''کارمەندانی ئاسایشی سنوری سلێمانی زیێتر لە20 ڕۆژە موچەیان دواکەوتوە''
  2022-02-17       565       


له‌دوو په‌یامى جیاوازدا دوو په‌رله‌مانتارى یه‌كێتى له‌به‌غداو هه‌ولێر، داواى چاره‌سه‌ركردنى موچه‌ى هێزه‌كانى ئاسایش ده‌كه‌ن‌و په‌رله‌مانتارێكیش ده‌نوسێت، "لەهیچ شوێنێکی دونیا وەک ئەم حکومەتە بێسەروبەرەی ئێوەنییە ئاخر ئەگەر ئیدارەی سێ شارتان پێنادرێ بیکەنەوە بەشارو نیوێک".

ئاوێنه‌: كاروان یاروه‌یس په‌رله‌مانتارى یه‌كێتى له‌به‌غدا داواى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى موچه‌ى هێزه‌كانى ئاسایش ده‌كات‌و نوسیویه‌تى:"هێزەکانی ئاسایشی هەمیشە کۆڵکەی پاراستنی ئەو ئارامیە بونە کە مایەی شانازی بوە بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵام بەداخەوە کارمەندانی ئاسایشی سنوری سلێمانی زیێتر لە20 ڕۆژە موچەیان دواکەوتوە".

ئه‌وه‌شى وتوه‌، "داوا لەبەرپرسانی حکومی پەیوەندیدار بەم پرسە ئەکەین پەلەبکەن لەچارەسەرکردنی‌و جارێکی تر ئەم کیشەیە سەرهەڵنەداتەوەو چارەسەری بنەڕەتی بکەن".

له‌لایه‌كى دیكه‌شه‌وه‌ شیرین یونس په‌رله‌مانتارى یه‌كێتى له‌په‌رله‌مانى كوردستان له‌نامه‌یه‌كدا بۆ بارزانى ده‌ڵێت:"هەرچەندە پێموانییە ئاگادارنەبیت، بەڵام هەر بۆ بیرهاتنەوە، موچەی ئاسایش بەتایبەت‌و موچەی فەرمانبەران، موڵکی باوکی هیچ کەس نییە تا بکرێتە تای تەرازوی کێشە بچوکەکان".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى یه‌كێتى جه‌ختده‌كاته‌وه‌ له‌سه‌رئه‌وه‌ى، "حوکمڕانی لەهیچ شوێنێکی دونیا وەک ئەم حکومەتە بێسەروبەرەی ئێوەنییە، ئاخر ئەگەر ئیدارەی سێ شارتان پێنادرێ بیکەنەوە بەشارو نیوێک".

موچه‌ى کارمەندانی هێزه‌كانى ئاسایشی سنوری پارێزگاى سلێمانی ماوه‌ى زیاتر لە20 ڕۆژە دواکەوتوەو تائێستاش چاره‌سه‌رى ئه‌و كێشه‌یه‌ نه‌كراوه‌، له‌كاتێكدا هه‌مان ئه‌و هێزه‌ له‌هه‌ولێرو دهۆك 20 ڕۆژه‌ موچه‌یان وه‌رگرتوه‌.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×