ئەكادیمیستی ناوداری كورد، عەزیز گەردی، ماڵئاوا !
  2022-06-08       1548       
عەزیز گەردی

دكتۆر نوری تاڵەبانی


ئەدیب و نووسەر و وەرگێڕی ناوداری كورد، مامۆستا عەزیز گەردی بە یەكجاریی ماڵئاوایی لێكردین. بەم بۆنەوە بابەتی زۆر بڵاوكرانەوە لەلایەن زۆر لایەنی ئەدەبی و ڕۆشنبیری و سیاسیی، بە پێویستی دەزانم ئاماژە بۆ ڕۆڵی ئەو كوردە دڵسۆزە بكەم بۆ هاوكاریكردنی (دەستەی قانوونی باڵای كورد)، كە لە ساڵی هەزار نۆسەد و نەوەت و دوو، بە بڕیاری خولی یەكەمی پەرلەمانی هەرێم دامەزرابوو بۆ هاوكاریكردنی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان. ئەندامانی دەستەكە سێ‌ قانووونناسی ئەو دەمە بووین، بەندەو خوالێخۆشبوو حاكم ڕەشید عەبدولقادر و دكتۆر عەبدوڕەحمان ڕەحیم. حكومەتی هەرێم جێگای بۆ دەستەكە دابین نەكردبوو، بۆیە ماڵەكەی خۆم كردبووە بارەگای ئەو دەستە قانوونیە. ڕۆژانە ئەو دوو ئەندامانەی دی دەهاتنە ماڵەكەمان تا كاتژمێری دووی پاش نیمەڕۆ دەمانەوە.
 كەسێك داوای لە خوالێخۆشبوو مامۆستا عەزیز گەردی نەكردبوو هاوكاریمان بكات، ئەو لەودەمە مامۆستا بوو لە یەكی لە قوتابخانەكانی هەولێر، بە پایسكل دەهات بۆ وەرگرتنی ئەو پرۆژە قانووننانەی دەستەكەمان ئامادەی دەكردن، تا بیانكاتە كوردی. ئێمە لە دەستەكە هیچ توانایەكمان نەبوو تا بیخەینە بەردەستی، بە دەستی خۆم پرۆژەكانم دەنووسییەوە، چونكە كۆمپیوتەرمان نەبوو و كەسێكیان دەستنیشان نەكردبوو هاوكاریمان بكات بۆ نووسین، یان لانی كەم فۆتۆكۆپیكردنیان پێش ناردنیان بۆ سەرۆكایەتی حكومەت و پەرلەمانی هەرێم. كاك عەزیز بێ‌ ئەوەی كەسێك هاوكاریی بكات، بە پایسكلەكەی دەهاتە ماڵەكەمان بۆ وەرگرتنی ئەو پرۆژە قانوونانەی ئامادەمەمان دەكرد، پاش چەند ڕۆّژێك خۆی بۆی دەهێناینەوە. ئەویش كۆمپیوتەری نەبوو، بەدەستی خۆی، پاش وەرگێڕانی بۆ سەر زمانی كوردی، دەینووسییەوە بۆی دەهێناینەوە، لەگەڵ نوسخە عەرەبییەكە، كە بە دەسخەتی من یان خوالێخۆشبوو كاك د. عەبدوڕەحمان رەحیم دەنووسرا.
 پێشتر كاك عەزیز گەردیمان نەدەناسی، بەڵام ئەو دەیزانی دەستەكەمان خەریكی ئەو ئەركەیە و كەس هاوكاریمان ناكات، ڕۆژێك سەردانی كردین و ئامادەیی دەربڕِی بۆ هاوكاری كردنمان. هەتا دەستەكە بەردەوام بوو لە كارەكانی، ئەویش بەردەوام بوو لەگەڵمان.
 هەزار سڵاو لەگیانی پاكی ئەو كوردە دڵسۆزە.             

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×