ڕێگری له‌ وه‌زیرە توركمانەكەی حكومه‌تی هه‌رێم كرا بچێتە كەركوكەوە
  2022-06-25       504       

له‌ بازگه‌ی كه‌ركوك ئه‌مڕۆ ڕێگری له‌ چونه‌ژوو‌ره‌وه‌ی ئایدن مه‌عروف وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری پێكهاته‌كان كراوه‌، كە له‌كاتێكدا ده‌یوست به‌شداریی له‌ ساڵیادی “کوشتن”ی سه‌ركرده‌یه‌كی توركمان بكات.

بەپێی ڕاگەیەندراوێكدی نوسینگه‌ی وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری پێكهاته‌كان، ئه‌مڕۆ ئایدن مه‌عروف، وه‌زیری ھه‌رێم بۆ كاروباری پێكھاته‌كان به‌مه‌به‌ستی به‌شداریكردنی له‌ مەراسیمی یادكردنه‌وه‌ی ساڵیادی “شه‌ھید”كردنی سه‌ركرده‌ی توركمانی عه‌لی ھاشم موختارئۆغلو له‌ دووزخورماتوو، له‌لایه‌ن به‌رپرسانی ئه‌منییەوە‌ له‌ بازگه‌ی كه‌ركوك ڕێگری له‌ چونه‌ژووره‌وه‌ی بۆ شاره‌كه‌ كراوە.

باسی لەوەشكردووە، “ئه‌م پێشهاته‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ سه‌ردانیكردنی وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری پێكهاته‌كان ته‌نھا به‌ مه‌به‌ستی ھاوخه‌می و دڵنه‌وایی خانه‌واده‌ و خه‌ڵكی شاره‌كه‌ بووه‌.”

بۆیە دەڵێت، “ئه‌م ھه‌ڵوێسته‌ نه‌شیاو و نادیموكراسیه‌ سه‌ركۆنه‌ و شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ین و ھیوادارین لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار له‌باره‌ی ئه‌و ڕووداوه‌وه‌ به‌ده‌نگ بێت و ھه‌رچی زووه‌ ڕێكاری یاسایی به‌رامبه‌ر به‌ بكه‌رانی بگرێته‌به‌ر”.

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×