داگیرکردنی تاریکی، ڕۆمانێک شایستەی خوێندنەوەیە
  2022-07-14       702       

خالید محەمەد عەلی

 

شانۆی ڕوداوەکانی تورکیایی نوێ لە نێوان ساڵانی (١٩٤٥— ١٩٧٨)  و ھەوڵی سڕینەوەی زمان و کەلەپورو  و شوناسی نەتەوەیەک، بۆتە کەرەستەی ڕۆمانەکەی بەختیار علی کە زۆر لێزانانە ! واقع و خەیاڵاتی تێکەڵ بەیەکدی کردوە ، دواجار شاکارێکی وەک داگیرکردنی تاریکی ھاتۆتە بوون کە دابەش بوە بەسەر ٨٤ بەش و ٧١٦ لاپەڕەدا. سەرەتا: عسمت ئۆکتایی کە تورکێکی ڕاسیزمە و ئەندامێکی چالاکی  گروپی گورگە بۆرەکانە، یەکێکەلە کارەکتەرە سەرەکیەکانی  ڕۆمانەکە، کە لە دەستپێکەوە تا کۆتا شانۆ جێناھێڵێت. بەوە دەست پێدەکات کە بەیانیەک بەخەبەر دێت و ئەبینێت توشی دەردێکی کوشندە بوە کە زمانی تورکی بیردەچێتەوە و بە کوردیەکی پاراو قسەدەکات. لێرەوە ڕەوتی  
ڕوداوەکان دەبێتە دوو تەوەرە لە مێژوو، یەکەم : سالانی ١٩٤٥ بەدواوە کە وەک پاشخانێکی مێژووی بەکارھێنراوە بۆ ڕوداوەکانی ئێستای ناو ڕۆمانەکە. کە بە ناردنی (تاریق  ئاکانسۆی) تورک پەرست بۆ خۆرھەڵاتی ئەنادۆڵ واتە؛ کوردستانی باکور بە دیاری کراویی بۆ ئامەد(دیاربکر)، بە مەبەستی سڕینەوەی زمانی کوردی و کەلەپورەکەی. تەوەرەی دووەم: ساڵانی ١٩٧٧ بەدواوە توش بونی (عسمت ئۆکتایی) و ئەوانی تریش بە لەبیرچونەوەی زمانی تورکی لە کاتێکدا کە تارق ئاکانسۆ لە ڕابردودا ھەوڵی جدی دا بوو کە زمانەکە بسڕێتەوە. تا لە کۆتایدا بە شێوەیەکی لێزانانە ئەم دوو مێژوە لە ساڵی ١٩٧٨ بەیەک دەگەن.
 
بەھای مێژووی ڕۆمانەکە :
ڕۆمانێکە گرنگیەکی تایبەتی داوە بە مێژووی ڕووداوەکانی تورکیا و کێشەی کورد، داوی جەنگی دووەمی جیھانی بەدەستی کمالیستەکان، لە ڕێگەری کاراکتەری تاریق ئاکانسۆیی ھاوڕێی عسمت ئینینۆی سەرۆکی کۆمار. وەک ئاشکرایە داوی ڕاسپاردنی عصمت لە لایەن ئەتاتورکەوە بۆ  گەڕان بەناوچەکانی خۆرھەڵاتی ئەنادۆڵ و ئامادەکردنی ڕاپۆرتێک کە ناونرا ( سیاسەتی سەرپەرشیکردنی گشتی )، بە ئامانجی تورکاندنی ناوچەکە و گێڕانەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت. لەسەر بناغەی پراکتیزەکردنی ڕاپۆرتەکەی ئینینۆی دەوڵەتی تورکیا کەوتە کار، ئەمەش کەشی ڕەخساند بۆ چەند شۆڕشێکی چەکداری کورد وەک؛ ئاگری داخ و ئارارت و ئیحسان نوری.
نوسەر ئەم مێژوەی لە تاریق ئاکانۆسۆدا بەرجەستە کردوە. وە پێمان دەڵێت: "ئەم سیاسەتە بەردەوامە دەرحەق بە کورد و کەمە نەتەوایەتیەکانی تر".
 لە مێژوی دوای عیصمەت ئینینۆی و ھاتنی جلال بایار لە (١٩٥٠—١٩٦٠)وە حوکمەتەکەی عدنان مندریس لەھەمان ساڵداو ئینجا کودەتا و لەسێدارەدانی لە (١٩٦١)دا و پاشان  حوکمەتە سەربازیەکەی (جمال گورسیل) لە چوار جەنەراڵە خانە نشینەکەی سوپادا بەرجەستەکراوە لە ڕۆمانەکەدا.
ھەموو ئەمانە دەبنە ھەوێنی دروست بونی ڕێکخراو و گروپی چەکداری کوردی، کە خۆیی دەبینێتەوە لە ( ڕێکخراوی زمانی دووی نیوە شەو) و کوشتنی (علی ئیحسان ئاکانسۆ). 
ئەمەش یەکەم پەیامی ڕێکخرواو بوو بۆ ھێرشی پێچەوانەی کوردەکان، دەرحەق بەزمان و کلتوریان.
بەھای نەتەوەیی ڕۆمانەکە:
دیارە پرسی نەتەوایەتی کورد لە باکوری کوردستان زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ دوای جەنگی یەکەمی جیھانی و ھاتنی کەمالیەکان بۆ سەر حوکم و بەرزکردنەوەی دروشمی یەک زمان یەک ئاڵا و یەک نیشتمان و دامەزراندنی دەوڵەتی تورکیایی نوێ و گرتنەدەستی دەسەڵات لە لایەن مستەفا کمال ئەتاتورک و کارکردن بۆ سڕینەوەی پرسی نەتەوایەتی و بە تورکاندنی گشت کەمە نەتەوایەتیەکانی تر. لەگەڵ ئەمانەشدا نوسەر لایەنی مرۆڤایەتیەکەی زاڵترە، واتە ئەم چەوساندنەوەیە ھەموو تورکێک بەشدار نیە تیایدا بەڵکو لەناو ئەوانیشدا خەڵکان ھەن کە ئەم ستەم و زۆداریەیان قبوڵ نیە. ئەوتا (ئارسین ئاکانسۆ) نایەوێت بەشداربێت لەو زوڵم و زۆرداریەیی باوکیدا و لەماڵ ھەڵدێت و ماڵە کوردێکی پاک و بێگەرد بەناوی(جەوھەر سیزار) لە لادێیەکی دورە دەستدا داڵدەیی دەدەن و وەک کوڕی خۆیان پەروەدەی دەکەن. ئەم کاراکتەرە کەسێکی یاخیە لە ستەم و زۆداری، کە دەتوانین ئارسین ئاکانسۆ وەک یەشار کمال و عەزیز نەسین  و ئیسماعیل بێشکچی  و ئەوانی تر لێی بڕوانین. ئاکانسۆیی باوکیش وێنایی ھەموو ناشۆنالیستەکان و حوکمەت و جەنەڕالەکانی سوپا و دیوە قێزنەوەنەکەی تری سیاسەت دەکات.
     پاشان نەخۆشخانەی ئالازیک و کۆشکەکەی ئاکانسۆ، وێنایی ئەو حوکمەت و پەرلەمانەیە کە پێیی وایە دەبێت ھەموو ئەوانەی لە چوار چێوەی دەوڵەتی تورکیادان لە بۆتەی تورک بوندا بتوێنەوە، وە ئەگەرنا کەواتە تۆ نەخۆشیت و پێویستە چارەی مەرگ وەربگریت.
دواجا ئەو نەخۆشخانەیەی کە بۆ نەخۆشیە دەرونیەکان ھەیە، دەبێتە لانکەی دروست بونی بیری ئازادی لە کۆت و بەندیی یەک زمان و یەک ئاڵا و یەک نەتەوە.
دەرئەنجام ئەوەمان پێ دەڵێت:
•    دیکتاتۆرەکان و ھەموو ئەوانەی کە پێیان وایە توندوتیژی جێگای لەیەک تێگەیشتن دەگرێتەوە ھەڵەن.
•    ئەم ڕۆمانە زۆر لەوە زیاتر ھەڵدەگرێت کە بەنوسینێک گوزارشتی لێ بکرێت.
•    مرۆڤ بوون  حاڵەتێکی زاتیە و لە پێشینەی ھەموو کارە باشەکانە.
•    بیروڕا بەپێی کات و شوێن گۆڕانکاری بەسەردا دێت.
•    مرۆڤ بونەوەرێکی سەرە ڕۆیە، ئەگەر بێتوو سیستەم و ڕێساو یاسایەک بەری پێ نەگرێت.
•    خۆزیا ئەم شاکارە وەردەگێڕدرایە سەر زمانی تورکی و کرمانجی ژوروو، ئەوکاتە دەبوە جۆرێکی تری شۆڕش.

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×