"جیاوازی‌ داهاتی‌ نەوت لەنێوان سەرۆکی‌ حکومەت و ستافەکانیدا، زیاتر لە 17 ملیار دیناری مانگانەیە"
  2022-03-12       831       

عومەر گوڵپی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان، ئەمڕۆ شەممە، ئاشكرایكرد، جیاوازی‌ داهاتی‌ نەوت لەنێوان سەرۆکی‌ حکومەت و ستافەکانیدا، زیاتر لە 17 ملیار دیناری مانگانەیە.

ئاوێنە: عومەر گوڵپی، لە بەدواداچونێكدا رایگەیاندوە"لە کۆبونەوەی‌ ژمارە 16ی‌ ڕۆژی‌ 28/6/2021ی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان، لەبارەی‌ داهاتی‌ نەوتەوە، تیمی‌ حکومەت کە پێکهاتبوون لە (پێنج وەزیر) بە پەرلەمان و پەرلەمانتارانیان وت: بڕی‌ لەسەدا 42ی داهاتی‌ نەوت دەگەڕێتەوە وەزارەتی‌ دارایی‌‌و بۆ موچە تەرخان دەکرێت."

ئەو پەرلەمانتارە وتوشیەتی"بەڵام سەرۆکی‌ حکومەت لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەی‌ خۆى لە ڕۆژى 3/3/2022، وتی‌: بڕی‌ لەسەدا 41ی داهاتى نەوت دەگەڕێتەوە وەزارتی‌ دارایی‌‌و بۆ موچە تەرخان دەکرێت."

عومەر گوڵپی رونیكردۆتەوە كە "واتە تەنها جیاوازیی نێوان ئەو دو زانیارییە لەسەدا(1)ە، ئەوەش بۆ داهاتی‌ مانگی‌ 2 ئەگەر نەوت بە 90 دۆلار فرۆشرابێت دەکاتە بڕی‌ 11 ملیۆن و 880 هەزار دۆلار بۆ مانگێک، بە دیناریش دەکاتە: 17 ملیارو 226 ملیۆن دینار."

ئەندامەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان پرسیویەتی"ئایا دەکرێت لە بابەتێکى هەستیارى وەک دۆسیەى نەوت، کە پڕیەتى لە ناشەفافیەت، سەرۆک و ئەندامانى ئەنجومەنى وەزیران بەمجۆرە زانیاریى جیاواز بخەنەڕو؟"

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×