پاکانە لە دوو دیمەندا
  2022-05-21       1575       

شیعر: مظفر النواب

وەرگێڕانی: دڵشاد مەریوانی

 

ئەم هەفتەیە، ٢٠ مەی/مایس ٢٠٢٢، شاعیری عێراقی مظفر النواب لە تەمەنی ٨٨ ساڵیدا، لە نەخۆشخانەیەکی شارقە، دواکۆچی کرد. شاعیری بە باوەڕ کۆمۆنیست زۆربەی ژیانی لە دەری وڵات بەسەربرد.

النواب چیرۆکی ژیانی هەموو نوسەر، ڕۆشنبیر و زانایەکی عێراقی - کورد و عەرەب - دەگێڕێتەوە. لە عێراق ژیانی لە زینداندا بەسەردەبات و لە ترسی کوشتن و ئەشکەنجە هەڵدێ؛ باقی ژیانی بە ئاوارەیی وڵاتان بەسەر دەبات؛ لە نەخۆشخانەی بێگانە لە شارقە دەمرێ و لە عێراق دەنێژرێ. عێراق پێدەچێ خاکی زیندان، ئەشکەنجە و گۆڕ بێ.

دڵشاد مەریوانی چەند شیعرێکی درێژی النواب-ی لە نێوەندی هەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی. ڕەنگە مەریوانی تاکە شاعیرێکی کورد بووبێ بایەخی بە شیعری عەرەبی عێراقی دابێ و خۆشی بە عەرەبی شیعری نووسیبێی.

مەریوانی "پاکانە لە دوو دیمەندا"ی لەنێوەندی هەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا وەرگێڕاوە.

هەرچەندە بە کوردی "پاکانە" ناسراوە، بەڵام سەردێڕی تەواوی شیعرەکە "پاکانە لە دوو دیمەندا"یە. لە کوردیدا شیعرەکە تەماوی کراوە و بەستراوە بە خەباتی چەکی کوردەوە. النواب شیعرەکەی لە ١٩٦٤دا نووسیوە، کە پێدەچێ خۆشی ئەودەم زیندان کرابێ.

هەتا ئەمڕۆش کولتوورێکی سیاسیە، زیندانێکی سیاسی زۆری لێ دەکرێ پاکانە پر بکاتەوە بەوەی کە گەواهیەك بە نووسین یان بە زار بدات؛ تێدا دەستبەرداری بیر و بۆچوونی سیاسی و ئەو گروپە سیاسیەش بێ کە لەسەری زیندان کراوە. ئەم گەواهیە پێشتر لە ڕۆژنامەی دەسەڵاتدا بڵاودەکرایەوە. ئیستا لە میدیای حزبیدا بڵاودەکرێتەوە. خۆ ڕەنگە باشترین نمونە "وەمزانی ڕادیۆیە" بێ، کە لاوێكی ڕەخنەگر لەلایەن ئاسایشی حزبەوە بەزۆر پاکانەی پێ پڕکرایەوە. ئێستا "وەمزانی ڕادیۆیە" دەستەواژەیەکی کورتی زمانە بۆ ڕاگەیاندنی پاکانە پڕکردنەوە.

شیعرەکە لە دوو دیمەندایە، بۆیە ناونراوە "پاکانە لە دوو دیمەندا". لە دیمەنی یەکەمدا دایکێك ڕێنومایی کورە زیندانکراوەکەی دەکات پاکانە پڕ نەکاتەوە. هەرچی دیمەنی دووەمە، خوشکی زیندانکراوێك سەرزەنشتی براکەی دەکات کە پاکانەی پڕ کردووەتەوە.

-

قسەی دایك:

-

ڕۆڵە گیان، ڕۆڵەی زیندان.. گەرچی کوێرم

بەڵام بە چاوی دڵمەوە بۆ لات هاتووم

مەگەر نازانی ڕێی زیندان بەچاوی دڵ بەدی دەکرێ

هەناو و بەندی جگەرم خۆ بیرت دێ

کە منداڵ بوویت، دەمکردیتە قەڵادۆشکان

دەستە نەرمونۆڵەکانت لەسەر عەبا شڕەکەوە

لە سەر و پرچم دەئاڵان

ئێستاکەش هەر ئەو پرچانەن بەڵام سپین

هۆن هۆن هەمووم هۆنینەوە

بۆ ڕەوابوونی تۆ بۆ ژین

چاوەکانت شەربەتی زیندەگانیم بوو

گڕوگاڵت بەزمی شایی لۆغانیم بوو

سپێنەی ئەو دوو چاوانەت شیری مەمکی داماویمە

ڕەشێنەیان شەونخونی شەوانی کولەمەرگیمە

تا چاوە بچکۆلەکانتم کرد بە دوو گڵۆپی ڕووناك

گڕوگاڵتم کرد بە قسەی جەماوەری خاوێن و پاك

تا ڕام هێنای لەگەڵ دەریای بێداری ژیان

بووی بە شێرێك لە مەرگ نەترسی بۆ ژیان

مەبەستت هێند فراوان بێ ڕزگاری بێ بۆ گشت گەلان

***

ئێستا کوڕەکەتم لایە

شەوان بە دەم لایلایەوە دەڵێم، لایە

کۆرپەم لایە، لایە، لایە

سەرفرازیم لە خۆگرتنی باوکتایە

ڕزگاریمان لە خەباتی هاوڕێیانی بابەدایە

جەرگی جەرگەکەم لایلایە

خەفەت مەخۆ، حزب لانکی منداڵێکە کە بێ لانکە

حزب باوکی منداڵێکە کە بێ باوکە

ئەو پشتێنەی هەڵواسراوە

بەخەتی ورد لێی نووسراوە

هی باوکتە، کە گەورە بووی لە پشتی کە

کارەکانی ئەو تەواو کە

لەسەر پەراسووت بیبەستە و بیپارێزە

ئەوە پەساپۆرتی ڕێگەی سەر بڵندی و مەردی و ڕێزە

ڕۆڵە ئەمانەت پێ دەڵێم

تا، کە مردم بە ئیسراحەت چاو لێك بنێم

***

ڕۆڵەی شیرین، هەناسەکەم

خەمی کۆرپەت مەخۆ «لایەی» وای بۆ دەکەم

کوڕم، زامداری نەنووستوو

لە زیندانا ئازاریان دای؟

سنگت بێنە، زامەکانت لە سنگی کفتم هەڵبسووم

تا، وەك گوڵاڵە بۆنیان کەم

بڵێم ئۆخەی، شوکر ڕەنجم بەبا نەچوو

باوانەکەم تۆی کۆڵەکەی خانووی هیوام

تۆی بەهاری تەمەنی خەزانی تەنیام

کوڕم نائومێدم نەکەی

ڕەنجی ژینی کوللەمەرگیم بەبا نەدەی

ڕۆڵە نەکەی ورە بەردەی

ڕۆڵە نەکەی بە مەرهەمی خۆفرۆشی

زامەکانت ساڕێژ بکەی

زامدارێك خاوەن ورە بێ زامەکانی دژی مەرگ

وەك ڕەشەبا، وەك برووسکە

وەك گەردەلوول دەگرمێنن

مەرهەمەکان ڕەفز دەکەن

سارغییەکان ڕەت دەکەنەوە و نەفرەت دەکەن

مەرهەم و سارغییان تەنیا ئاگر و ئاڵای شۆڕشە

هەڵمەتی سەخت و هێرشە

باوانەکەم، برینەکانت ئەوانە مەرهەمیانە

نەك پاکانە

چونکە دەڵێن:

بە بیانووی نان پەیداکردن

بۆ برسێتی ژیانی من

پاکانە پڕ دەکەیتەوە

وا هاتمە لات لە خۆمی ببیستە ڕۆڵە

شیرم بە تووتك حەڵاڵ بێ

نەك ئەو کوڕەی پاکانەی لە خەیاڵ بێ

کوڕم من حەز دەکەم گەڕ بم لە چڵکانا

ڕۆڵە من حەز دەکەم بمرم لە برسانا

ڕۆڵە من حەز دەکەم چاوەکانم کرمەڕێز بن لە زیندانا

بەڵام کوڕەکەم بەر نەبێ بە پاکانە

ڕۆڵە ئەوەی پاکانە پڕ دەکاتەوە

دووبارە کۆست دەخاتەوە

شەهیدەکان لە نوێ شەهید دەکاتەوە

ناوی پاکانە نەهێنی

سەرباری ئەم زەبوونییەم نەکەی شەرەفم بشکێنی

ڕۆڵە نەکەی ڕێگەی خۆت و هاوڕێکانت بیر چێتەوە

بمگووشە توند بە خۆتەوە

تەماشای پرچەکانم کە هەموو سپین

هۆن هۆن هەمووم هۆنیوە بۆ ڕەوابوونی تۆ بۆ ژین

بڵێ دایە سوێند بێ بەو پرچە سپییانەت

دڵۆپ دڵۆپ سوێند بێ بە شیری حەڵاڵی ئەو مەمکانەت

تۆ دایکمی سەری دایکێك نانەوێنم

بە شیری گۆشی کردبم

بینای حزبێك ناڕووخێنم

بە خوێنم گۆشم کردبێ

***

قسەی خوشك:

.

کاکە گەرمی و ساردی هەموو زیندانەکانم چەشتووە

هاتوومە لات، جنێو و تف و نەفرەتی

یاساوڵم بە داوێنم هەڵگرتووە

نزا و نزام ڕژانۆتە ژێر پۆستاڵی ژەندرمەوە

شیشی ژەنگاوی زیندانم بە زمانم لستۆتەوە

کەچی ئەنجام لە سووچی ڕۆژنامەیەکدا بە

پاکانە پڕکردنەوە

پاداشتەکەم دەدەیتەوە

ئەو خەڵکەش بیخوێننەوە

هەتا ماوین قێز و بێزمان لێ بکەنەوە

بەبنی پێڵاوی نەفرەت شەرەفمان بپلیشێننەوە

ئاوا پاداشتی ئازار و شەونخوونی

من و دایکم دەدەیتەوە

چۆن لە ڕووم دێ بچمە لای ئەو

خوشکانەی کە چاوەڕوانن

تۆڵەی جەرگی سووتاویان بۆ بسێنی

وا هاتمە لات، لە خۆمی ببیستە کاکە

من حەز دەکەم ڕووم ڕەش کەیت و پرچەکانم بقرتێنی

بەڵام هەرگیز ناوی پاکانە نەهێنی

کاکە چی بکەین، بیر بکەوە کاکە چی بکەین

مەگەر زەوی قووتمان بدا

مەگەر ئاسمان هەڵمانکێشێ

ئەگینا چۆن لە ڕوومان بێ

دوای پاکانە، ڕوو نیشانی خەڵکی بدەین؟

لە ئاستی ژنی گەڕەکدا سەرهەڵبڕین؟

چۆن باست کەین؟

چۆن لایلایە بۆ تاقانەکەی خۆت بکەین

کە تۆ هەموو گیانت پیسی بێ، سەرشۆڕی بێ

کاکە گەر ئەوە نیازتە بۆ لای ئێمە نەیەیتەوە

سیکتر، سیکتر!

پاکانەی ناو ڕۆژنامەکە و خۆشت.. سیکتر

ئێمە پیاوێکمان بۆ چیە کە پارچەیە

پیاوەتی پێشێلکراوی جەریدەیە

هەر بە ڕۆژنامەکەی لای خۆت

بێ ئابڕوویی و سەرشۆڕی خۆت بپێچەوە

هەتا تۆ هەی لە زەلکاودا بتلێرەوە

بەڵام هەرگیز بۆ لای ئێمە مەیەرەوە

چۆن پاکانە لە گەل دەکەی

ئێمەش هەروا پاکانە لە ناوت دەکەین

دەڵێین ئەی گەل: ئەم سەرشۆڕە چاوان پڕ لە زەلیلییە

کوڕمان نییە، کاکمان نییە کەسمان نییە.

...

دڵشاد مەریوانی، پەلکەزێڕینەش نامۆ مەکەن

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×