ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق لەفراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا ئاشكرای دهكات كه نوری مالیکی کاندیدی پارتەکەیانە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق.
ئاوێنه: محەمەد سەیهود، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەفراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا بەمیدیا ناوخۆییەکانی راگەیاندووه، ئیئتلافی دەوڵەتی یاسا ئەمڕۆ لەبارەی کاندید کردنی نوری مالیکی سەرۆکی ئیئتیلافەکەیانەوە کۆبونەوەیەک ئەنجامدەدات و کۆتا بڕیاری خۆیان دەدەن.
وتیشی، لەکۆبونەوەکەدا باس لەنوێترین پێشهاتە سیاسییەکان و بەرەوپێشچوونەکانی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا دەکەن.
بهوتهی محەمەد سەیهود، نوری مالیکی سەرجەم پێوەرەکانی بۆ سەرۆک وەزیرانی تێدایەو کاندیدی دەوڵەتی یاسایە بۆ ئەو پۆستە.
مەحەمەد سەیهود باسی لەوەشکردووه، قۆناغی داهاتو قورسدەبێت، نوری مالیکیش هەموو ئەو پێوەرانەی تێدایە کە چوارچێوەی هەماهەنگی پێشتر رایگەیاندبو کە پێویستە لەکەسایەتی کەسی کاندید کراودا هەبێت بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی.