سەرۆكایەتی كۆماری عێراق وەڵامی موقتەدا سەدر دەداتەوە
  2022-06-28       697       

سەرۆكایەتی كۆماری عێراق وەڵامی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لەبارەی یاسای بە تاوانناساندنی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئیسرائیل دەداتەوە و دەڵێت، بەرهەم ساڵح فەرمانی كرد یاساكە بەبێ هیچ تێبینییەک پەسەند بکرێت.

ئاوێنە: ئەمڕۆ سێشەممە، موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر لە تویتێکدا رایگەیاند، "شەرمە بۆ بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عیراق واژووی لەسەر یاسای قەدەغەکردنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل نەکردووە".

كەمێك لەمەوبەر لەوبارەیەوە وتەبێژی سەرۆكایەتی كۆمار لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاند"سەرۆکایەتی کۆمار پێشتر پڕۆژەیاسای بە (تاوانناساندنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل) پێگەیشت لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بەمەبەستی تەواوکردنی رێوشوێنەکانی دەرکردنی یاساکەو پەسەندکردنی لەسەر بنەمای یاسایی و دەستوری لە سەرۆکایەتی کۆمار کە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دەنێردرێت."

ئاماژەی بەوەشداوە، بۆ ھەمان مەبەست سەرۆک کۆمار د. بەرهەم ساڵح فەرمانی کرد کە ئەم یاسایە بەو شێوازەی نێردراوە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بەبێ هیچ تێبینییەک پەسەند بکرێت و لە رۆژنامەی عێراقی بڵاو بکرێتەوە لە 20ی حوزەیرانی 2022دا.

وتەبێژەكەی سەرۆكایەتی كۆمار جەختی كردۆتەوە كە "بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق وەک ناسراوه ھەمیشە پشتیوانی له پرسی فەڵەستین دەکات و لەگەڵ جێبەجێکردنی تەواوی مافە رەواکانی گەلی فەلەستین و رزگارکردنی فەلەستینە لە داگیرکەرانی ئیسرائیل، ھەروەھا ھەمو جارێک لە بۆنە نیشتمانی و نێودەوڵەتی و کۆبونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان ئەوەی دوپاتکردوەتەوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×