رێكخراوی بەدر: عامری فەرمانی کردوە بەشداری هیچ خۆپیشاندانێک نەکەین كە دۆخەکە ئاڵۆزتر بکا
  2022-08-01       877       

سەركردەیەكی رێكخراوی بەدر كە هادی عامری سەرۆكایەتی دەكات رایگەیاند، هادی عامری فەرمانی پێكردون بەشداری لە هیچ خۆپیشاندانێكدا نەكەن كە دۆخەكە ئاڵۆزتر بكات.

ئاوێنە: محەمەد بەیاتی، سەركردە لە رێكخراوی بەدر، ئەمڕۆ دوشەممە، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، رێكخراوی بەدر بەشداری لە هیچ خۆپیشاندانێكدا ناكات كە ببێتە مایەی خراپتركردنی دۆخەكە.

ئەوەشی خستۆتەڕو، هادی عامری، سەرۆكی رێكخراوی بەدر، فەرمانی كردوە رێكخراوەكەیان بەشداری لە هیچ خۆپیشاندانێكدا نەكات كە دۆخەكە ئاڵۆزتر بكات.

بەیاتی وتوشیەتی، ئەگەر رێكخراوی بەدر بیەوێت بەشداری خۆپیشاندان بكات یاخود پاڵپشتی خۆپیشاندانێك بكات، ئەو كاتە بەشداری دەكات كە لە خزمەت كۆمەڵگەدا بێت نەك زیان بە كۆمەڵگە بگەیەنێت و دۆخەكە ئاڵۆزتر بكات.

ئەوەش لەكاتێكدایە، چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان کە هاوپەیمانی فەتحی هادی عامریش یەکێکە لەو هێزانەی تێیدا بەشدارە، لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای لە لایەنگرانی کرد کاتژمێر 5ی ئێوارەی ئەمڕۆ خۆپیشاندان دەستپێبکەن.

كەمێك لەمەوبەریش بەشێك لە لایەنگرانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەنزیك پردی هەڵواسراو لەبەغدا بە دروشمی "بەڵێ بەڵێ بۆ چوارچێوە"، "بەڵێ بەڵێ بۆ مالیكی" و "بەڵێ بەڵێ بۆ دەوڵەتی یاسا" دەستیان بە خۆپیشاندان كرد.

پێشتریش هادى عامرى، سەرۆکى هاوپەیمانیى فەتح داواى لە رەوتى سەدر و هاوپەیمانى چوارچێوەى هەماهەنگی کرد دیالۆگى بونیاتنەر بۆ چارەسەرى کێشەکانى نێوانیان بکەن و وتی "دۆخى راگەیاندنى ئێستا بەو ئاراستەیەیە کە خەریکە لە کۆنتڕۆڵ دەربچێت و بگاتە ئاستى تووندوتیژى."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×