بەرپرسێکی حکومەتی هەرێم رونكردنەوە لەبارەی کێشەیەکی لەگەڵ خوشکەکەی و زاواکەی دەدات
  2022-05-25       1694       

دابان شەدەڵە، جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم لەبارەی كێشەیەكی لەگەڵ خوشكەكەی و زاواكەی رایگەیاند زاواكەی لەسەر بردنی پارەیەكی زۆر كۆمپانیایەك بەغیابی حوكمدراوەو دەشڵێت: باخانی خوشکم کراوەتە قوربانی ئەم کێشەیەو لەژێر فشاردا هەوڵی ناشرینکردنی بەندەو خانەوادەکەمانی پێ دەدرێت.

ئاوێنە: دابان شەدەڵە، كە هاوكات ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەمڕۆ(چوارشەممە) لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاند"ماوەی حەوت ساڵە کێشەیەکمان هەیە لەگەڵ زاوایەکمان بەناوی (میران سیروان) هاوسەری باخانی خوشکمە، ناوبراو لەسەر سیقەی خانەوادەکەمان کاری کردوە بۆ کۆمپانیایەک و پاشان بڕێک پارەی زۆری ئەوکۆمپانیاییە دەبات و هەڵدێت بەرەو وڵاتی کەنەدا."

ئەوەشی وتوە"بەهۆی ئەم کارە نادروستەی لەدادگا داوای لەسەر تۆمارکراو و ئەم دۆسیەیە لە لایەن ئەو کۆمپانیاوە بە دادگا سپێردراوە و میران لەسەری حکوم دراوە بە غیاب."

دابان شەدەڵە ئەوەشی خستۆتەڕو"هەرچەندە هەوڵی چارەسەری دۆسیەکەشمان دا بەڵام بەداخەوە (میران سیروان) بۆ پەردەپۆش کردنی ئەو ئابڕوچونەی لە ژێرفشاردا باخانی خوشکمی کردۆتە تەرەفی ئەم کێشەو بوەتە قوربانی دەستی هاوسەرەکەی."

ئەو بەرپرسەی حكومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەشداوە كە "ئەم کێشە حەوت ساڵە لەدادگایە و میران نایەتەوە تا لەبەردەم دادگا ئەستۆ پاکی خۆی بکات."

ئاماژەی بەوەشداوە كە "باخانی خوشکم کراوەتە قوربانی ئەم کێشەیەو لە ژێر فشاردا هەوڵی ناشرینکردنی بەندە و خانەوادەکەمانی پێ دەدرێت."

هەروەها وتوشیەتی"من نیاز پاکی خۆم دەخەمەڕو ئامادەیم تێدایە هەوڵی میانگیری و چارەسەری ئەم کێشە بدەم بەمەرجێ هەردولا بگەنە ڕێکەوتن بۆ کۆتاییهێنان بەم کێشەیان."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×