باڵیۆزی ئێران: هێرشەكەی سوپای پاسداران بۆ سەر هەولێر سەروەری عێراقی نەكردۆتە ئامانج
  2022-03-14       735       

ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لە عێراق دەڵێت، هێرشە موشەكییەكەی سوپای پاسداران بۆ سەر هەولێر، "سەروەری عێراقی نەكردۆتە ئامانج"، بەڵكو هێرشەكە بۆ سەر "بنكەیەكی ئیسرائیلییەكان" ئەنجام دراوە.

ئاوێنە: ئیرەج مەسجدی، ئەمڕۆ دوشەممە، لەمیانی بەشداریكردنی لە كۆنفرانسێك لە پارێزگای كەربەلا رایگەیاند"لە كوردستان بنكەیەكی ئیسرائیلییەكان هەیە كە لەوێوە پیلان و بەرنامە بۆ ئەنجامدانی هێرش دژی ئێران دادەنرێت. ئێمەش خەمسارد نابین و دەستبەردانی ئاسایشی خاكی وڵاتەكەمان نابین، چەندین جار هۆشداریمان داوەتە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان، بەڵام گوێیان لێ نەگرتوین."

وتیشی"كۆماری ئیسلامی ئێران هەڵساوە بە وەڵامدانەوەی كردەوەكانی ئەو بنكە ئیسرائیلییە، نەك بە ئامانجی پێشێلكردنی سەروەری عێراق...بەڵكو وەك بەرگریكردنێك لە ئاسایشی ئێران."

ئەوەشی خستەڕو"داواتان لێدەكەین ئەو ئیسرائیلییانە لە خاكی عێراق بكەنە دەرەوە بۆ ئەوەی رزگارتان بێت لە خراپەكارییەكانیان، بەڵام ئەگەر نەكرێنە دەرەوە، ئایا ئێمە دەستەوەستان دەبین تا ئەوان هێرش دژی ئێمە ئەنجام بدەن؟ بێگومان نەخێر. بۆیە ئەم وەڵامدانەوەیە دژی ئیسرائیلییەكان بوەو دژی ئەمریكاو دژی حكومەتی عێراقیش نەبوە."

هەروەها وتیشی"هەندێك لە میدیاكانی ئاماژەیان بەوەداوە كە ئێمە كونسوڵخانەی ئەمریكامان لەوێ كردۆتە ئامانج، ئەم قسەیە جێی سەرسوڕمانە، راستە لەنێوان ئێمە ئەمریكادا ناكۆكییەكی 40 ساڵە هەیە، بەڵام ئەو هێرشە دژی ئەوان نەبوە، بەڵكو دژی ئەو بنكە ئەمنییە ئیسرائیلییە بوە كە پلانی هەبوە هێرش دژی ئێمە ئەنجام بدات."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×