یادەوەرییەکی جاویدان - شیعری شاعیری ئۆکرانی کاتێرینا بابکینا
  2022-03-15       1591       

شیعری شاعیری ئۆکرانی Kateryna Babkina کاتێرینا  بابکینا

وەرگێرانی لە سویدییەوە بۆ کوردی: بەکر ئەحمەد

 

پیشکەشکراوە بەو سەدان ئینسانانەی لە خرۆشانی "مەیدان"دا گیانیان لەدەستدا.

 

پێشەکییەکی کورت:

یەکەم جار، ئەم شیعرەم لە هەفتەی یەکەمی دەستپێکی  شەری روسیا لە ئۆکرانیادا لە بەشی کولتووری ڕادیۆی سویدەوە گوێ لێ بوو. زۆر سەرسامیکردم.  خۆپیشاندانەکانی مەیدانی ئۆکرانیا سەرچاوەی ئەم شیعرەی کاتیرینایە.   ناوەڕۆکە ئینسانیی و پرسە وجودییەکانی ناو قەسیدەکە لەوە گەورەترن بانگەوازی ئایدیۆلۆژی سەبارەت بەو بزووتنەوە سیاسییەی لە مەیدانی کیڤ دا گووزەورا، وامان لێبکات شیعرەکە نەخوێنینەوە.

ئەم شیعرە لە رۆژنامەی " یۆتێبۆری پۆستن" لە رۆژی 11ی مارسی 2022 دا بلاوکراوەتەوە

وەرگێرانی لە سویدییەوە بۆ کوردی: بەکر ئەحمەد

”Evig hågkomst” – dikt av Kateryna Babkina | GP

 

 

کاتێک لەبەردەستی مەرگدا ڕادەکشێی،  لەبیرت بێت

کە هەمیشە چاکە دەیباتەوە

گەرچیش لە ئەوەڵدا، دەکرێ وا نەیەتە پێش چاو

لە بیرت بێت

کە لانی کەم لە شوێنی تر، درەختی خۆڵەمێشی و جۆگەی شەکراو بوونی هەیە

ئەوەی بۆ هەمیشە دەبێتە هی تۆ، هەر ئەوەیە کە دەیبەخشیت

ئەگەرچی هەموو رووناکییەکی تۆ هەر ئەوە بێت

خۆشەویستی  نە زەندەقی کەسێ دەبا و نە ئازاری کەسێ دەدا

ئەگەرچی تۆ لە خۆشەویستیدا، ترسی بێ ئامان و ژان دەورت دەدا

تۆ تێفکرە ,  بە هیچ جۆرێک بیر لەوە نەکەیەوە

 کە لە دوای تۆش، خەڵکانێک دەژین و  دەمرن

کەسانێک کە نازانن تۆ هەشبووبی

بۆیە کاتێک کە وەختت هات

بۆ تۆ،  چاوەڕاونکراو بووبێ یان نا

لە شارێکدا، کە لە ئاگردا دەسووتێ

لە وڵاتێکدا کە داوای زۆرت لێ دەکات

لە یادتدا، ناوی هەموو ئەوانە بژمێرە خۆشت دەوێن:

ئەوانەی لە عیشقدا بە شوێنپێکەی تۆدا دەڕۆن

چاوەکانت مەنووقێنە!

یادەوەرییەکی جاویدان:

تێپەڕینی تاڵە شەبەنگ بە گشت کاتدا، دەنگی ناسک لە هەوا دا

دەنگی شین کاڵ

بریسکەیەکی ئاڵتوونی لە نیگای چاوانی دیدا

بۆیە کاتێک لە بەردەمی مەرگدا ڕادەکشێی

گۆرانییەکی بێدەنگ بچرە:

ژیان  دەبێتەوە بە ژیان وەک چۆن دەریا دەبێتەوە بە باران

سووڕێکی  بە بێ کۆتایی

یادت نەچێ

ناوی ئەوانەش بهێنی کە قەت بۆ تۆ گرنگ نەبوون

ئەوانەی خۆشیان نەویستی یان چاویان پێتەوە نەبوو

ئەوانەی لە رۆژەکانی میحنەتدا، دەستیان بۆ درێژنەکردی

دۆعایەکیش بۆ ئەوانە بکە

کە بە سۆزەوە پێیان ئەوترێ دوژمن

بۆ بەدەکان ، هەروەها بۆ دڵڕەقەکان

بۆ ئەوانەی، ئەوە نین کە دەبوو ببن

بۆ ئەوانەی لە تۆ ناچن

نەکەی ئەوانەت لەبیرچێ کە لە کێڵگەن، ئەوانەی وا لە دەریادان، وان لە باخچە

یاخود ئیستا لە سینەمان

ئەوانەی لە ڕێدا دەکەون، ئەوانەی خۆ فڕێ دەدەنە خوارەوە و ئەوانەی بە چیچکانەوەن،

ئەوانەی درۆ دەپەیڤن، ئەوانەی یەکەم رۆژیانە لە دایەنگا،

ئەوانەی

کێک دروستدەکەن

کۆت و شەڵواریان کڕیوە

پەنجەرەیەکیان شکاندووە،

وەفاداربوون بە پەیمانەکانی خۆیان،

ئەوانەی  نازانن روو لە کوێ بکەن یان بە کام ریگادا بگەڕێن

بە ناوی خۆیانەوە بانگیان بکە!

تا ناوی کەسیانت لە بیر نەچێ

بانگی ئەوە بکە تەنیایە و

ئەوەی سەقفی ماڵمان بۆ چاکدەکا

ئەوەی هەموو رۆژێ ماشینەکەی بە هەڵە لە پارک ڕادەگرێ و

ئەوەی لەسەر لای ڕاست دەنووێ

ئەوانەی قاڵدرمەکان لە سەهۆڵ پاکدەکەنەوە و

ئەوانەیشی  قەشمەرییان بە ترسییان کرد و لە جەنگدا مردن

لەسەروی تۆوە، مۆمێک دەسووتێ

لە ژوورەکەتدا بێدەنگییە و لە دەرەوەیش هەر هەمان شت

تۆ ئێستا ڕوون، بێکێش و سەربەهیج کەسێک نیت

تۆ لە مێشوولەیەک بچووکتری

لە شەونمیش زۆر ناسکتر

سا بڕژێ رووبار!

 بپشکوێ تۆو!

بۆ ئەوەی لەسەرتەوەیە، چاوبگێڕە!

یادت نەچێ

نەکەی نەتوانی ناویان بێنی

دەربارەی ئەوانیش بدوێ

بۆ وانیش، هەمان شت بخوازە!

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×