سەرچاوەیەکی فه‌رمی لە وەزارەتی دارایی عێراق ئه‌مڕۆ هەینی ده‌نگۆی ده‌ستكاریكردنی به‌های دیناری به‌رامبه‌ر به دۆلار ره‌تكرده‌وه، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدا راسته‌وخۆ پاش داوای موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در بۆ دابه‌زاندنی به‌های دۆلار بەرامبەر بە دینار، باس له ئه‌گه‌ری بەرزکردنەوەی به‌های دینار كرا و بازاڕی ئاڵوگۆڕی شێواند.
ئاوێنە: ماڵپه‌ڕی سۆمه‌ریه نیوز له زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی فه‌رمی له وه‌زاره‌تی دارایی عێراق بڵاویكرده‌وه، "دابه‌زاندنی به‌های دیناری عێراقی به‌رامبه‌ر به دۆلاری ئه‌مریكی دوای ئه‌وه هات كه نرخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وتی برێنت گه‌یشته 30 دۆلار له ساڵی 2020دا و به‌هۆیه‌وه داهاتی وڵات له فرۆشتنی نه‌وت به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو دابه‌زی".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "به‌های دۆلاری ئه‌مریكی به‌رامبه‌ر به دیناری عێراقی به‌جێگیری ده‌مێنێته‌وه و بە ئاسانی ناتوانرێت بگۆڕدرێت".
ئەو سەرچاوەیە باسی له‌وه‌شكرد، سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی جیهانی پشتیوانیان لە بڕیاری بانكی ناوه‌ندی عێراق کردوه بۆ دابه‌زاندنی به‌های دینار به‌رامبه‌ر به دۆلاری ئه‌مریكی، له ئێستاشدا هیچ بڕیارێك نیه بۆ ده‌ستكاریكردنی به‌های دینار به‌رامبه‌ر به دۆلار.
19ی (كانونی یه‌كه‌م/12)ی ساڵی 2020 بانكی ناوه‌ندی عێراق رایگه‌یاند، له‌سه‌ر بڕیاری وه‌زاره‌تی دارایی به‌های دیناری عێراقی به‌رامبه‌ر به دۆلاری ئه‌مریكی داده‌به‌زێنن و به‌های 100 دۆلار به 145 هه‌زار دینار به كۆمپانیاكانی ده‌فرۆشن و ئه‌وانیش 100 دۆلار به 146 هه‌زار دینار ده‌فرۆشنه‌وه به نوسینگه‌كانی ئاڵوگۆڕی دراو له بازاڕه‌كاندا.
دوێنێ پێنجشه‌ممه موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در سه‌باره‌ت به به‌های دۆلار به‌رامبه‌ر به دیناری عێراقی چه‌ند پێشنیارێكی بڵاوكرده‌وه و داوای‌کرد وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بانگهێشتی پەرلەمان بکرێن، هەروەها داوای كرد بە توندی مامەڵە لەگەڵ هەندێک لەو بانکانە بکرێت کە سەر بە حزبە دەسەڵاتدارەکانن.