بولێڵە، گێڕانەوەیەکی جیاواز بۆ روداوو کەسایەتیەکان
  2022-04-16       2779       

ئا: ئاوێنە

 

عەلی حامید قادر، یەکێکە لەشیوعییە دیارەکانی شاری سلێمانی کە لەژێر ئەشکەنجەی زیندانەکانی بەعسدا هەردو چاوی لەدەستداوە، ساڵی رابردو یاداشتەکانی بڵاوکرایەوە، لەم یاداشتانەدا خوێندنەوەیەکی جیاواز بۆ زۆرێک لەڕوداوو کەسایەتییە سیاسیەکانی نیوەی دوەمی سەدەی بیستەمی کوردستان بەگشتی‌و سلیمانی‌و حیزبی شیوعی بەتایبەتی کراوە.

 

عەلی حامید قادر، کە ساڵی ١٩٣٣ لەگەڕەکی سەرگۆل لەسلێمانی هاتوەتە دونیاوە، لەهەڕەتی لاوییەوە لەپاڵ کاری کرێکاریی‌، تێکەڵ بەچالاکیی سیاسی بووەو چوەتە ڕیزەکانی حیزبی شیوعی عێراقەوەو ساڵانێکی دورودرێژ ئەندامێکی چالاک‌و بەئەمەکی ئەو حیزبە بوەو هەردو چاویشی لەپێناویدا داناوە.

عەلی حامید شەوی ٣٠ لەسەر ٣١ی مانگی ئایاری ساڵی ١٩٨٩ لەلایەن ئەمنی سلێمانییەوە بەتۆمەتی پەیوەندیی بەڕێکخستنە نهێنییەکانی شاری سلێمانیی حیزبی شیوعییەوە دەستگیر دەکرێت‌و لەپاش نزیکەی ساڵێک لەلێکۆڵینەوەو ئازاردان‌و ئەشکەنجەدان لەڕۆژی ٧ی مانگی ئایاری ساڵی ١٩٩٠ دراوەتە مەحکەمەی سەورەو بڕیاری زیندانیکردنی تا هەتایی بەسەردا سەپێنراوە. بەڵام لەڕۆژی ٢٨ی مانگی ١٢ی ساڵی١٩٩١ بەلێبووردنی گشتی لەزیندان ئازادکراوە.

عەلی حامید کە هەمو ژیانی کوێرەوەری‌و دەردەسەری‌و تاڵی بوە، لەکاتی ئەشکەنجەدان، لەگرتوخانەکانی ئەمنی سلێمانی‌و تکریت‌و بەغدا هەردوو چاوی لەدەستداوە، هەر بۆیە بەنابینایی یاخود کوێریی لەزیندان ئازاد بووە.

٢٧ ساڵی کۆتایی تەمەنی، واتە لەمانگی دوانزەی ساڵی ١٩٩١ تا مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠١٨ بەکوێریی‌و زۆربەی کات لەماڵەوە ژیاوە. ڕۆژی ٧ی مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠١٨ کۆچی دوایی کردووە.

لەپاش کۆچی دوایی، یادداشتەکانی بەناوی "بولێڵە" بڵاوکراوەتەوە، ، کە چەندین خاڵی سەرنجڕاکێش سەبارەت بەروداوو کەسایەتییەکان لەخۆدەگرێت.

 

کانی ماسی، کوشتارگەی شیوعییەکان

 عەلی حامید دەربارەی تاقمەکەی "کانی ماسی" دەڵێت "کانی ماسی، تەنها ناوێکی تری گوندی قەرەتۆغان نەبوو کە دێیەکە کەوتووەتە بەشی باشووری خۆرهەڵاتی شاری سلێمانی، بەڵکو هەم ناوی کوشتارگەو هەم ناوی تاقمێک شیوعیکوژ بوو کە لەدەهەی شەستی سەدەی پێشوودا دەیان کەسایەتی‌و ئەندامی بەرچاوو چالاکی حیزبی شیوعییان تیرۆرکرد. زۆرجار شیوعییەکان لەناو بازاڕ پەلامار دەدران‌و دەڕفێنران یاخود لەماڵەوەو لەناو ماڵ‌و منداڵ‌و کەسوکاریاندا هەڵدەکوترایە سەریان‌و بەرەو کانیی ماسی دەڕفێنران‌و لەوێ لەدوای ئەشکەنجەدانی زۆر دەکوژران. تەنها تاوانێکیشیان ئەوە بوو کە شیوعی بوون. ئەوەی کە جێی داخ بوو ئەوە بوو کە خەڵکێکی جوتیاری دەستبەتاڵ و بێکاری گوندەکەیش لەم کوشتن و بڕینەی شیوعییەکاندا بەشداربوون و تێوەگلابوون".

عەلی حامید باس لەوە دەکات کە پاش ئەوەی شیوعییەکان لەکانی ماسی دەکوژران، لاشەکانیان لە چەمی چاوڕەشە لە خوار کانیی ماسییەوە فڕێدەدراو کاتێک کەسوکاریان دەجون دەیانهێنانەوە، "سەگ‌و ئاژەڵی دڕندە بەشێك لەلاشەکانیانی خواردبوو".

ئەو دەڵێت "کانیی ماسی، نەك هەر لاپەڕەیەکی ڕەشی مێژووی سیاسیی شاری سلێمانییە، بەڵکو پەڵەیەکی شەرمیشە بەتەوێڵی کوردایەتییەکەی پارتی بەهەردوو باڵەکەیەوە. ئەو ڕۆژگارە شیوعییەکان بێبەزەییانە لەنێوان لەلایەك بەرداشی نەتەوەپەرستە عەرەبەکان، کە بەعس‌و ناسرییەکان‌و عەبدولسەلام عارف نوێنەرایەتییان ده‌کردن‌و لەلایەکی تر بەرداشی نەتەوەچییە کوردەکان کە پارتی‌و جەلالییەکان نمایندەییان ده‌کردن، پەستێورابوون، ئاشی ناحەزیی‌و دڵڕەشیی هەردوو بەرداش دڵڕەقانە دەیهاڕین. کەسوکاری ئەو شیوعییانەی کە لەو سەردەمەدا لەکردەی کانیی ماسیدا تیرۆرکران، نەك هەر پێویستە داوای لێبووردنیان لێبکرێت، بەڵکو پێویستە قەرەبوویش بکرێنەوە".

 

شیوعییەکانیش لە"تێهه‌ڵدانى خه‌ڵك"دا لێزان بون

عەلی حامید لەیاداشتەکانیدا دەڵێت "دەهەی حەفتا، کە نائیب عەبدوڵڵا لێپرسراوی سلێمانی حیزب بوو، جارێکیان نائیب بانگی کردم بۆ بارەگای حیزب کە لەگەڕەکی کانێسکان بوو، دوو بەدوو دوواندمی‌و وتی: سێ ناو هەن، بەڵکو بتوانیت بەهۆی ئەو هاوڕێیانەوە کە لای خۆتن لەڕێکخراوەکەت، دارکارییەکی باشی هەرسێکیانم بۆ بکەیت. ئەو سێ کەسە یەکێکیان لەفەرمانگەی ئاوی سلێمانی بوو، یەکێکیان مامۆستا بوو، ئەوی سێیەم چێشتخانەی هەبوو لەئەسحابەسپی. نائیب وتی: ئه‌وەی فەرمانگەی ئاو ڕۆژانە دەیان جوێنی ناشیرین بە بەهادین نوری ده‌ڵێ".

عەلی حامید باس لەوە دەکات کە پاش ئەوەی دووراو دوور خۆی تاقیبی هەرسێ کەسەکە دەکات‌و بەوردی بەدوای بنج‌و بنەوانیاندا دەچێت، ئەو دەڵێت "چارەک بۆ دوو پێکەوە لەگەڵ عوسمان عەلی وێڵەدەری چووین بۆ لای فەرمانگەی ئاو، کابرام بینی لەفەرمانگەکە دابەزی‌و بەرەو کانێسکان بەرەوخوار بووەوە، پاش ئەوەی چەند هەنگاوێک ڕۆیشت‌و گەیشتە کۆڵانەکەی بەردەم ماڵی شێخ لەتیفی شێخ مەحموودو لەوێوە لایداو لەشەقامەکەوە نەڕۆیشت، ئێمەیش بەکۆڵانەکەدا شوێنی کەوتین، کە زانیم کەس دیار نییە هەر لەدووریی چەند هەنگاوێکەوە بانگم لەکابرا کرد، هێشتا لەبانگەکەم نەبووبوومەوە عوسمان کابرای تەختی ئەرز کرد. کابرا دەستیکرد بەهاوارکردن. من کاتێک کە نائیب ناوی ئەم زەلامەی داپێم وتی: نەکەی پێیبڵێی لەسەر جوێندان بە بەهادین نوری تێتهەڵده‌دەین. کاتێک کە عوسمان کەوتە وێزەی کابراو دای بەئەرزدا، من چوومە بن سەری کابراو بەدەنگی بەرز پێموت: نەخەڵەتابێتی جارێکی تر جوێن بە بەهادین نوری بدەیت!".

دەشڵێت "دوو کەسەکەی تر، واتە مامۆستاکەو خاوەنی چێشتخانەکە لەئەسحابەسپی، بەهیچ کلۆجێک قەرەیان نەکەوتین. چونکە هەردووکیان بە بنەماڵە سەر بەحیزب بوون، یەکێکان خاڵی بنەماڵەیەک‌و ئەوی تریان خوشکەزای بنەماڵەیەکی سەر بەحیزب بوو. تێنەگەیشتم نائیب ویستی بەم کارە من تووشی گێچەڵ‌و سەرئێشە بکات یان چی؟!".

 

ئەو ڕۆژەی ئاسۆی دەلاك لەکۆڵانەکەماندا دەستگیر کرا

عەلی حامید سەبارەت بەدەستگیر کردنی ئاسۆی دەلاک دەڵێت "ڕۆژێکی مانگی هاوینی ساڵی١٩٧٩ بوو، ماوەیەکی زۆر نەبوو ئەحمەدی برام، کە لەلایەن ئەمنەوە دەستگیرکرابوو، ئازادکرابوو، بۆ ئەو ڕۆژە ماڵی ئەحمەدم بە خاوو خێزانەوە داوەتی ماڵی خۆمان کردبوو لەو خانووە حکومییەی کارگێڕیی خۆجێیەتیی کە لەگەڕەکی گۆیژە چەند ساڵێک بوو تێیدا نیشتەجێبووین. بانگهێشتمان کردبوون بۆ نانی نیوەڕۆ بێن بۆ ماڵی خۆمان. من کە ئەو ڕۆژە لەسەر کارو لەدەوام بووم لەکارگێڕیی خۆجێیی، دەوروبەری بەر لەنیوەڕۆ مۆڵەتم وەرگرت‌و لەفەرمانگە هاتمە دەرەوەو وردە وردە بەپێ‌و بەناو بازاڕدا بەرەو شەقامی سابوونکەران هەڵگەڕام‌و وەک هەندێك لەڕۆژانی تر بەو ڕاستە شەقامەی سابوونکەراندا ڕووەو ماڵەوە گەڕامەوە. ئەو ڕۆژە وەك ڕۆژەکانی تر ڕۆژێکی سادەو ئاسایی نەبوو، چونکە هەر کە لەگەڵ لەمبەر شەقامەکە بەرەو ئەوبەری شەقامەکە پەڕیمەوەو ئەو چەند هەنگاوەم هەڵنا کە دەمگەیەنێتە ناو کۆڵانەکەی خۆمان، هەم جموجوڵێکی نائاسایی‌و هەمیش کشوماتیی‌و بێدەنگییەکی نامۆو سەیرم هەست پێکرد کە لەڕۆژانی پێشتر دیمەن‌و دۆخی لەو جۆرەم هەست پێنەکردووەو نەبینیوە. خۆ ڕۆژانی تریش جموجوڵ‌و هاتوچۆ لەکۆڵانی ئێمە هەبووەو گەرم‌و گوڕیش بووە. ئەو ڕۆژە، کاتێک کە گەیشتمە کۆڵانەکە، لەبه‌رانبه‌رم‌و لەبەردەم دەرگای مەخزەنی کۆلاکە، واتە لەکۆڵانەکەی تری ڕووی پێشەوەو بەردەمی ماڵی خۆمان، لادایەکی ڕەنگ سپی ڕاوەستابوو چەند کەسێک بەجلوبەرگی مەدەنییەوە، بەڵام چەک بەدەست بوون‌و چەکەکان بەدەستیانەوە دەبینرا، بەدەورو خولی "مولازم موحسین-دا" دەهاتن‌و ده‌چوون‌و مقۆمقۆیان بوو لەوەدا بوون وەك بڵێی لەو شوێن‌و ناوچەو کۆڵانانەدا دابمەزرێن‌و خۆیان بنێنەوە بۆ شتێک یاخود بۆ کەسێک".

عەلی حامید کە لەپەنجەرەی ماڵەکەیانەوە چاودێری ئەم جموجۆڵەی کۆڵانەکەیان دەکات، دەڵێت "کاتێکمان زانی لەسەر گۆشەکەی تەنیشت مەخزەنەکەی عەبەی کۆلاوە، کوڕێکی گەنجی باریکەلە کە دەستێک جلوبەرگی کوردیی لەبەردابوو، لەگەڵ ژنێکی عەبا بەسەرو منداڵێکی بچکۆلانە کە تەمەنی هەر سێ چوار ساڵانێک دەبوو، دەرکەوتن‌و بەهەنگاوی بڕێک گورج‌و خێرا بەرەو خوارو بۆ ناو کۆڵانەکەی ئێمە سەرەوخوار بوونەوە. لەڕاستییدا ئێمە، هەم خاوو خێزان‌و هەم میوانەکانیشمان، کەسمان نەمانزانی کە ئەم کوڕە گەنج‌و ژن‌و منداڵە کە دێنە کۆڵانەکەوە، ئەو نێچیرەن کە مولازم موحسین خۆی بۆیان ناوەتەوە. ئەو کاتەی کە گەنجەکەو ژنەکەو منداڵەکە لەسەر گۆشەکەی سەرەوەی کۆڵانەکەمانەوە دەرکەوتن، منداڵەکە دەستی ڕاستی لەدەستی چەپی دایکیدا بوو، کوڕە گەنجەکەیش لەلای ڕاستی ژنەکەوە ڕێی ده‌کرد. هەمووی هەر ئەو چەند هەنگاوە بوو تا گەیشتنە بەر دەم مەخزەنی کۆلاکە. هەر لەگەڵ گەیشتنە ئاستی ئەو شوێنە کە ئۆتۆمبێلە لاداکە ڕاگیرابوو، کاتێکمان زانی بەجارێك شەش بۆ حەوت ئەمن بەهات‌و هاوارو هێرشبردنەوە پەلاماری کوڕە گەنجەکەیان دا، هەڵبەتە ئەمنە شەڕواڵ‌و کراس لەبەرەکەی کۆڵانەکەیشمان یەکێک بوو لەو ئەمنانە، بەڵام تا مولازم موحسین‌و ئەو چەند ئەمنەی ناو ئۆتۆمبێلە کراونەکە پەلامارو هەڵمەتیان نەبرد، ئەمنەکەی کۆڵانەکەی به‌رانبه‌ر پەنجەرەی هۆڵەکەی ئێمە نەجووڵا کە دیاربوو بۆ ئەوە لەو کۆڵانەدا خۆی نابووەوە نەبا گەنجەکە بەرەو ئەو کۆڵانە بۆ سەر شەقامە گشتییەکە لەدەستیان هەڵبێت".

دەشڵێت "بەم چەشنە لەنزیکەوە بینیمان چۆن ئەمنەکان بەرەو گەنجەکە هێرشیان بردو بەکلکە دەمانچەو مشتەکۆڵەو شەق تێیبەربوون‌و پەلیان بەست‌و خزاندیانە ناو لاداکەوە. پاش ئەوەی کە گەنجەکە دەستبەسەرکراو خرایە لاداکەوە، کە هەمووی چەند خولەکێکی کەمی خایاندو گەنجەکە نەیتوانی دەست بکاتەوە چونکە بەجارێک هەشت نۆ ئەمن میلی دەمانچەو کڵاشنیکۆفیان لێهێنایەوە، ئەفسەرەکە بەبێ ئەوەی بۆ خولەکێك چییە ژن‌و مناڵەکە مەحتەل بکات، هەردووکیانی ئیزندا بڕۆن، ئەوانیش بەپڕتاوو پەلەپڕوزێ‌و وەك ئەوەی کە پێی پەتییان بەسەر پشکۆوە بێت، بە بەردەم ماڵماندا بەرەو خوار بۆ پشت ئامادەیی سلێمانیی کچان تێیان تەقاند. هەروەها لەم کاتەدا کە ئەمنەکان گەنجەکەیان دەستبەسەرکردو چەند ئەمنێک لەهەردو دیوەوە لەگەڵ گەنجەکە چوونە ناو ئۆتۆمبێلەکەوە، ئەمنەکانی تر کە لەدەوری لاداکە کۆبووبوونەوەو پێشتر هەموو میلی دەمانچەو چەک‌و کڵاشنیکۆفەکانیان هێنابووەوە، دەستیان کرد بەهەلهەلەکێشان‌و دەستی بەدەمانچەیان‌و لوولەی چەکەکانیان کردە ئاسمان‌و تەقەیەکی زۆریان وەك دەربڕینی شادیی‌و خۆشیی بە سەرکەوتنی کارەکەیان تەقاند".

عەلی حامید دەپرسێت "ئەی باشە چۆن‌و بۆچی لەژن‌و مناڵەکەی نەپرسی‌و ئیزنیدان کە بڕۆن؟! تۆ بڵێی ئەو ژنە، کوڕە گەنجەکەی بەگرت نەدابێت؟! با، ئەو ژنە هێنایە ناو بۆسەکەوە، مەگەر بەچاوی خۆتان نەتانبینی چۆن هەقیان نەبوو بەسەر خۆی‌و مناڵەکەیەوەو تەنها هەر پەلاماری گەنجەکەیانداو بردیان؟! تا ئەو ڕۆژەو لەماوەی ئەزموونی سیاسیی نهێنیی خۆمدا ڕووداوی لەو جۆرەم نەبینیبوو. بەگرتدان‌و ڕادەستکردنێک بوو بەڕۆژی ڕووناک، یان وەك ده‌ڵێن بەنوێژی نیوەڕۆو بکەرەکەیشی یاخود بەگرتدەرەکەیشی ژنێک بوو. بەڵام ئاخۆ ئەو ژنە کێ بوو تا ئەو ڕادەیە لەئاسۆی دەلاکەوە نزیک بوو کە هاوڕێ‌و یاوەری بوو ئاسۆ ئەو هەموو متمانەیە متمانەی پێبوو بەپێی خۆی لەگەڵیدا هاتە بەردەم مولازم موحسین؟ چەند کاتژمێرێکی کەم لەدوای ئەم ڕووداوە، هەواڵ‌و دەنگ‌و باس لەگەڕەک‌و کۆڵان وەک تەشەنەبوونەوەی ئاگر بەناو پەڵاش‌و پاوان‌و پووشی کۆتایی وەرزی هاویندا، بڵاوبووەوە کە کەمێک لەمەوبەر مولازم موحسین لەبۆسەیەکدا لەنزیک سابوونکەران ئاسۆی دەلاکی دەستگیرکرد!".

 

نەسرین خان ئاسۆی دەلاکی ناسییەوە

عەلی حامید سەبارەت بەچۆنیەتی دەستگیرکردنی ئاسۆی دەلاک، دەڵێت "ساڵی١٩٩٣، لە ڕێگای خزمایەتیکردن‌و ژن‌و ژنخوازییەوە، تێکەڵ بەخێزانێکی لەبەری دایکەوە سەر بەبنەماڵەی بابانەکان بووین. خێزانی نەسرین شەوکەت عەزمی بەگ بابان، کە ژنی پیاوێک بوو لەکارگەی جگەرەی سلێمانی فەرمانبەر بوو، ناوی سەڵاح عەبدوڵڵا بوو ناسراو بوو بەسەڵاح سەموون. ڕاستییەکەی، لەپاش تێکەڵبوون‌و خزمایەتیکردن ئینجا بەچاکیی یەکتریمان ناسی. دەربارەی سەڵاح-ی مێردی نەسرین خان، لەلایەك ده‌وترا کاتی خۆی، واتە لەشەست‌و حەفتاکان، سەڵاح سەموون سەر بەپارتی بووەو لێپرسراوی دارایی پارتی بووە لەسلێمانی‌و لەلایەکی تر باس لەوە ده‌کرا کە لەدوای ئاشبەتاڵی ساڵی ١٩٧٥ وازی لەپارتی هێناوەو بووەتە بەعسی. جا ئەم سەڵاحە یەکێکە لەو کەسانە کە کاتی خۆی‌و لەمانگی شوباتی ساڵی ١٩٧٩دا ئاسۆی دەلاک لەکردەیەکی تایبەتدا لەبەردەم ماڵەکەی خۆیانداو بە تۆمەتی بەعسیبوون کوشتویەتی. نەسرین خان، پاش ئەوەی بووین بەخزم، سەبارەت بەباسی کوشتنی مێردەکەی جارێکیان بەزاری خۆی بەسەرهاتەکەی بۆ گێڕامەوەو وتی: کاتەکەی بەیانی بوو، لەو وەختەدا کە قوتابیان‌و فەرمانبەرو مامۆستایان ده‌چنە سەر ئیش‌و کارو قوتابخانە، لەگەڵ سەڵاح لەبەر دەرگای ماڵی خۆمان مناڵەکانمان بەڕێده‌کرد بۆ قوتابخانە، کاتێکم زانی کوڕێکی گەنج کە نەمزانی چۆن لەکۆڵانەکەماندا پەیدابوو لەکوێوە هات، لەبەردەم سەڵاح-دا قوت بووەوەو دەمانچەی دەرهێناو چەند فیشەکێکی نا بەسەڵاحەوەو بەخێرایی هەڵهات‌و لەچاو بزر بوو. نەسرین خان ده‌یوت ڕووداوەکە ئەوەندە کتوپڕ بوو، فریای هیچ نەکەوتین‌و سەڵاح لەشوێنی خۆی‌و دەسبەجێ گیانی لەدەستدا. بەڵام لەکاتی تەقەکردنەکەدا چونکە من لەسەڵاحەوە نزیکبووم سەرو سیمای گەنجەکەم زۆر بەچاکیی بینی بەڵام نەمزانی کێ بوو. لەدوای تێپەڕبوونی چەند مانگێک بەسەر ڕووداوی کوشتنی سەڵاح-دا، گێڕانەوەکە دیسان هینی نەسرین خانە: ڕۆژێکیان لەئەمنی سلێمانییەوە تەلەفونمان بۆ کرا. خۆم وەڵامی پەیوەندییە تەلەفونییەکەم دایەوە. قسەکەرەکە ئەمنێك بوو، لەپاش سڵاو وتی: من لەبەڕێوەبەرایەتیی ئەمنی سلێمانییەوە پەیوەندیی ده‌کەم، پێویستە کە هەر ئەمڕۆ بۆ هەندێک کاری پێویست سەردانمان بکەن بۆ ئەمنی سلێمانی. وتم: خێرە؟! وتی: کاتێك کە هاتیت ده‌زانیت بۆچی داواتان ده‌کەین. نەسرین خان ده‌یوت: لەلایەک حەزم نەده‌کرد بەدەنگ داواکەوە بچم و بڕۆم بۆ ئەمن، لەلایەکی تر هۆکاری بانگکردنەکە بوو بوو بەمەراقم. هەرچۆنێك بوو کارەکەم دوانەخست‌و لە کاتی خۆیدا سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی ئەمنم کرد. کاتێك کە چوومە ئەوێ بردیانمە لای بەڕێوەبەر، بەڕێوەبەر دوای ئەوەی کە بەخێری هێنام لەسەر کورسییەکەی لەشوێنی دانیشتنەکەی هەستاو وتی: بەئەرک نەبێت وەرە با پێکەوە تا ئەو ژوورە بچین. هەستام‌و لەگەڵی ڕۆیشتم، بەڕاڕەوێك‌و بە بەردەم چەند ژوورێکدا ڕەتبووین تا گەیشتینە بەردەم ژوورێك، بەڕێوەبەر خۆی کرد بەژوورەکەداو فەرمووی هاتنە ژوورەوەی لەمنیش کرد. کاتێك کە چوومە ژوورەوە ژمارەیەک ئەمن کە خۆیان لەشەش حەوت ئەمن ده‌دا، لەژوورەکەداو لەدەوروخولی کەسێک کۆبووبوونەوە کە لەسەر کورسییەك دانیشێنرابوو، هەردو قاچی بەقاچەکانی کورسییەکەو هەردو دەستیشی بەدەسکەکانی کورسییەکەوە بەسترابوو، ئەو جلوبەرگەی کە لەبەریدابوو هەمووی دڕابوو، سەرتاپای خوێن بوو. یەکێک لەو ئەمنانە کە لەژوورەکەدا بوون، مولازم موحسین بوو. تەنها لەوکاتەدا زانیم کە ئەمن منیان بۆ بینینی ئەم کەسە بانگکردووە کە لەسەر ئەو کورسییە دانیشێنراوەو پێوەی شەتەکدراوە، گەنجەکە. لەبەرئەوەی کە ئازارو ئەشکەنجەیەکی زۆر درابوو، نیوە ڕۆح یاخود نیوەهۆش کرابوو، ئاگای لەخۆی نەبوو، لەشەکەتیدا سەری خستبووە باوەشییەوە. لەم کاتەدا مولازم موحسین وتی: بۆ ئەوە بانگمانکردویت تاوەکو پێتبڵێین بەڕێزت ئەم زەلامە ده‌ناسیت؟ مولازم موحسین بەدەم قسەکردنەوە لەگەنجەکە نزیکبووەوەو چووە لاتەنیشتییەوەو چنگی کرد بەپرچی گەنجەکەداو سەری پێ بەرزکردەوەو ڕووخساری پێ نیشاندام و وتی ئا ئەم زەلامە ده‌ناسیت؟ کاتێك کە بەوردیی سەرنجی دەموچاوی گەنجەکەم دا، ئەگەرچی ڕووخساریشی لەئەنجامی لێدان‌و ئەشکەنجەدان زامدارو خوێناویی بوو بوو، بەڵام دەسبەجێ ناسیمەوەو وتم: بەڵێ ده‌یناسمەوە، ئەوە ئەو گەنجەیە کە ڕۆژی ٢٨ی مانگی دووی ساڵی١٩٧٩ لەبەردەرکی ماڵی خۆمان سەڵاحی مێردمی کوشت. مولازم موحسین وتی: ئەمە ناوی ئاسۆی دەلاک-ە، سەر بەئیتحادی وەتەنی عەمیلەو کاری کوشتن‌و تیرۆری خەڵکی بێگوناهی بۆ ئەو تێکدەرانە ده‌کرد لەناو شاردا، ماوەیەکی کەم لەمەوبەر لەکردەیەکی ئه‌منیی تایبەتدا لەناو شار دەستگیرمان کرد، خەمت نەبێت تۆڵەی مێردەکەی تۆو هینی هەموو ئەو بێتاوانانەیشی لێدەستێنین کە بە ناهەق کوشتونی".

 

زۆربەی شیوعییەکان دوای عەزیز حاج کەوتن

عەلی حامید دەڵێت "بەبڕوای من، گرنگترین ڕوداوی سیاسی لەساڵی١٩٦٧و لەعێراقدا، کەرتکردنەی حیزبی شیوعی عێراق بوو لەلایەن عەزیز حاج-ـەوە، کە ناوبراو بە ڕەچەڵەك کوردی فەیلی بوو لەناو حیزبدا ئەندامی مەکتەبی سیاسی بوو. ئەوکات باس لەوە دەکرا کە عەزیز حاج لەچیکۆسلۆفاکیاوە گەڕاوەتەوە بۆ عێراق بەنیازی ئەوەی دەست بەسەر حیزبدا بگرێت‌و خۆی ببێت بەسکرتێری حیزب. هەڵبەتە ئەو لەم نیازەیدا سەرکەوتوو نەبوو، بەڵام توانی یەکپارچەیی‌و یەکڕیزیی حیزبەکە تێکبدات‌و لەناو ببات. ئالەم کاتەیشدا ململانێی هاوڕێکان بۆ دەستگرتن بەسەر حیزبدا سەریهەڵدا، بەجۆرێك ئەو هاوڕێیانەی کە تا دوێنێ لەڕیزەکانی یەک حیزبدا کارو چالاکییان ده‌کرد، بەچەشنێك بوون بەدوژمنی یەکدی کە بەخوێنی سەری یەکدی تینوو بوون. چەندین هاوڕێی دوێنێ لەوانەی کە ئەو ڕۆژە لەگەڵ کەرتکارییەی عەزیز حاج-دا ڕۆیشتن، لەلایەن حیزبی دایکەوە بەجۆرێك بەفەرامۆشیی سپێرران کە تا ئەمڕۆیش نەك هەر ڕێزو ئیعتیباری پێویستیان بۆ نەگەڕێنراوەتەوە، بەڵکو لەکولەکەی تەڕیشدا باسیان ناکرێت‌و ناویان نابرێت. چەندین شیوعی هەڵکەوتووی وەکو ئەحمەد مەحمودی دەلاك‌و ساڵح عەسکەری، فایەق دەرەویانی، لەلایەن ڕژێمەوە بەدڕندانەترین شێوە لەژێر ئەشکەنجەدا تیرۆرکران. بەڵام تیرۆری شیوعیی دیاری وەکو جەلالی ڕابیعە-یش لەلایەن کەرتەکەی عەزیز حاجەوە، دیسان هەر جێی داخ‌و مایەی سەرزەنشت بوو".

دەشڵێت "دەربارەی کەرتکارییەکە هەر ئەوکات ئەوە بەئێمە وترا کە ئەم کەرتکارییە بەهاندان‌و پاڵپشتیی حەبیب محەمەد کەریم-ی سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان بووە بۆ عەزیز حاج. ئەوەندەی ئاگاداریشم تێکڕای ڕێکخراوەکانی حیزبی شیوعی لەو کاتەدا، تەنها چەند کەسێکی کەمی لێبترازێت، کە بەپەنجەی دەست دەژمێردران، هەموویان لەگەڵ کەرتەکەی عەزیز حاج ڕۆیشتن. ساڵح عەسکەری، بەر لە دەستگیرکردنی لەلایەن ڕژێمەوە، لێپرسراوی حیزب بوو لەسلێمانی، لەیەکەم دانیشتنی دوای کەرتکارییەکە، دەرکەوت کە پێنجسەد ئەندام‌و پاڵێوراو لەڕێکخراوەکانی حیزب لەسلێمانی لەگەڵ عەزیز حاج هاتوون، ئەوانەیان کە زۆر دیارو بەرچاو بوون، ئەم ناوانە بوون: حسێن عارف-ی پارێزەر، حەمە سدیق-ی پارێزەر، حەمە مستەفا-ی پارێزەر، شێخ عەلی نائیب زابت، فاروق مەلا مستەفا، عیزەت ڕەشید نەجیب، عەلی باراوی، شێخ حامید بەرزنجی لە کارگەی جگەرە، موسڵیح مستەفا جەلالی، عەلی کەریم (عەلی سوور، کە شۆفێری تایبەتی عەزیز حاج بوو)، شێخ سەعید بەرزنجی، عەلی حامید، مەلا عەزیز نەقاڕ، مامۆستا ئەحمەد میرزا، حەمەی نانەوا (حەمە فیشەك شڕ)، حەمەی مەکتەبە، ئیسماعیل حاجی سەعید حەڵواچی، سەعید ئەحمەد جافەرانی (سەعە سوور)، فایەق ئەمین دەرەویانی، تەها خەلیل، مامۆستا عومەر-ی برای ئیسماعیل. عەلەڕەش دەربەندیخانی، حەمەفەرەج کانیبی دەربەندیخانی، مستەفا چاوڕەش، ئەو ناوانە هەموویان سەرپەرشتیی ئەو ڕێکخراوەیان کرد کە لەحیزبی شیوعی جیابووەوە".

عەلی حامید باس لەوە دەکات کە هێندەی نەبرد لەیەکەم کۆبوونەوە یاخود یەکەم کۆنفرانسی ئەم دەستە جیابووەوە لەحیزبی شیوعی، زۆری نەبرد ئەمانیش دەبن بەدوو کەرتەوە. کەرتێکیان موسڵیح مستەفا جەلالی بوو بەخاوەنی، کەرتەکەی تریان شێخ عەلی نائیب زابت، کە یەکترییان بە بەکرێگیراوو پیاوی حکومەت تاوانبار ده‌کرد. ئەو دەڵێت "ئەوانەی کە لەگەڵ باڵەکەی موسڵیح مابووینەوە چەند کەسێکی سەرسەخت و قیرسچمە بووین، من لەبەرئەوەی کە برای ئەحمەد حامید بووم‌و ئەحمەدی برایشم هەر لەهەوەڵەوە لەگەڵ کەرتبوونەکەدا نەهات‌و لەحیزبی دایکدا مایەوە، هەموو هاوڕێکانم لەباڵەکەی موسڵیح لێم بەگومان بوون. ده‌یانوت عەلی حامید ژێر بەژێر لەگەڵ حیزبە سۆشیال دیموکراتەکەی بەهادین نورییە. هەڵبەتە ئەمە تۆمەتێک زیاتر نەبوو کە ده‌درایە پاڵم. بەڵام من چونکە ڕەخنەم لەحیزب ده‌گرت‌و توانج‌و تەشەرم لێده‌دا، بۆیە بەوە تۆمەتبار ده‌کرام".

 

شەڕە شەقی حەمەئەمین پێنجوێنی‌و شێخ عەلی

عەلی حامید لەگێڕانەوەی کۆبونەوەیەکی شیوعییەکانی سەر بە"قیادەی مەرکەزی"دا دەڵێت "لەکۆتایی ساڵانی شەست‌و لەکۆبوونەوەیەکدا لەماڵی حسێن عارفی پارێزەرو نوسەر، کە خانووەکەیان لەڕیزی ماڵی حەمەی ئەوڕەحمان ئاغا بوو لەوبەری ئۆرزدیباکەوەو ئەم کەسانە لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە بوون: حسێن عارف، شێخ عەلی کاژاویی نائیب زابت برای شێخ باقر، حەمەئەمین پێنجوێنی، فاروق مەلا مستەفا، مامۆستا ئەحمەد میرزا، مەلا عەزیز نەقاڕ، فایەق دەرەویانی، سەعەسوور جافەرانی، عەلی حامید. هەر لەسەرەتاوە کۆبوونەوەیەکی ئاسایی دەرنەدەکەوت، کتوپڕ لەنێوان شێخ عەلی‌و حەمەئەمین پێنجوێنیدا دەمەقاڵێ‌و قڕەقڕێك دروست بوو نەمزانی هۆکارەکەی چی بوو، کاتێکمان زانی شێخ عەلی‌و حەمەئەمین پێنجوێنی تێکبەربوون، شێخ عەلی حەمەئەمین پێنجوێنی دایە بەر مشتەکۆڵەو شەق‌و تەختی ئەرزی کرد، حەمەئەمین پێنجوێنییش کە کەوتبووە ژێرەوە، لەژێرەوە هەر لەقەی ده‌کێشا بەشێخ عەلیدا، برادەران هەر بەخێرایی کەوتینە لێککردنەوەو ناوبژیکردنیان، جا بەوەی باش بوو کەسیان زامدار نەبوون. ئیتر من لەداخاندا سەری خۆم هەڵگرت‌و ژوورەکەم جێهێشت‌و چوومە دەرەوە بۆ هەیوانەکە، لەوێ لەهەیوانەکە گوێم لێبوو خێزانەکەی حسێن عارف ده‌یبۆڵاندو ده‌یوت: بەزیای خێرم نەکرد، ده‌ڵێی تەویلەیە، ئەوە بۆچی وا بەربوونەتە گیانی یەکتری؟! ئێستایش نەمزانی ئەو کۆبوونەوەیەمان بۆ چی کرد؟! بەڵام من ئەو وازهێنانەی کە لەدوای ئەم کۆبوونەوەیە وازم لێهێنان، جارێکی تر نەچوومەوە بۆ لایان".

 

کەمال زەهاوی خۆی فرۆشت بە بەعس

عەلی حامید لەباسی کەمال زەهاویدا دەڵێت "سوهێل زەهاوی، کە بەکەمال زەهاوی-یش ناسراوە، بەڕەچەڵەك کوردی فەیلی خەڵکی خانەقینە، لەدەهەی حەفتای سەدەی پێشوودا لێپرسراوی ڕێکخراوی قوتابیانی حیزب بوو، بەتایبەتی قوتابیانی زانکۆ، نەخاسمە لەو ساڵانەدا کە حیزبی شیوعی کارو چالاکیی سیاسی بەئاشکرا ئەنجام دەدا سەروەختێک کە لەساڵی ١٩٧٣ تا ساڵی ١٩٧٩ لەگەڵ حیزبی بەعس لەبەرەی نیشتمانیی پێشکەوتنخوازدا بوو. دیاربوو کە کەمال زەهاوی هەر لەو سەردەمەوە خۆی فرۆشتبوو بە بەعس، چونکە وەک باس دەکرێت ئەو کاتەی کە لەدەهەی هەشتادا کەمال بەنهێنیی وەك لێپرسراوی ڕێکخراوە نهێنییەکانی حیزب لەسلێمانی کاری کردووە، چەندین جار لەگەڵ مولازم موحسین بینراوە. بەتایبەتی مەحموودی دەلاک کە ماڵیان لەشەقامی کاوە بوو لەخانوویەکدا نیشتەجێبوو کە نهۆمی ژێرەوەی گەراج بوو، بەزاری خۆی‌و زیاد لەجارێك بۆیگێڕاومەتەوە کە چەندین جار مولازم موحسینی بینیوە هاتووە بۆ لای کەمال زەهاوی‌و لەگەراجەکە یەکترییان بینیوەو پێکەوە قسەیان کردووە".

دەشڵێت "من ڕاستیی ئەو پەیوەندییەی کەمالم بەڕژێمەوە ئەو کاتە زیاتر بۆ دەرکەوت کە لەدوای پڕۆسەی داگیرکردنی عێراق لە٢٠٠٣دا کاتێك کە لەگرتنی ئەمنی بەغدا فایلەکەی دەکەوێتە دەست حیزب، هەندێك لەبەرپرسانی حیزب لەبری ئەوەی کەمال دەستگیربکەن‌و لێیبپرسنەوەو لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکەن‌و سزای بدەن، فریای ده‌کەون‌و داوای لێدەکەن کوردستان جێبهێڵێت‌و بڕوات بۆ هەندەران، هەڵبەتە مەبەستم لەو هەندە بەرپرسە، سوبحی مەهدی بەرپرسی ئەوکاتی محەلیی سلێمانی‌و کەمال شاکیر سکرتێری حیزب‌و حەیدەر فەیلی ئەندامی مەکتەبی سیاسی‌و ئاوەڵزاوای کەمال زەهاوییە. لەپاش ئازادبوونم لە زیندان، چەندین جار بەداوا داوام لەحیزب کرد دانیشتنێکمان بۆ ساز بکەن تێیدا من‌و کەمال زەهاوی ڕووبەڕووی یەکدی بکەنەوە، تاکو بۆیان بسەلمێنم کە لەگەڵ فاروقی کوڕی حەمە عەلی عازەبانیی عەریفی پۆلیسدا کەمال زەهاوییش دەست‌و دەوری هەیە لەبەگرتدانمدا، بەڵام حیزب چونکە دەستڕۆیشتووانیان بەرژەوەندییان نەبوو لەئاشکرابوونی کەمال زەهاویدا لەترسی ئەوەی نەبا خۆیشیان ئاشکراببن، داواکەمیان بەفەرامۆشیی سپارد. من پێموایە وەك چۆن لە١٩٦٧دا عەزیز حاج کە کوردی فەیلی بوو، ڕۆڵێکی خراپی گێڕا لەکەرتکردن‌و زەلیل‌و لاوازکردنی حیزبی شیوعیدا بۆ حیزبی بەعس‌و لەدواییشدا تۆببەی کردو چووە باوەشی بەعس، بەرپرسانی لەنمونەی کەمال شاکیرو حەیدەر فەیلی‌و کەمال زەهاوی، ڕۆڵیان کەمتر نەبوو لەلاوازکردنی حیزبی شیوعی کوردستاندا. بەڵێ کەمال زەهاوی پیاوی مولازم موحسین بوو ڕۆڵی هەبوو لەبەگرتدانی مندا کە سەرەنجام لەژێر ئازارو ئێشی ئەشکەنجەدانی گرتووخانەکانی ئەمندا هەردو چاوم لەدەستداو دەبێت تا بەیەکجاریی سەردەنێمەوە بەنابینایی ژیان بەسەرببەم. بابەتێکی دیکە کە ڕۆڵی کەمال زەهاوی لەبەگرتدانی مندا دەرده‌خات، کوشتنی عومەری برای فاروق، ناسراو بەئازادە، لەدوای کۆڕەوەکەو لەلایەن دەستڕۆیشتووانی ئەوکاتی حیزبەوە، هەم بۆ شوێنبزرکردنی ڕۆڵی کەمال زەهاوی لەناپاکیی بەگرتدانی هاوڕێکەیداو هەم بۆئەوەی کۆی ئۆباڵی تاوانی ناپاکییەکە بخەنە ئەستۆی عومەرو لەڕێگای لەناوبردنییەوە بەیەکجاریی سەری باسی دۆزەکە بنێنەوەو دۆسێی ناپاکییەکە دابخەن".

 

"ئەبو سەرباز" کە لەناو شار خۆی شاردبووەوە

عەلی حامید دەڵێت "ساڵی ١٩٧٩ ساڵ‌و سەردەمی کۆتاییهاتنی مانگی هەنگوینیی بەعس‌و شیوعی یاخود بەرە سیاسییە تەمەن کورتەکەی نێوانیان بوو. هەر لەساڵی پێشترەوە، واتە ساڵی ١٩٧٨، پەیوەندییەکانی حیزب لەگەڵ بەعس پەیتاپەیتا دەستی بەپچڕان کردو بەعس بەبیانووی جۆراوجۆر کەوتبووە ڕاوەدوونان‌و دەستگیرکردن‌و ڕفاندن‌و تەنانەت تیرۆری شیوعییەکان لەسەرتاسەری عێراقدا. هەربۆیە حیزبی شیوعی بەنیازی خۆپاراستن کەوتە خۆی‌و دەستیکرد بەخۆکۆکردنەوەو دەربازکردنی ئەندامەکانی بەرەو دێهاتەکان‌و ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان‌و ئەو ئەندامانەیشی کە حیزب بەهۆی ئەو ڕێوشوێنە خێرایانەی دەستگیرکردن‌و ڕاوەدوونانەوە کە بەعس گرتنییەبەر فریانەکەوت لەشار بەرەو شاخ دەربازیان بکات، هەر لەشارو لەماڵی هەندێك لەخێزانە شیوعییەکان یاخود ماڵی دۆست‌و هەوادارو لایەنگرانی جێباوەڕو جێمتمانەی حیزبدا حەشاریدان‌و شاردنییەوە. یەکێك لەو لێپرسراوانەی حیزب کە حیزب لەکاتێکی دواترو درەنگتردا لەشار دەربازیکرد، مەلا ئەحمەدی بانیخێڵانی ناسراو بە"ئەبو سەرباز" بوو. ئەبو سەرباز لەسەر داوای حیزب‌و بەمەبەستی پاراستنی لەکەوتنە دەست ئەمنی سلێمانی‌و مولازم موحسین، لەماڵی (ع.ق) کە خێزانێکی شیوعیی خەڵکی سلێمانی بوون شاردرایەوە. ماوەی چەند لەوێ موختەفی بوو، ئەوەیان زانیارییەکە کە من نیمەو نایزانم. بەڵام ئەو ماوەیە کە ناوبراو لەوێ خۆی حەشاردابوو، وەك ئەندامێکی ئەو خێزانەو بگرە زیاتریش ڕێزی لێگیرابوو خزمەتکرابوو ڕەچاوی بارودۆخی کرابوو. بەڵام ڕۆژێکیان پیاوی خاوەنماڵ، کە لەدەرەوەو لەسەر ئیش ده‌بێت‌و لە ماڵ نابێت، ده‌گەڕێتەوە بۆ ماڵەوە، بەسەر گریان‌و شەپۆرو شینی خێزانەکەیدا. هەر بۆیە پیاوەکە ده‌کەوێتە دۆخێك لەترس‌و لەرزو دڵەڕاوکێوە کە ئاخۆ ده‌بێت چی ڕوویدابێت! کاتێك کە پرسیار لەژنەکەی ده‌کات چی قەوماوەو بۆچی وا ده‌کەیت؟ ژنەکەی پێیده‌ڵێت: ئەم کابرایە چییە کە تۆ هێناوتە لەماڵەکەی مندا حەشارتداوە؟! ئەمڕۆ کاتێك کە تۆ لەماڵ نەبوویت، پەلاماریدام‌و ویستی دەستدرێژیم بکاتە سەر! لەم کاتەدا کابرای خاوەن ماڵ ڕەنگی سپی ده‌بێت‌و سەری بەگێژدا دێت‌و بەجۆرێك توڕەو شێتگیر دەبێت دەسبەجێ ده‌چێت پەلاماری ئەبو سەرباز ده‌دات‌و تا ده‌توانێت تێیهەڵده‌دات‌و بەدەم تێهەڵدانیشییەوە هەڕەشەی لێده‌کات‌و پێیده‌ڵێت: بێناموسی خوێڕیی داوێنپیس، ئەگەر ئێستا ڕادەستی ئەمنی سلێمانی‌و مولازم موحسینت بکەم، کێ پێمده‌ڵێ ناهەقییت کرد! ئەگەر ئەوە لەداهاتوودا بەناپاکیکردن لەگەڵ حیزب‌و بوون بەپیاوی ئەمن‌و ڕژێم لەسەرم نەده‌کرا بەماڵ، هەر ئێستا بەو دەستانەی خۆم ده‌مدایت بەدەست مولازم موحسینەوە. لەپاش ئەوە کابرای خاوەنماڵ کە بەهۆی بوونی ئەبو سەرباز لەماڵەکەیدا پەیوەندیی لەگەڵ حیزب لەشاخ هەیە، پەیوەندیی بەحیزبەوە ده‌کات‌و داوایان لێده‌کات کە هەرچی زووە ئەم ناکەسی ناپاکە لەماڵەکەی دووربخەنەوەو بیبەنە دەرەوە، ئەگەرنا خۆی بەدەستی خۆی ڕادەستی مولازم موحسینی ده‌کات، چونکە ناپاکییەکی لەو جۆرەی لەدەست وەشاوەتەوە. بەمجۆرە لەدوای ماوەیەك حیزب ئەبو سەرباز لەو ماڵە دەردەکەن‌و ده‌یگەیەننە شاخ'.

دەشڵێت "ئەو خاوەنماڵە کە ئەم ڕووداوە ناخۆشەی بەسەردا هاتووە، خۆی بە دەمی خۆی ڕووداوەکەی بۆ گێڕامەوە".

 

بێدەنگیی عەزیز محەمەد بەرامبەر بەتیرۆر کردنی عەلی بۆسکانی

عەلی حامید سەبارەت بەتیرۆر کردنی عەلی بۆسکانی دەڵێت "لەدوای ڕاپەڕینەوە تا ئەو ڕۆژەی مانگی ئەیلولی ساڵی ١٩٩٣ کە تیرۆرکرا، هەر جارێك عەزیز محەمەدى سکرتێری حیزبی شیوعی، بەسەردان بهاتایە بۆ سلێمانی، شەو لەمقەڕ نەدەمایەوە، بەڵکو ده‌چوو لەماڵی عەلی بۆسکانی ڕۆژی ده‌کردەوە. بڕواننە ڕادەی دڵنیایی حیزب‌و سکرتێرەکەی لەعەلی بۆسکانی! منیش، لەپاش تیرۆرکردنەکەی، بەسەرانی حیزبم وت: ئەگەر عەلی بۆسکانی پیاوێکی خراپ بوو، عەزیز محەمەد بۆچی ده‌چوو شەو لەماڵیان دەمایەوە؟ ئەگەر پیاوێکی باشیش بوو، بۆچی حیزب ڕێگریی نەکرد لەتیرۆرکردنی؟! بەڵام کەس نەبوو وەڵامێکی ئەم پرسیارەم بداتەوە".

 

بەحەوت شیوعی کەڵەشێرێکیان پێناگیرێ!

عەلی حامید لەکۆتایی ئەم یاداشتانەدا دەڵێت "زۆرجار کە ده‌چووم بۆ بازاڕ ده‌چووم بۆ مەیدانی ماستفرۆشان بۆ لای کوڕێکی پورزام کە لەوێ دووکانی هەبوو، قەفەزی کەڵەشێرو مریشکی دانابوو خەریکی مریشک‌و کەڵەشێر فرۆشتن بوو. جا من کە لای داده‌نیشتم باسی سیاسەت‌و حیزبی شیوعیم بۆ ده‌کرد، ڕۆژێک کاک ساڵحی پورزام پێیوتم: تۆ باسی چی ده‌کەیت عەلی؟! وەرە با من‌و تۆ گرەو بکەین. وتم: لەسەر چی؟ وتی: بڕۆ حەوت شیوعی بهێنە، من کەڵەشێرێک لەناو ئەو قەفەزەدا بەرده‌دەم، ئەگەر بەهەر حەوتیان کەڵەشێرەکەیان بۆ گیرا، با بیبەن بۆ خۆیان!".

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×