عەمار حەكیم و حەیدەر عەبادی پشتیوانی خۆیان بۆ دەستپێشخەرییەكەی كازمی دەربڕی
  2022-08-02       753       

عەمار حەكیم، سەرۆكی رەوتی حیكمەو حەیدەر عەبادی، سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر كە دو سەركردەی چوارچێوەی هەماهەنگین، بە جیا پشتیوانی خۆیان بۆ ناوەڕۆكی پەیامەكەی ئەمڕۆی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق دەربڕی.

ئاوێنە: عەمار حەكیم، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، پشتیوانی خۆمان بۆ ناوەڕۆكی پەیامەكەی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران لەبارەی ئەو روداوانەی كە وڵات بەخۆیانەوە دەبینێت دەردەبڕین كە داوای كردوە لایەنە عێراقییەكان لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن بۆ كۆتایهێنان بەو داخرانە سیاسییەی هەیە.

سەرۆكی رەوتی حیكمە وتوشیەتی، پشتیوانی لەوەش دەكەین كە كازمی داوایكردوە سەرجەم خۆپیشاندەران پابەندبن بە رێزگرتن لە دامەزراوەكانی دەوڵەت و چۆڵكردنیان و پاراستنی موڵك و ماڵی گشتی تایبەت و هاوكاریكردن لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان.

هەروەها لای خۆیشییەوە حەیدەر عەبادی، سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر لە تویتێكدا رایگەیاند، پشتیوانی خۆم بۆ ناوەڕۆكی پەیامەكەی سەرۆك وەزیران لەبارەی قەیرانی ئێستاوە دەردەبڕم كە ئەوەش لەگەڵ دەستپێشخەری و داواكارییەكانماندا بۆ گفتوگۆ و رێككەوتن لەسەر نەخشەڕێگەیەك بۆ چارەسەری قەیرانی ئێستا یەكدەگرێتەوە.

عەبادی داواشی لە سەرجەم لایەنەكان كردوە بەدەم داواكەی داواكەی مستەفا كازمییەوە بچن و دەست بكەین بە گفتوگۆی جدی و راستگۆیانە.

مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق پێشتر لە پەیامێكدارایگەیاند، عێراق گرژییەكی سیاسی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت بۆ هێوركردنەوەی ئەو گرژییشە سێ رێگای خستەڕو كە ئەمانەن:

1.خۆپیشاندەران هاوكاری هێزە ئەمنییەكان بن و رێز لە دامەزراوەكانی دەوڵەت بگرن و دامەزراوەكانی دەوڵت چۆڵ بكەن و پابەندی رێسا گشتییەكان بن.

2.هێزە ئەمنییەكان بەرگری لە ماڵ و موڵكی گشتی و تایبەت و دامەزراوە رەسمییەكان بكەن لەگەڵ رێگریی لە هەر دەستدرێژییەك بۆ سەریان.

3.بانگهێشت بۆ گفتوگۆیەكی نیشتمانی لە رێگەی پێكهێنانی لیژنەیەك كە نوێنەری سەرجەم لایەنەكانی تێدابێت بەمەبەستی دانانی نەخشەڕێگایەك بۆ چاسەرەر.

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×