کە بێئاگایی دەگاتە لوتکە !
  2022-04-09       1511       

بەرزان هەستیار

 

" یەک ملیۆن " یەکێکە لەو بەرنامانەی "کوردستان تی ڤی" کە لەئامادەکردنی "شاهۆ قادر " و پێشکەشکردنی "کوێستان خوسرەوی " بە بۆنەی مانگی ڕەمەزانەوە پەخش دەکرێت.

بەرنامەکە کێبڕکێی نێوان دوو کەسە بۆ بردنەوەی ملیۆنێک دیناری عێراقی.

چەند ڕۆژێک بەر ئێستا یەکێک لە ئەڵقەکانی ئەو بەرنامەیەم بینی کە لە نێوان هەردوو هونەرمەندی بواری نواندن " نزار سەلامی "و بەهمەن حاجی "دا بوو، لە یەکێک لە پرسیارەکەندا خانمی پێشکەشکار ، کە ئەویش هونەرمەندی بواری نواندنە لە "نزار سەلامی "پرسی "هۆنیاری کورد "سوارە ئیلخانی زادە "لە کوێ "دەربەندی پەپوولە"ی نووسیوە ؟ "

بەڕاستی لەسەرەتادا کە پرسیارەکەم بینی وتم ڕەنگە ئەمە جۆرێک لەسەر لێشێوانی میوانەکان بێت یان فێڵی بەرنامەکە بێت و بزانێت ئایا میوانەکە درک بە و هەڵە زەقەی ناو پرسیارەکە دەکات یان نا ! بەڵام نەخێر گومانەکەی من لە جێی خۆیدا نەبوو بەڵکو کاکی ئامادەکار هەر زۆر بە جددی ئەو پرسیارەی دانابوو، " نزار سەلامی" ش دوای ئەوەی ناوی چەند وڵاتێکی ئەورووپی هێنا پاشان بە یارمەتی خاتوونی پێشکەشکار وتی لە "سوید "نوسیوێتی و خانمیش وتی ڕاستە..ئیتر من لەوێدا بەتەواویی تووشی شۆک بووم . بیهێنە پێش چاوی خۆت ئامادەکارو پێشکەشکاری بەرنامەکە و دوو هونەرمەندی میوان و تەنانەت وێنەگر و دەرهێنەرو مۆنتێر و هەمو ئەو کەسانەش کە لەو بەرنامەیەدا کار دەکەن نەزانن کە "دەربەندی پەپوولە " ئەگەر بەناوبانگترین دەقی شیعری "شێرکۆبێکەس" نەبێت ئەوە یەکێکە لە ناودارترین دەقەکانی نەک " شێرکۆ" بەڵکو ئەدەبی کوردیش. ئاخر خۆ بەرنامەکە ڕاستەوخۆ نییە هیچ نەبێت ڕۆژی دواتر دووبارەتان نەکردایەتەوە یان لە یوتوب داتاننەنایە بۆ ئەوەی مەزاجی کەسانێکی زیاتر نەشێوێنن.

بەڕاستی کارەساتە بێئاگایی بگاتە سنوورێک کە هونەرمەندێکی دیار بیت و نەزانیت "دەربەندی پەپوولە " شیعری "سوارە ئێلخانی زادە" نییەو هی "شێرکۆ بێکەسە".

من ناڵێم ئەو کەسەی هونەرمەند یان ئەدیب بوو ئیتر دەبێ ئاگای لە هەموو نووسین و دەقێکی بێت و خاوەنەکانیان بناسێت بەڵام بەڕاستیی شەرمە لە دەقێکی وا بەناوبانگ بێئاگا بیت ، کە ئەمە جگە لە دەست و پێ سپێتیی بەولاوە هیچی تر ناگەیەنێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×