باوبژە (غازات)ی ناوسك!
  2022-04-12       1084       

ئا: خالید رەزا

باکردن(باوبژە-غازات) بەردەوام بڕێک غازات لە مەعیدەو ڕیخۆڵەکانی هەر کەسێکدا هەیە. ئەم غازەش بەم ڕێگایانە دێتە ناو گەدەو ڕیخۆڵەکانەوەو دروست دەبێ:

 -قوتدانی هەوا

هەر جارێک کە شتێک قوت ئەدەین لەگەڵیا تۆزێک هەوا (1-3 مل) ئۆکسجین و نایترۆجین دەڕواتە ناو کۆئەندامی هەرسەوە.

-بەکتریای ناو ڕیخۆڵە ئەستورە

کۆی ئەو بەکتریایانەیە کە لەناو ریخۆڵەدان، ئەو خۆراکانەی کە لە ڕیخۆڵە باریکەدا هەرس نابن وهەڵنامژرێن، دێنە ناو ڕیخۆڵە ئەستورەوە، لەناو ڕیخۆڵە ئەستورەدا بەکتریاکان شییان ئەکەنەوە(تخمر)، بەهۆی ئەم کردارەوە غازی زۆر لە ڕیخۆڵە ئەستورەدا دروست دەبێ.

-سوڕی خوێن

بەشێکی زۆر کەم لە غازات لە ڕێی سوڕی خوێنەوە دێت، لە خوێنەوە ئەدرێت بە ڕیخۆڵەو لەڕیخۆڵەشەوە ئەدرێتەوە بە خوێن.

ئەو غازاتەی لەناو ڕیخۆڵەدایە بەگشتی بریتییە لە نایترۆجین، ئۆکسجین، دوەم ئۆکسیدی کاربۆن، هایدرۆجین و میثان. ئەمانە هەمویان غازی بێ بۆنن. بۆنی ناخۆشی غازات لەکاتی هاتنە دەرەوەیدا (با لێ بونەوە) پەیوەندی بە بونی ڕێژەی غازی بۆگەنەوە هەیە وەکو غازی کبریت، بۆنی (هێلکەی پیس) کە لەئەنجامی شکاندنی هەندێ پرۆتینی دیاریکراودا دروست دەبێ. پێکهاتەو بۆگەنی باوبژە (غازات) بەواتایەکی تر پەیوەندیان بە جۆری خواردن و بەکتریای ناو ڕیخۆڵەوە هەیە. هەمو کەس دەبێ ئەم باوبژەیە بەرەڵا بکات و ئەمەش شتێکی زۆر نۆرماڵە. بۆ ئەوەی غازاتی ناو ڕیخۆڵەکان نەهێڵی رۆژانە نزیکەی 10 جار بەرەڵای بکە بەم جۆرە هەست ئەکەی شتێکت لەکۆڵ بۆتەوە.

پزیشکی خێزانی هەندێک پرسیارت لێ دەکات دەربارەی کێشەکانت و جۆری خواردن بۆ ئەوەی هۆی پەیدابونی ئەو باوبژەیە بزانێ. هەروەها فەحسی لەش و سک و هەندێک جاریش پشکنینی ناوڕیخۆڵە لەڕێی کۆمەوە بە نازور پێویست دەبێ. ئەگەر غازات و باوبژە لەناو ڕیخۆڵەدا زۆر زۆر بو شتێکی هەراسانکەرە، بەتایبەت ئەگەر نەتوانی کۆنترۆڵی خۆت بکەیت. هەندێک جار هەست بەشەرم دەکەیت. پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان کەم دەبێتەوەو ناوێرێ لەگەڵ پزیشکی خێزانی باسی بکات.

-چۆن ئەم حاڵەتە ڕوئەدات؟

کێشەی بونی غازات ئەشێ بەهۆی ئەمانەوە بێ:

+قوتدانی هەوای زۆر. لەکاتی شلەژان و سترێسدا، جگەرە کێشان، خواردنەوە بە قامیش (قەسەب)، بنێشت جونی زۆر، یان کەسێک کە تاقمی لەدەمدا بێ باش جێگیرنەبوبێ (شل بێ بە پوکی) هەوای زیاتر قوت ئەدات. هەروەها کەسانێک بەپەلە قسە بکەن، خێرا بخۆنەوە، نان خێرا بخۆن و باش نەیجون. کرداری قوتدان بەبێ ئەوەی هەست بکەی هەوای زۆر دەچێتە ژورەوە. ئەمە لەوکەسانەشدا ڕوئەدات کە خێراخێرا هەناسە ئەدەن(هەناسە کورتی- هەناسەسواری) یان کیشەی سییەکانیان هەیە.

+خواردنی هەندێک خواردەمەنی دیاریکراو وەکو پاقلەمەنییەکان، پیاز، کاهو کەلەرم..، میوەو چپس و کۆلالایت. بۆنمونە هەندێک لە کاربۆهیدراتەکان و پاقلەمەنییەکان، میوەو سەوزە هەن بەتەواوی هەرس نابن و لە ڕیخۆڵە باریکەدا هەموی هەڵنامژرێ. ئەمانە بەبێ ئەوەی گۆڕانیان بەسەردا هاتبێت دێنە ناو ڕیخۆڵە ئەستورەوە، بەکتریاکانی ناو ڕیخۆڵە ئەستورە ئەیان شکێنن(ترشاندن ڕوئەدات). غازی زیادە پەیدا دەبێ. هەروەها مادەی (فرکتۆز- fructose) کە لەمیوە، شەربەتی میوەو (سۆربیتۆڵ- sorbitol) مادەشیرینەکان کە لە بنێشت و خواردنەوە غازییەکاندا هەن کەمتر هەرس دەبن و بەتەوای هەڵنامژرێن.

+بەکارهێنانی هەندێک دەرمان کە دەبێتە هۆی شلکردنەوەی پیسایی. کەپەک، خۆراکی ریشاڵداری ئامادەکراو و ڵاکتۆلوز(lactulose)، ئەتوانن غازاتی زۆر دروست بکەن.

+هەروەها هەندێ کێشەو حاڵەتی تر، وەکو قەبزی، هەستیاری لە مەعیدەو ڕیخۆڵەکاندا: واتە گەدەو ناوەوەی ڕیخۆڵەکان بەباشی ئیشی خۆیان ناکەن، بەتایبەت ڕیخۆڵە ئەستورە، زۆرجار ئەمە بۆماوەییە، نزیکەی 10٪ی هۆڵەندییەکان وان. لەحاڵەتی هەستیاری ڕیخۆڵەدا، ڕیخۆڵەکان یان کەم ئەجوڵێن یان زۆر ئەجوڵێن، ئەمەش دەبێتە هۆی ڕەوانی یان قەبزی. ٪60ی ئەو کەسانە هەستە دەمارەکانی ناو ڕیخۆڵەکانیان زۆرحەساس ترن. ئەم حاڵەتە زیاتر وا دەبینرێ کە کێشە لە پەیوەندی و فەرمانی نیوان کۆئەندامی هەرس و میشکدا هەیە، واتە یان ڕیخۆڵە فەرمانی هەڵە بە مێشک ئەدات، یان میشک فەرمانی هەڵە ئەدات بە ریخۆڵە، یان هی هەردوکیانن.

+پێ نەکەوتنی لاکتۆز. هەندێک خەڵک لاکتۆزیان پێ ناکەوێ، شەکری ناو شیر(لاکتۆز) ناشکێنرێ و لەڕیخۆڵە باریکەدا هەڵنامژرێ. شەکری ناوشیرەکە بەبێ ئەوەی هیج گۆڕانێکی بەسەردا هاتبێ دێتە ناو ڕیخۆڵە ئەستورەوە، لەوێ گۆڕانە ترشی بەسەردا دێت و دەبێتە هۆی دروستکردنی غازات.

+جۆرێکی تری نەخۆشی ڕیخۆڵە. هەروەها لە هەندێک نەخۆشی تری ڕیخۆڵەدا وەکو حەساسیەتی گەنم (coeliakie){لە هەندێک جۆری گەنمدا -  Gluten-  تیایە کە جۆرێکە لە پرۆتین- نەخۆشی سلیاک} هەندێک کەس حەساسیەتیان پێی هەیە،  نەخۆشی کرۆن و هەوکردنی ڕیخۆڵە ئەستورە (قۆڵۆن) ئەشێ ببنە هۆی دروستکردنی غازی زیاتر.

+خواردن و خواردنەوەی ئەو شتانەی کە غازی زۆری تیایە وەکو خواردنەوە غازییەکان، بیرە، کرێم (slagroom) ، کێکی قاوە، نان و ئۆملێت. بەخۆت نازانی لەکاتی خواردنی ئەمانەدا هەوای زۆر دەچێتە ژورەوە (ئەخۆیت).

-چارەسەری باوبژە (باکردن- غازات)

بونی باوبژەی زیادە زیانبەخش نییە. پیش ئەوەی مەترسی بێ هەراسانکەرە. زۆرجار پێویست بەسەردانی پزیشکی خێزانی ناکات. بەڵام تۆ هەندێک نیشانەی ترت هەیە وەکو سکچون لیمان یان خوێنی پێوەبێت، ڕەنگی پیساییەکەت گۆڕابێ، ئازاری ناوسکت هەبێ یان کێش(وەزن)ت کەمیکردبێ، لەم حاڵەتانەدا زۆر پێویستە سەردانی پزیشکی خێزانی بکەیت.

-ئازارو نیشانەکانی سک ئێشە

زۆربەی جار بەتەنها بونی غازاتی زیادە لەناو سکدا کێشە نییە. زۆرجار قرمەقرمی ناوسک، باکردن و پێچهاتن بە ڕیخۆڵەشی لەگەڵدایە. بۆئەوەی لەو غازاتە ڕزگارت ببێ ڕۆژانە 30 تا 40 جار بیکەرە دەرەوە(تڕ-تس لێدان)، ئازارەکە زیاتر ئەبێ ئەگەر هاتو ڕایبگری(سجنی بکەی).

دواتر چۆن ئەبێ؟

ئەگەر باکردنەکە بەهۆی نەخۆشی ترەوە بێ، دەبێ ئەو نەخۆشیانە چارەسەربکرێن. بۆئەوەی ڕێگە بگرین لە غازاتی زیاتر(باوبژە) پێڕەوکردنی ئەم ڕێنماییانە گرنگن. هەندێک جار ئەشێ پزیشک بتنێرێت بۆلای پسپۆڕی خواردەمەنی بۆ ئەوەی ڕێنوێنی تایبەتت بکات لە جۆری خواردنەکاندا.

-ئەتوانم چی بۆ خۆم بکەم؟

تیپ و ڕێنمایی

هەمو جارێک هۆی غازاتی زیاتر نازانرێ. بۆئەوەی بەرەنگاری ببینەوەو ڕێگری لە ڕودانی بکەین گرنگە تۆ:

+بە ڕێکوپێکی نانبخۆێت، هیچ ژەمێک مەپەڕێنە.

+ئەو خواردنانە کەمبکەرەوە کە ئەبنە هۆی غازاتی زیاتر وەکو:

*خواردنەوە غازییەکان، بیرە، پاقلەمەنییەکان، پیاز، کاهو، کەلەرم، میوە و چپس و کۆلالایت.

*واز لە بنێشت جون(خواردن) بهێنە.

*جگەرەكێشان تەرک بکە.

+بۆئەوەی توشی قەبزی نەبی هەوڵ بدە خواردنی تەندروست و ریشاڵداری هەمەجۆر بەکار بهێنی وەکو:

* لەکاتی قەبزیدا گرنگە خواردنی ڕیشاڵدار(ئەلیاف) بخۆیت، بەڵام لەکاتی زۆر خواردنیدا ئەشێ بەشێوەیەکی کاتی غازات زۆرترببێ، بۆیە گرنگە خواردنی ئەلیافدار بەرە بەرە بخۆیت. لە ڕۆژێکیشدا لانیکەم دو لیتر ئاو و شلە بخۆرەوە.

+ لەسەرخۆ خواردن بخۆ و باش بیجو

* کاتی پێویست بۆ خواردن تەرخان بکە (بەپەلە نان مەخۆ) و لەکاتی خواردن دا زۆر قسە مەکە.

سەرچاوە:

کۆمەڵەی گەدە، جگەرو ڕیخۆڵەی هۆڵەندی

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×