چۆمسكی: تێکۆشانی گەلی کورد ئیلهامبەخشە و سەردەكەوێت
  2022-03-22       1615       

نوام چۆمسکی، فەیلەسووفی ئەمریكی بە زمانی كوردی پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز دەكات و لەبارەی كورد و خەباتەكەیەوە دەڵێت، “گەلی کورد قارەمانانە بۆ ئازادی و دادپەروەری تێکۆشاوە و تێکۆشانی گەلی کورد تێکۆشانێکی ئیلهامبەخشە و سەردەكەوێت”.

ئاوێنه‌: نوام چۆمسکی كە زمانناس، مێژووناس و فەیلەسووفێكی دۆستی گەلی کوردە، لە پەیامێكدا كە لەڕێگەی ڤیدیۆوە بۆ ئاهەنگی نەورۆزی شاری وانی باکووری كوردستان ناردوویەتی، كورد بە قارەمان و پاڵەوان ناوزەد دەكات و دەڵێت، “گەلی کورد بۆ ئازادی و دادپەروەری وەک پاڵەوانەکان و قارەمانانە تێکۆشاوە. تووشی گوشار، سەختی، زۆرداری و توندوتیژییەکی زۆر بووەتەوە، بەڵام سەرکەوتن”.

چۆمسكی دەیان ساڵە لە بوارەكانی فەلسەفە و زمانناسی و مێژوودا وانە دەڵێتەوە و نووسەری زیاتر لە 100 پەرتووكە، ئەو لەبارەی ئەزموونی ڕۆژئاوای كوردستانەوە بۆچوونی خۆی خستەڕوو و ڕایگەیاند، “ماوەیەكی كەمی لەمەوبەر لە زانکۆی ڕۆژاڤا وتەیەکم پێشکەشکرد، چەند ساڵێک لەمەوپێش، ئەوەی بە خەیاڵدا نەدەهات ڕوویدا. ئەمە نیشانیداین، کە ڕۆحی مرۆڤ تەنیا خەون نابینێت، بەڵکو سەریش دەکەوێت”.

پەیامەکەی چۆمسکی بۆ نەورۆز:

“گەلی کورد بۆ ئازادی و دادپەروەری وەک پاڵەوانەکان و قارەمانانە تێکۆشاوە. تووشی گوشار، سەختی، زۆرداری و توندوتیژییەکی زۆر بووەتەوە، بەڵام سەرکەوتن. وەک تێکۆشانەکەیان سەرکەوتنەکەشیان لە دژی ئەو زۆرداری و سەختییانەش ئیلهامبەخشە. لەم خەباتەدا بۆ من شانازییە، کە تۆزێک بەشداری لەو هەوڵە نائاساییە دەگمەنەدا بکەم. من ماوەیەكی كەمی لەمەوبەر لە زانکۆی ڕۆژاڤا وتەیەکم پێشکەشکرد، چەند ساڵێک لەمەوپێش، ئەوەی بە خەیاڵدا نەدەهات ڕوویدا. ئەمە نیشانیداین، کە ڕۆحی مرۆڤ تەنیا خەون نابینێت، بەڵکو سەریش دەکەوێت. ئەم خەبات و سەرکەوتنەی گەلی کورد بۆ ئێمە ئیلهامێک و وانەیەکە. بەدڵنیاییەوە بەردەوام دەبێت و لەوە کەمتر نابێت. نەورۆز پیرۆز بێت”.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×