سەدر هۆكاری پاشەكشەی لە پرۆسەی سیاسی لە عێراق ئاشكرا دەكات
  2022-07-01       853       


موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر چەند هۆكارێكی بۆ كشانەوەی لە پرۆسەی سیاسی عێراق دیاریكردو دەڵێت، حكومەت بەبێ بەشداری گەندەڵكاران و كەسە تائیفییەكان پێكنایەت.

ئاوێنه‌: ساڵح موحەمەد عێراقی، ناسراو بە (وەزیری سەدر) لە تویتێكدا هۆكاری كشانەوەی سەدری لە پرۆسەی سیاسی عێراق دیاریكرد كە ئەمانەن:

یەكەم: پێكهێنانی حكومەت تەنها بە بەشداری گەندەڵكاران و كەسانی تائیفی تەواو دەبێت.

دووەم: سەربەخۆكان بە هۆكاری هاندان، یاخود ترساندن یاخود نەبوونی متمانە، پشتیوانی لە پڕۆژەی حكومەتی زۆرینەی نیشتیمانی ناكەن.

سێیەم: لایەنە سیاسییەكان و تەنانەت هەندێك وڵات دەستوەردان لە ڕێككەوتن و كۆبوونەوەكاندا دەكرد، ئەوەش ڕەوا نییەو نادادپەروەرییە بەرامبەر گەل و نیشتیمان.

چوارەم: چینە هۆشیارەكانی كۆمەڵگە، وەك، ڕۆژنامەنووسان، چاودێرانی سیاسی و تەكنۆكراتەكان پشتیوانی لە حكومەتی زۆرینەی نیشتیمانی ناكەن و بەشێكیان بەرامبەرمان وەستانەوەو شەڕی میدیاییان لەگەڵ كردین.

پێنجەم: نەبوونی پشتیوانی جەماوەری، سەرەڕای ئەوەی زۆرینە لەگەڵ پڕۆژەی زۆرینەی نیشتیمانیدان.

شەشەم: خۆبەزلزانینی قازانجخوازان و دنیاویستەكان لە ئەگەری سەركەوتنی پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی كە ئەمەش دوا كارتی نیشتمانی شیعە دەخاتە مەترسییەوە.

حەوتەم: دروستبوونی ناكۆكی لەنێوان لایەن شیعەكان بۆ دابەشكردنی كێكەكە (پۆستەكانی حكومەت) پێش پێكهێنانی حكومەتەكە.

هەشتەم: دەركردنی یاسایەك (بە تاوان ناساندنی ئاساییكردنەوە پەیوەندییەكان لەگەڵ ئیسرائیل) بووە دروستبوونی هەوڵی دەرەكی دژی خاوەنی پرۆژەی چاكسازی و پرۆژەی زۆرینەی نیشتیمانی.

نۆیەم: پێكهێنانی حكومەتی زۆرینە لەگەڵ ئەو گەندەڵییە بەربڵاوەی لە وڵاتدا هەیە و بە سیاسیكردنی دەسەڵاتی دادوەری و دامودەزگاكانی دیكەی دەوڵەت، یەك ناگرێتەوە.

دەیەم: بێ هەڵوێستەكان پێیان وایە حكومەتی زۆرینە لاوازكردنی مەزهەبە، بەڵام مەزهەب لە گەندەڵی باڵاتر نییە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×