پارتی: ئەوەی لە بەغدا روو دەدات کێشەی شەخسی نێوان مالیکی و سەدرە
  2022-08-02       480       

د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە میدیاکانی رایگەیاند: "ئەگەر دۆخی بەغدا بەو شێوەیەی ئێستا بمێنێتەوە، ئەگەر هەیە خۆپێشاندانەکان بەرەو شەڕی ناوخۆ بچن، سەرکردە شیعەکان هەموویان داوای گفتوگۆ دەکەن و دەستبردن بۆ شەڕ و خوێنڕشتن رەتدەکەنەوە، کەچی لە هەمانکاتدا هەموویان لەسەر ویست و داخوازییەکانی خۆیان پێداگرن و پاشەکشێ لە خواستەکانیان ناکەن." 
 
ئاوێنە: دەشڵێت،هەموو دەزانین ئەوەی لە بەغدا روودەدات کێشەی کەسی نێوان مالیکی و موقتەدا سەدرە و پەیوەستە بە ناوماڵی شیعەوە، بەڵام ئەگەر هەرێمی کوردستان بە بەغدا بەراورد بکرێت، ئێرە لەچاو عێراق بەهەشتە و ناوچەکەمان تاوەکو ئێستا ئارامە و دۆخی ئەمنی جێگیرە، بۆیە دۆخی بەغدا کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر هەرێمی کوردستان نابێت."  
 
وتیشی،لە بەغدا هەندێک بابەتی وەک گۆڕینی سیستمی سیاسی و دەستوور لەو رۆژانەدا دەوروژێنرێت، کە ئەو دەستوورە کۆمەڵێک مافی کوردی تێدا چەسپاوە و ساڵی 2005 بە بەشداریی هەموو پێکهاتەکان نووسراوە و بابەتێک نییە پەیوەست بێت بە میزاجی کەسییەوە و کاتی خۆی هەموو خەڵکی عێراق دەنگیان پێدا. بۆ هەموارکردنەوەشی کۆمەڵێک رێکاری یاسایی و دەستووری هەن، دەبێ رەچاو بکرێن." 
 
ئاماژەی بەوەشکرد: "ئێمە دژی هەموارکردنی دەستوور نین، بەڵکو هەمواری دەستوور رێگەی یاسایی خۆی هەیە و ساڵی 2019 دوای خۆپێشاندانەکان لیژنەیەک پێکهێنرا و شەش ئەندامی ئەو لێژنەیە کورد بوون، بەڵام ئێستا کە باس لە گۆڕینی دەستوور دەکەن، هاوتەریب دەیانەوێ سیستمی سیاسیی لە پەرلەمانییەوە بگۆڕن بۆ سەرۆکایەتی، ئەو تێڕوانینەش پێویستە هی هەموو لایەنە عێراقییەکان بێت نەک یەک لایەن بەتەنیا." 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×