لە پێدەشتەكانی هەولێرەوە بۆ سۆشیالیزم
  2022-07-05       809       

نەجات نوری\

 

لەم ڕۆژانەدا (57 ساڵ خولانەوە لە ژێر وەهمی شۆڕش دا) كە دەكاتە كتێبێك بۆ یادەوەریەكانی (حازمی عەلی كوتەك)م خوێندەوە، جارێ دەبێت لەوەدا ڕابووەستین كە چ سیحرێكە خێزانێكی گەورە پێكەوە كە زیاتر لە بیست كەس دەبن لە باوك و دایك و كوڕ و براو ئامۆزا و خزم پێكەوە بەرەیەك پێكبهێنن و ڕێگای خەبات لە پێناو بەدیهێنانی سۆشیالیزمدا لە پێدەشتەكانی هەولێرەوە بگرنەبەر و لەو پێناوەدا تەمەنی خۆیان ببەخشن و ئازار بچێژن و قوربانی بدەن و ئاوارەی و برسێتی بكەنە ڕێگای خۆیان بەبێ هیچ سڵكردنەوەیەك لە دووژمنان و ببنە شیوعی، ئاخر زۆركات گرنگی لە تێكۆشاندا نییە بەقەدەر ئەوەی كە دەبێت بزانیت بۆچی و لە پێناو چیدا خەبات دەكەیت، گرانە كەسانێك بتوانن ڕێگای سۆشیالیزم بگرنەبەر كە لە دوورەوە شتێكی كەمیان لەبارەوە بستووە و بە ڕێگای هەق و دادپەروەریان زانیوە، لە كتێبەكەوە ئێمە بە گیان و قوربانی خێزانێك دەگەین وردە وردە دەبنە هەڵگری ئەو گیان بەختكردوانەی كە خۆیان بۆ شیوعیەت بە قوربانی دەدەن، بەڵام لە كوێدا حزبی شیوعی دەرەقەتی ئەم قەرەبوودەكەنەوەیە دێت؟ جوانی و گەورەیی ئەم خێزانە لەوەدایە كە لە پێدەشتەكانی هەولێرەوە چەند تاریك و دابڕوایشبووبێت، هاتوون بوون بە شیوعی و پێكەوە شانیان داوەتە بەر گرتنەبەدی ڕێگایەك بۆ ئەوان دەكاتە ڕێگای دادپەروەری و تێكۆشان، كێ لەناو ئەو هەزاران نەخوێندەوار و ئیماندارانەوە ئەوەی فێری ئەم ماڵباتە ماندووە كرد كە بۆ سۆشیالیزم پێكەوە تێبكۆشن؟ گەورەی ئەم ماڵباتە بۆ تێكۆشان بە ڕاستی جێگای فەخری میللەتێكە كە بە ئازارەوە بۆ دەیان ساڵ پێكەوە قوربانیان دا لە پێناو شۆڕش و دادپەروەری دا، لە پێناو ئەوەی لە دوا ڕۆژدا میللەتێك بە خواستە گەورەكەی خۆی بگات كە دەكاتە دادپەروەری و ئازادی.

كاتێك لەم لاپەڕانەوە ئێمە بە ئازایی و ماندوونی ئەم ماڵباتە دەگەین، لەوەدا دەگەینە ئەو پرسە گرنگە كە چۆن چۆنی كەسانێك لەكاتی خۆیدا زۆرباش لە كۆمۆنیزم و سوشیالیزم دەگەیشتن كەچی ئامادەنەبوون بۆ یەك ساتیش ڕێگای شۆڕش و خەبات بگرنەبەر، كەچی ئەم خێزانە ڕێگای سوشیالیزم دەگرنەبەر بەبێ ئەوەی زۆرباشیش لە ماناو ناوەرۆك و شیكاریەكانی بگەن، دەبن بە شیوعی و ناچنە ناو هیچ لایەنێكی ترەوە لەو ڕۆژگارەدا، ئەمە دەكاتە ئەو وشیارەیەی كە لەم گیانانەدا خۆی دەردەخات، لەو خاڵەدا دەگەنە لوتكە كە ئەوان دەتوانن لەناو هێزێكی بچوكەوە بۆ دادپەروەری قوربانی بدەن، نەك لەناو ئەو لایەنانەی كە زۆرن و لەكۆتای دا بە هیچ ناگەن.

لاپەڕە بە لاپەڕە لەم یاداشتانەدا بە ماندووبوونی خێزانێك دەگەین كە هیچ سەختی و ئازارێك نەیتوانیوە كۆڵ بە ئامانج و ڕێگا سەختەكەیان بدات لە پێناو گەیشتن بە ئامانجە گەورەكەیان، لەگەڵ هەر بەشێكی ئەم كتێبەدا ئێمە بە قۆناغێك لە قۆناغەكانی تێكۆشانی ئەم ماڵباتە دەگەین، بەوە دەگەین كە چەند حزبی شیوعی غەدری لێ كردوون، بەڵام ئەوان گوێ لە ناڵەی میللەتەكەیان دەگرن و گوێ بە فەرامۆشیان نادەن لە لایەن حزبەكەی خۆیانەوە، كە ئەمە بۆ خۆی دەكاتە سەروەریەكی هێجگار گەورە بۆ خێزانێك كە دەزانن ئەگەر هەر خۆیشیان بن نابێت پشتبكەن خواستەكانی گەل و دەبێت لە تێكۆشان وەكو جارانیان بەردەوامم بن.

لە ڕێگای ئەم یاداشتانەوە ئێمە بە ڕۆحی خێزانێك دەگەین كە ئازایانە تێكەڵ بە شیوعیەت دەبن و لەناو هەزاران گلەی و لۆمەی ئەم و ئەودا پشت بە خۆیان دەبەستن و ناترسن كە لەسەر سۆشیالیزم چیان پێ دەوترێت و چیان لەگەڵ دەكرێت، چەند خێرا خۆیان ڕێكدەخەن و پەنا بۆ شاخ و هەوراز و ناو كاچەكان دەبن، ئەو شوێنانە دەكەنە هەواری دوا ڕۆژی خۆیان، وەكو ڕێگای ڕوناكی بە شوێن سۆشیالیزمدا هەنگاو دەنێن و یەك یەك دێنە ناو كۆڕی خەباتەوە، خەباتێك كە دواتر بۆ ئەوان شتێكی ئەو تۆی لێ سەوزنابێت، لەم یاداشتانەدا بەوەدەگەین كە ئەم خێزانە سەیر لە حزبی شیوعی دادەبڕێن لەسەر هەڵوێست و ناپاكی و خۆ خۆری قیادەكانی حزبەكەیان، بەڵام لەوەدا ئەمان بەرپرسانە لەبەر خاتری نەتەوەكەیان واز لە تێگۆشان ناهێنن و تا دوا ئەو پەڕی ماندووبوون قوربانی بە گیانی خۆیان دەدەن، ئەم ڕۆحیەتە دەبێت بۆ ئەم خێزانە هەمیشە ستایش بكرێن نەك پشتیان تێبكرێت، بەداخەوە هەمیشە ئەم كەسانە لە دواجاردا دەبنە قوربانی ڕوتی ناپاكی و مادەپەرست و هەلپەرستەكانی ناو شۆڕشەكان.

لەگەڵ گرنگەیەكی ئەم كتێبەدا، دەبێ بڵێم بەداخەوە بەشێكی زۆری ئەم یاداشتانە زۆر خێرا بە سەر دەیان ڕووداو و كێشە و بۆچوون و هەڵوێستی ناو حزبی شیوعی و لاینەكانی تردا تێدەپەڕێت و لێیان دادەبڕێت و كاڵ كاڵ زۆركات ئاوڕیان لێ دراوەتەوە، ئەمەش كەلێنێكی گەورەی خستۆتە ناو ئەم یاداشتانەوە، دەكرا زۆر بە وردی كار بۆ هەڵسەنگاندن و بۆچوون و دیاریكردنی ڕۆژی ڕووداوەكان بكرایە و چاك و خراپیان بە وردی تێیدا دەسنیشان بكرایەو هەڵوێستیان لەسەر دەرببڕایە، بەداخەوە زۆر وێنە و ڕووداوی گرنگی تێیاتدا ونە، نووسەری ئەم یاداشتانە بۆ خۆی پیاوی ناو گەلێك لەو ڕووداوی گەورەبوو لەو قۆناغانەی خەباتی دا، بە ئاگابووە لە دەیان گفتوگۆ و ڕووداو مەسەلەی گرنگ دەبوایە زۆر بە ئاگاییەوە كاری لەسەر بكردنایە تا نەوەكان بتوانن لێوەی وانەیەك فێرببن، یاداشت نووسینەوە هەوڵدانە بۆ ئاشكراكردنی دەیان ڕووداوی ونبوو، كاركردنە بۆ شیكاری و داماڵینی ئەو دەمامكانەی كە لە ژێر پەردەی شۆڕش دا خەڵك و خۆیشیان فریوداوە ، لەگەڵ ئەمانەشدا بەڵام هەر هێشتا دەكرێ ئەم یاداشتانە زوو بێت یا درەنگ ببێتە ناسنامەی ئەو ماڵباتە تێكۆشەرەی كە بە ڕۆحی خۆیان دڕیان بە شەوەزەنگی تاریكی دەداو بێگوێدانە هیچ دەستكەوتێكی شەخسی بۆ یۆشیالیزم تێكۆشاون، ئەمە كتێبێكە بۆ مێژوو دەبێت بكرێتە ناونیشانێكی گرنگ كە خێزانەكانە كوردەكان لە زۆر قۆناغی هەستیار و پڕ لە مەترسی دا چۆن چۆنی بۆ دادپەروەری قوربانی گەوەریان داوە بە گیانی خۆیان و بوونەتە بەردەبازی میللەتێكی چەوساوە ، ئەم یاداشتانە هەڵگری ئەو ناوانەیە كە چ وەكو تێكۆشەر و خائین لە چەندان وێنەدا دێنە بەر دیدەمان، یەك یەك بە خۆیانمان ئاشنادەكەن، بەمەش ئەم یاداشتانە تەنیا بۆ خۆ دەرخستن و ئازایی یەك كەس نەنوسراوەتەوە بەڵكو لەوەدا گرنگە كە دەبێتە یاداشتێك بۆ ناساندنی زۆركەس كە بە گیرفانی بەتاڵەوە بەڵام بە عەقڵێكی پڕەوە بۆ سۆشیالیزم تێكۆشاون و بە دیوەكەی تریشدا هەڵدانەوەی لاپەڕەی زۆركەسی تر كە بۆ خۆیان ژیاون و شۆڕش و خەباتی دەیان كەسیان كردووە بە هۆكارێك بۆ پڕكردنی گیرفان و سامان و گەیشتن بە پلەو پایە.

دەبێت لە كۆتایدا بڵێم: خۆ ئەگەر ئەخلاق و ویژدان هەبێت لەناو ئێمەدا، دەبێت بۆ تێكۆشان و قوربانیدانی ماڵباتی عەلی كوتەك پەیكەری نەمریان لە نزیك قەڵای هەولێر بۆ دروستبكرێت، چونكە لە ڕۆژگاری ئەوان دا لە ڕۆژگاری تاریكی و ترس و تۆقیندا زۆركەم خێزانێكی ئاوا هەیە پێكەوە بووبێتنە چرای ناو شەوەزەنگی ڕۆژگارە تۆقێنەرەكانی ئێمە، ئاواش بەو هەموو غەدرەیشەوە كە لێیان كراوە هێشتا بۆ دادپەروەری دەجەنگن. كەچی كەسانێك هەن هیچ ڕەنج و قوربانیەكیان نەداوە بە قەدەر یەك دەمژمێری ئەم ماڵباتە تێنەكۆشاون كەچی بە هەزاران ڕێگا سامان و پۆستیان بە سەردا دەبارێت، بەڵام دەزانم ئەم خێزانە گەورەییان لە دڵ و ڕۆحی میللەتێكی چەوساوەدان كە هەردەبێت ڕۆژێكبێت بە دادپەروەری بگەن كە ڕێگای هەقی ئەوان بووە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×