عەزیز گەردی، ئەو ناوەی هەمیشە دەمێنێتەوە!
  2022-06-06       1508       

قادر وریا - ٢٠٢٢/٦/٦

چەند ساتێک لەمەوبەر لە سەر دیواری خوێندکارێکم هەواڵی کۆچی دوایی، د. عەزیز گەردیم خوێندەوە. چونکە هەگبەی زانست و توانا و ئەزموونی پڕ و دەوڵەمەند بوو، لە گەڵ ئەوەی دەمزانی ساڵانێکە تووشی بارێکی دەروونیی تایبەت بووە، مەرگی بە خەسارێک بۆ ئەدەب و توێژینەوە و وەرگێڕان و نووسین لە کوردستان دەزانم.

٭٭

لە نەوەدەکان ،کۆمەڵێک لە خوێندکارانی ڕۆژهەڵات کە سەر بە حیزبی دیموکرات بوون، لە کۆلێژی ئاداب خوێندکاری د.عەزیز گەردی بوون و نەک هەر وەک مامۆستا، وەک هاوڕێیەکی خۆیان سەیریان دەکرد. لە مێژ بوو بەڵێنیان بە مامۆستا عەزیز گەردی دابوو میوانی بن. دەیانزانی منیش ئەو پیاوە بلیمەتەم زۆر خۆش دەوێ و زۆرم کەیف بە وەرگێڕانەکانی و کتێبەکانی دیکەی دێت. جارێک داوایان لێکردم بچمە هەولێر و وێڕای ئەوان میوانی مامۆستا عەزیز گەردی بین لە ماڵەکەی خۆی. وتیان هەر بۆ خۆشمان کابانەتییەکەی بۆ دەکەین. خوێندکارەکان ئەوانەی لەبیرم بن کاک مستەفا مەعرووفی، کاک کوسار فەتاحی، خاتوو گوڵان هیجری، خاتوو نەسرین حەسەنزادە، کاک مەسعوود بابایی و چەند کەسی دیکە کە ناوی هەموویانم لە بیر نییە. لە ماڵەکەیدا ، میوانەکان وەک خاوەنماڵ دەچوون و خۆی وەک میوان. من دەتکوت خەنی بووم کە لە نزیکەوە چاوم پێی دەکەوێ و دەیدوێنم. زانیم کە ڕەبەنە، زۆر سادە و بێ فیز و خاکییە. بۆشم دەرکەوت کەیفی بە حیزبی و سیاسییان نایە، بەڵام حیزب و ڕێکخراو و کەسایەتییە خەباتکارەکانی ڕۆژهەڵاتی دەبوارد و پەرژینێکی قایمی بۆ دەکردن. دەیگوت ئەوان هێشتا وایان لێ نەهاتوە بێزم لێیان هەستێ.

چەن ساڵێک دواتر (وام لە بیرە لە ٢٠٠٠ەکان) لە گەڵ مامۆستا مستەفا مەعروفی لەو سەرو بەندەدا کە پڕۆفیسۆر محەممەد مەعرف فەتاح کۆچی دوایی کردبوو، جارێکی دیکە سەردانمان کردەوە. ئەم جارە جگە لەوەی سەد قات زیاترلە ڕابردوو، لە سیاسی و دەسەڵاتدار و حیزبەکانی لای خۆیان تووڕە و بێزار بوو، ڕەحمی بەوانەی ڕۆژهەڵاتیش نەدەکرد و تەنانەت بە من و کاک مستەفای گوت متمانەم بە ئێوەش نییە، چونکە حیزبین و ئاوێکتان لە گەڵ ئەو حیزبانەی ئێرە خواردووەتەوە!

لە قسەکانی عاجز نەبووین، هەر چەند پێمان وابوو زێدەڕۆیی دەکا. ماڵاواییمان لێکرد. م.مستەفا و من هەر دوومان زۆربەداخ بووین کە تا ئەو ڕادەیە تووشی ڕەشبینی و بەدبینی بووە، بەڵام هەر ئارەزوومان دەکرد ئەم بارە دەروونییە کار نەکاتە سەر نووسین و وەرگێڕان و کارە زانستییە بە نرخەکانی.

٭٭

هەمیشە قەرزداری ئەو چێژ و کاریگەرییەم کە لە ڕێگای نووسین و وەرگێڕانەکانییەوە پێی بەخشیوم بە تایبەتی"داغستانی من"ەکەی کە هەر کەس خوێندبێتیەوە، دڵنیام ئاسۆکانی بیرکردنەوەی فراوانتر و ، گەراکانی نووسینی تێدا بەهێزتر بووە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×