام کاتێک دەگاتە ژنێکی نووسەر لە لایەن کۆمەڵگا و دەسەڵات و ئایینەوە بێ شەرمییە ژنێک بەو شێوازە بنووسێت. ئەم کاردانەوە ، ڕەنگدانەوەی زۆر لە سەر شێعری ژناندا داناوە هەر لە کۆنەوە ئێمە دەبینین ژنە شاعێری کورد مەستوورە ئەردەڵان کاتێک  باسی خۆشویستنی مێردەکەی دەکات زۆربەی ئەو ئاماژانە و دەستەواژانە کە بە کاری هێناوە زۆربەی لە تەشبیهات و هێمای پیاوانە کەڵکی وەرگرتووە ، کە باسی دڵداری دەکا هیچ وشەیەکی جنسییەتی لە دەقەکەیدا نادۆزرێتەوە. لە ئێستادا کە کەسەکان ئەو گۆرانی و شێعرە ئیروتیکانە بە چێژەوە گوێبیست دەبن و ڕەنگە ڕەخنە بێ بۆ فمێنیستەکان بەڵام بە لێکدانەوەی ئەم دەقگەلە و دەرخستنی مێژووی ئەوان من وا بیر  دەکەمەوە ئەمانە دەگەڕێتەوە بۆ چاخی ئووستورەکان و سەردەمی زۆر کۆنی دایکسالاری

واتە سەردەمێک کە ژن واتە دایک بڕیاردەر بووە و کشت و کاڵ و بوارەکانی ژیان لە ژێر ڕکیفی ئەودا بووە ، کاتێک ئوستوورە و خوداکان ژن بوون ، و مرۆڤ تێکەڵی سروشت بووە و هەموو پێداویستییەکی لە سروشتەوە بە دەست هێناوە و وەکوو جوانیناسانە باسی مەمکی ژن بە پرتەقاڵ و لیمۆ کراوە کاتێک جەستەی بە بەفر شوبهاندووە ؛ کە واتە ئەمانە ڕەنگە سروودە ئایینییەکانی مرۆڤی ئەو سەردەمە بێ کە وەکوو سەرچاوەی ژیان و بەردەوام بوونی نەسڵی مرۆڤ بەر ستایشی جەستەیی کەوتووە بەڵام ڕۆڵی جینسی و ئوبژیکتیوی ژن هاتە نێو کتێبەکان و دەقەکان و ئەم چەمکە لە سەردەمی ئێستادا کە ژن و پیاو هەنگاو بۆ یەکسانی کۆمەڵگا هەڵدەگرن و دەبێ چەمکی ئەندێشەیەکی ئازاد زەق بکرێتەوە ؛ ئەم ئەندێشە هەڵگری بچووک کردنەوە مرۆڤی ژندا جەستەی نەماوە واتە باوی نەماوە ، کە لە ئێستادا لە ڕووکەشێکی نوێیدا بەڵام هەر ناوەڕووکێکی کۆن بەردەوام بێ کە لە دەقە ئەدەبییەکاندا  ژن وەکوو  مەعشووقە و پیاو وەکوو عاشقێکی سووتاو سەیر بکردرێت و هەندێ جاریش ئەو ژنەی کە وەکوو ئوستوورە پیاهەڵوتنەوەیان کردووە دەبێتە کەسێکی بێ ئەمەگ و دەبێ بەردباران بکردرێت و شاربەدەر ، لە ڕاستییدا کە دەبوا قەڵەم قامکی لە سەر ئەندێشەیەکی ژنانە دابنێ ؛ داینەناوە . ئەمەیە کێشەکە...

شێعری ئێستا زۆر گۆڕانکاری بە پێی هەڵ و مەرج و ڕەوتی جیهان و کۆمەڵگاکاندا بە سەری هاتووە ، واتە ڕەوتی گۆڕانکاری فیکری و هزری لە هەر ناوچەیەکدا ڕەنگدانەوەی هەیە لە سەر هەر شتێکی باو لە ئەو ناوچەدا ، و لە کارتێگەری لە سەر ڕەوتی شێعر ؛ بزووتنەوەکانی وشیارییخوازییە لە سەر ڕێگا هەڵەکان کە مرۆڤ دوور دەکاتەوە لە پێشڤەچوون و داهاتووێیکی گەشاوە ؛ وەکوو هەر بزوتنەوەیەک ڕەنگیشە سەرکەوتوو نەبن بەڵام هەر ئەمانە وەکوو دەنگێکە بۆ وشیار کردنەوە چینەکانی کۆمەڵگا ، بەڵام بزووتنەوەکانێک کە ژن و پیاو شان بە شانی یەکدا بۆ ژیانێکی باشتر هەنگاو هەڵدەگرن لە نێو کۆمەڵگای کوردیدا بوونی هەیە ، وەکوو شۆڕشی ڕۆژئاوای کورد کە بۆ کەرامەتی مرۆڤ ژن و پیاو شکۆی مرۆڤایەتیان بە جیهان پیشان دا و دیارە ئەمە لە سەر  ڕەوتی ژن لە شێعردا گۆڕانکاریەکی مەزنی خوڵقاندووە و ئەو پەیامەی بە ژنان دەدا کە ژن وەکوو مرۆڤێک بە دوای داخوازیە مروویانەی و ڕۆڵی واقعی خویدا هەنگاو هەڵبگرێ ڕەنگە ئەمە  هێشتا سەرتای ڕێگا بێ بەڵام ژنی کورد ئاگادار بووتەوە و ژنی نووسەری کورد تێگەیشتووە بە وشە و شێعر و ڕوماندا بەرەنگاری کەرامەتی مروویی خۆیدا بێ و پیاوی نووسەریش بەو ڕاستییە گەیشتووە کە ژن بەشێکی گرینگ و گەورەی کۆمەڵگایە و دەبێ لە نووسیندا بە بیر و هزرێکی قووڵەوە لە ئەندێشە ی ژندا بنووسێ.

ژنی شاعیر لە دەقەکانیدا هەوڵ دەدا لە مرۆڤێک بدوێ پێویستی بەم هەموو زەنجیر و کۆت و بەندەوە نییە تا کوو ژنێکی فریشتەیی بێ لە چاوی پیاواندا تا کوو ژنێکی لە چاوی سیستەمی باوکسالاریدا ژنێکی بێدەنگ بێ ژنێکی ڕوماننووس حەول دەدا  ژنان لە بنمیچ و چوارچێوەکان بهێنێتە دەرەوە و بەشداری بکات لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵگا ژنی نووسەر یا پیاوی نووسەر بە دوای کۆمەڵگایەکی یەکسانیخواز و دادپەروەردا دەبێ قەڵەمیان لە سووڕاندا بێت.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×