وەزارەتی بەرگریی روسیا کۆنترۆڵکردنی تەواوی شاری مێلیتۆپۆلی باشوری رۆژھەڵاتی ئۆکراینای راگەیاندو لەئێستاشدا شەڕو پێکدادان لەدەروازەکانی شاری کێیڤی پایتەختی ئۆکرانیا بەردەوامیی هەیە.
ئاوێنه: کەناڵی روسیا ئەلیوم لەزاری ئیگۆر کۆناشینکۆڤ، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی روسیاوه بڵاویكردۆتهوه كه ھێرشی سوپای وڵاتهكهی لەئۆکرانیا بەردەوامەو سوپای روسیا توانیویەتی شاری مێلیتۆپۆل کۆنترۆڵ بكات.
وتیشی، "سەرجەم رێوشوێنێكی پێویست گیراوهتهبهر بەئامانجی دەستەبەرکردنی سەلامەتی خەڵکی مەدەنییو رێگرتن لەھەوڵەکانی لایەنی ھەواڵگریی ئۆکرایناو رەگەزپەرستەکان بۆ ھاندانی توندتیژیی".
هاوكات ڤۆڵۆدێمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ئەمڕۆ شەممە، رایگەیاند، "چەکو تەقەمەنی هاوپەیمانانمان لەرێگایەو بەم زووانە دەگاتە دەستمان... تائێستا شەڕلەدەروازەکانی کیێڤی پایتەخت بەردەوامییان هەیە."
سەرۆکی ئۆکرانیا ئاماژەی بەوەشکردووە، لەگەڵ بەرپرسانی ئەوروپا رێکەوتون، سەبارەت بەناردنی چەکو تەقەمەنی زیاتر بۆ ئۆکرانیا.
ڤۆڵۆدیمیر ئەوەشی خستەڕو، سوپای وڵاتەکەی تائێستاش سەرجەم دەروازەکانی شاری کیێڤی لەژێر دەستدایە، بەڵام چەندین شار لەوڵاتەکەی لەژێر هێرشدان لەوانەش چێرنیهیڤ، سومی، خارکێڤ، شارەکانی باشورو باکوی وڵات بەتایبەتی کیێڤ.