وەزیرەكەی سەدر داوا لە خۆپیشاندەران دەکات باڵەخانەی پەرلەمان چۆڵ بکەن
  2022-08-02       452       

ساڵح محەممەد عێراقی، کە بە وەزیری موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر ناسراوە داوا لە خۆپێشاندەرانی لایەنگرانی سەدر دەكات باڵەخانەی پەرلەمان چۆڵ بکەن و لەبەردەم و دەوروبەر و ناوچە نزیکەکانی مانبگرن.

 ئاوێنە: ئەمڕۆ سێشەممە، ساڵح محەممەد عێراقی لە پەیامێكدا لە تویتەر رایگەیاند، "دوای رزگارکردنی ئەنجومەنی نوێنەران و گۆڕینی بۆ ئەنجومەنی گەل بە هاوکاری خوا و هەوڵی شۆڕشگێڕانی پاڵەوان، بڕیاردرا: لە كاتی بڵاوكردنەوەی ئەم راگەیەندراوەوە تا 72 سەعاتی تر باڵەخانەی پەرلەمان چۆڵ بکرێت و لەبەردەم و دەوروبەری پەرلەمان و ناوچە نزیکەکانی مانبگرن."

 وتوشیەتی"ئەگەر شوێنی دیکە هەبن پێویست بکات لەبەردەمیان مانبگرن، دوابەدوای ئەمە رێنماییتا پێ دەگات."

ئەوەشی خستۆتەڕو"بەردەوامبونی مانگرتنەکە زۆر گرنگە بۆ بەدیهاتنی داواکارییەکانتان."

ئەوەشی وتوە"بۆیە دەبێ مانگرتنەکە بە شێوەی نۆرە رێكبخرێت و ژمارەی خەڵک لە کاتە دیاریکراوەکاندا هەر زۆر بێت."

وەزیری موقتەدا سەدر ئاماژەی بەوەشداوە كە "لە کۆتایی ئەم هەفتەدا لە گۆڕەپانەکانی ئاهەنگەکان لە بەغدا، بابل، کوت، کەربەلا و نەجەف نوێژی یەکگرتوی هەینی دەكرێت."

ئاشكراشیكردوە"ئێستا سەرقاڵی پێکهێنانی لیژنەیەکین لە ناڕازییەکان بۆ بەڕێوەبردنی ناڕەزایەتییەکان و رێکخستنیان و گرنگیدان بە هەمو شتێک."

خۆپێشاندەرانی لایەنگری رەوتی سەدر لە 30ـی تەمموزەوە، چونە نێو باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق لە ناوچەی سەوز لە بەغدا بۆ رێگرتن لە کۆبونەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق کە مەرجە بۆ راسپاردنی كاندیدی پۆستی سەرۆکوەزیران و پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×