یادەوەریەكان دەبنەوە بە بەشێك لە ئەدەب، خوێندنەوەیەك بۆ دەقی كورسیی شێرکۆ بێکەس
  2022-08-05       1091       

نەجات نوری

 

وەختێ‌ باوكم ئەم قسانەی بۆ ئەكردم

بۆخۆی بوو بوو بە كۆڵەكەی ناو مزگەوتێ‌

ئەوەیش دووەم ژنی باوكمە باوەژنمە بووە بە كۆتەی قەساب و

ئەوەیش پوورمە بووە بە تەختەی نوسین و

لەژووری پۆلی یەكەمی قوتابخانەی سەرەتای تەوێڵەدا هەڵواسراوە

ئەوەیش ماممە بووە بە ڕەفەی دوكانێ‌ و

هەر گوێزەكانی لەشی خۆی لەسەر پشتی دانراوە ......)

ئەوەی زۆركات دەبێتە ئاشكرابوونی ئاماژەكانی پشتی دەق، گەڕانەوەیە بۆ ڕابورد و كە خوێنەر ئەتوانێت وەكو مێژوو یان وەكو بەشێكی شاراوە لە یادەوەریەكانی كەسانی تر لەئەدەبدا جارێكی تر وەكو بەبیرهێنانەوەیەك ئەو شتە شاراوانە بخوێنێتەوە، لە دەقی زۆر لە نوسەران و ئەدیباندا ئاماژەكانی شوێن، یان تەمەنی نوسەر لەدەقەكانیاندا بدۆزێتەوە، كە زۆركات بەشێك لەو مێژووە لای خوێنەر نەزانراو بوە، كە ئێستا لەدەقێكدا جارێكی تر ئەتوانێت لەزمانی ناو دەقەكەوە، درك بەو مێژووە شاراوەیە بكات و بگەڕێتەوە بۆ ناسینی ناو و شوێن و كەسایەتیەكانی ئەو شوێنەی كە دەقەكە لێی ئەدوێ‌، ئەمەیش ئەبێتە دووجۆر خوێندنەوە لای خوێنەر، جارێك خوێندنەوە بۆ مێژووی شوێنەكان كە لەناودەقەكاندا ناویان هاتوە، جارێكیش خوێندنەوەی دەق وەكو زمان و ڕووداوەكان كە فۆرمێكی ئەدەبیانەیان وەرگرتوە، ئەم جۆرە دەقانەیش بۆخۆی ئەبێتە دەقێكی باش و خوێنەر ئەتوانێت بەشێك لە ژیانی نوسەر و كەسانی تر بە مێژوویان و یادەوەریەكانیانەوە بخوینێتەوە.

كاك شیركۆ بێكەس وەكو ناو وەكو ئەزمونی شیعر كە بۆخۆی لەدایك بوی شاری سلێمانیە و تا گەورە بونیشی زۆری تەمەنی بەهەموو ناخۆشیەكانەوە لەم شارەدا بەسەربردوە، جگە لەوەی لەدەنگی باوكێكی شاعیرەوە هەستی بە ئازار و كڵۆڵیەكانی نیشتمان كردوە، بەم هەموو واتایانە ناكرێت خودی شاعیر لەو شتانەی تەمەنی بێدەنگبێت و هەروا لەدوای نوسینی دەیان بەرهەمی شیعری سەركەوتوو، ئەو ساتانە فەرامۆش بكات، تەمەن نەبۆتە هۆی لەبیركردنی ئەو ساتە غەمگین و ئازاراویانە، كە لای شاعیر بونیان هەبوو. ئەم یادەوەریانە و ڕووداوەكانی سەردەمی شاعیر بۆ هەموو ساتەكانی دواجار ئەبێت ببنە بەشێك لە ئەدەب، زۆر لە دەقە ئەدەبیەكان گەرچی وەكو ئەدەب زۆركات ئەخوێندرێنەوە، بەڵام خوێنەر ئەبێ‌ بپرسێ‌ ئایا پێكهاتەی ئەم دەقانە بەشێكنین لە مێژوویەكی فەرامۆشكراو یان سەرلەنوێ داڕشتنەوەیان لەناو ئەدەبدا تا بەزیندویی بمێننەوە. بێگومان زۆری كاری ئەدەب ئاماژەیە بۆ ڕووداو ئەو كێشانەی لەمێژوودا ڕودەدەن، ئەو ڕووداوانە جارێكی تر لەسەر دەستی نوسەر و ئەدیباندا وەكو دەق ئەخرێنەوە بەرچاوی خوێنەر.

لەدەقی كورسیدا شوێن و مێژووی شارێك یان زیاتر وەكو نیشانەیەك بۆ نیشتمانی شاعیر لای خوێنەر دەردەكەون، لەم دەقەدا مێژووی نیشتمانێك ئەخوێنیەوە كە لای خوێنەر یان ئەم نەوەیە زۆر كات نادیار بوە، ئەو كات و ڕووداوانە بەناوی زۆركەسەوە، لە حیكایەتەكانی توڵە نەمامێكی گوێزەوە ئەخوێنینەوە، لەناوچیاكانەوە مێژووی ئەم نەمامە وەكو مێژووی گەلێكی كڵۆڵ و غەمگین لای خوێنەر دەردەكەوێت. دیارە بەشێكی زۆری نەهامەتیەكانی نیشتمانی شاعیر پڕبوە لەغەدری دەستی كەسانی ترو زۆركات ئەو غەدرە بۆتە كاولكاری و قڕكردنی هەموو خواستەكانی گەلەكەی، كورد بۆخۆی زۆركات ئەو قسەیە بەكار دێنێت كە تەنها چیا پشت و پەنامان بوە. لەم دەقەیشدا جارێكی تر ئەو كاتانەی دار گوێزەكان ئەبنە خواستی قڕكردن و نەمانیان، ئەكرێنە تاتەشۆر و كورسی و قەنەفە و داری سێدارە و... ئەم قڕكردنە بۆ درەختەكان لای شاعیر و خوێنەر نیشانەیە بۆ مێژووی میللەتەكەی و ئەوكارەساتانەی بەسەریدا هاتوە، هەموو ئەو، وێنانەی ئەم دەقەی لـێ‌ پێكهاتوە، وێنەیەكی ئاشكرای ئەو ساتە غەمگینانەن كە بەسەر ئەم گەلەدا سەپێنراوە، جوانی ئەم دەقە لەوەدایە خوێنەر لەكاتێكدا دوو حیكایەتی غەمگین بۆ دوو شتی جودا ئەخوێنێتەوە، جارێك بۆ حیكایەتی درەخت و جارێكیش بۆ حیكایەتی مەرگی میللەتێك، ئەو وێنانە تەنها ناچنە خانەی حیكایەتی دارگوێزێكەوە، بەڵكو لە ناو حیكایەتی ئەم درەختە غەمگینەوە وێنەكان ئەبنە وێنەی تێكشكانی زۆركەس كە نەیانتوانیوە وەكو خواستی خۆیان بگەن بە دوا پلەی هیواكانیان. ئەبنە وێنەیەك كە دەق تێیدا ئەبێتە بەشێك لە هەڵدانەوەی ئەو بارە سیاسیەی شاعیر بۆ دەقەكەی داناوە، ئەو ڕۆژگارە بەهەموو واتاكانیەوە ڕۆژگارێك بوە بۆ مرۆڤ پڕبوە لە تێكشكان و بەرەنگاربونەوە بۆ مانەوەی نیشتمانێك كە ویستراوە بەسوتماك بكرێت. لەم دەقەدا هەوڵەكان بۆ خستنەڕوی ڕاستی ئەو ڕۆژگارەیە كە زۆرشت تێدا بەرەو فەنابوون ڕۆیشتون، تەنها یادەوەریەكان نەبێت دواجار ئەتوانن لەدەقێكی وەكو كورسیدا بەشێك لەو فەنا بونەمان بۆ زیندو بكەنەوە.

گەر تەمەن تەنها بۆ مانەوەی جەستەبێت لای زۆركەسی ئاسایی تا زیاتر ژیان ببینێ‌، ئەوا لای هەندێك كەس بەتایبەت لای شاعیر و گەورە ناودارانی دونیا ئەم بۆچونە شتێكی تر بەخۆیەوە ئەبینێ‌، ئەویش خوێندنەوەی ئەو یادەوەریانەیە كە هەمیشە ئەبنە بەشێكی دانەبڕاو، بۆباری كۆمەڵایەتی و ڕامیاری ئەو مێژوەی لای خوێنەر بەنادیاری ماوەتەوە. زۆركەس ئەتوانێت لەسەرچەند پەڕەكاغەزێك ئەو یادەوەریانە بنوسێتەوە، یان بیانگێڕێتەوە كە لای ماونەتەوە، بەڵام ئەو یادەوەریانە لای هەندێك شاعیری ناودار لەناو دەقێكی نوسراوی ئەدەبیانەداو وێنەكانی ڕابوردوو ئەهێننەوە یادی خوێنەر، ژیان بۆخۆی زۆركات ئەبێتە ئازارێكی گەورە بۆ تەمەنی مرۆڤ، كێ‌ هەیە لەكەسێكی ئاسایی بۆ مەرگی ئازیزێكی بەدرێژایی تەمەنی ئازاری توش نەهاتبێت و هەموو یادەوەریەكانی ڕۆژانەی لەبەرچاو نەبێت، بەڵام نەتوانراوە وەكو دەق لای كەسانی تر بناسرێت، لای زۆر شاعیر یان لای زۆر لە نوسەران و ئەدیبان، ئەم یادەوەریانە تەنها نابنە بەشێكی شاراوەی كەسەكان، بەڵكو زۆركات لەدوای تێپەڕبونی چەندین ساڵا لەتەمەن ئەو یادەوەریانە، دێنەوە ناو بیری شاعیرو بیرمەندان و لەچوارچێوەی دەقێكی ئەدەبیدا یان لە نوسینەوەی بیرەوەریەكاندا شوێنی خۆیان ئەگرن، هیچ لەوەجوانتر نیە یادەوەری جیا لەنوسینەوەی یادەوەریەكان وەكو كتێبێكی سەربەخۆ، لەناو دەقێكی ئەدەبیدا جێگەی بكرێتەوە، زۆركات بەهۆی نەبوونی خوێندن و نوسینەوە لای كورد هەزاران یادەوەری جوان و ئازاراوی لەگەڵا خاوەنەكانیاندا مەرگ بردونی، لەناوچونی و، ونبوونی ئەو یادەوەریانە كۆمەڵە دەقێكی نەنوسراوەن كە نەتوانراوە وەكو خۆیان بگەیەنرێنە نەوەیەكی تر. بۆ ئەوەی تەمەن بە هەموو یادەوەریەكانیەوە، جارێكی تر بۆ فەنابوون نەڕوا، بەر لەم فەنابوونە ئێستا زۆر هەوڵی جوان هەیە، لەدەقە ئەدەبیەكاندا یادەوەریەكانی منداڵی یان یادەوەری كارەسات و تێكشكانەكان بە هەموو ماناكانی جەنگ و عەشق و ئازارەكانیشەوە ئەخرێنە ناو دەقە ئەدەبیەكانەوە، یان لەیادەوەریەكانی زۆر كەسدا لەم ساڵانەی دوایدا توانراوە وەكو دەق بنوسرێنەوە، ئەم هەوڵانە بەشێكە لەو نوسینە دەگمەنانەی كە خوێنەر بۆی هەیە زۆرشتی ڕابوردوو لەم تێكستانەدا بخوێنێتەوە.

هەرچۆن لای كاك (شێركۆ بێكەس)ی شاعیر لەدەقی (كورسیدا) ئەو یادەوەریانە جارێكی تر لەدوای دەیان تێكستی تر، لای خوێنەر ئەبنەوە بە یادەوەریەكی زیندو، لای ئەو خوێنەرانەی ئەم دەقە ئەخوێننەوە لەناو هەر چەند دێڕێكدا وێنەیەكیان بۆ دروست ئەبێت، ئەم وێنانە ئەبێتە زیندوترین یادەوەری بۆ ئێستا، كە لەزەینی خوێنەردا ڕەنگە دەمێك بوبێت نەمابن، بۆ یەكەم جارە منی خوێنەر لەدوای خوێندنەوە زۆر دەقی شیعری شاعیرانی تر، درەنگ توانیم لەدەقی كورسیدا بێدابڕان ووشە بەووشە زۆر یادەوەری جوان لەڕابوردوو بگەڕێتەوەلام، یادەوەری جەنگ و تێكشكان وناوی كەسەكان و دوكان و شەقامەكانی شارێك كە لەحیكایەتەكانی كورسی یەوە جارێكی تر شیركۆ بێكەسی شاعیر شتە ون بوەكانی شاری لا دۆزینەوە، هەروەكو ئەوەی بۆخۆم بەشێك بووم لەو یادەوەریانەی لەم دەقەدا هەیە، ئەم هەوڵە یەكێكە لەو هەوڵە جوانانەی كە زۆر دەگمەنە خوێنەر لەدوای خوێندنەوەی بتوانێت هەم كورسی و هەم شاعیر و هەم یادەوەریەكانی بیر بچێتەوە، زۆر كەمن ئەو نوسەرانەی ئاوایی ئەتوانن شتە لەبیركراوەكان وەكو كورسی و بەردو درەخت و شتەكانی دەورو بەرمان بخەنە ناو دەقێكی ئەدەبی وەكو كورسی یەوە و جارێكی تر بە سەلیقەیەكی زمانەوانی جوانەوە یادەوەریەكان بیر خوێنەر ئەهێننەوە.

مێژوو لەم دەقەدا لەڕێگەی یادەوەریەكانەوە ئەبێتە جێگەی پرسیار و پرسی گەشتێكی ئازاراوی بەناو دیرۆكی وڵاتێكدا كە شاعیر سەركەوتوانە ئەم پرسەی گواستۆتەوە بۆ ناو دەقێكی كراوە لە شیعرو پەخشان و یادەوەری، یادەوەریەكی هەست بزوێن و غەمگین، نەك وەكو ئەوەی بەساڵ و بەمانگ تێیدا یادەوەریەكان لەشێوەی یادەوەری جەنگاوەرێكدا بنوسرێتەوە، یادەوەریەكانی ناو تێكستی (كورسی) ئەو یادەوەریانەن مەگەر تەنها شاعیرێكی وەكو شێركۆ بێكەس، بتوانێت هەر لەیەكەم دێڕەوە بمانباتەوە ناو یادەوەریەكانی سروشت و هەربۆخۆی جارێكی تریش ئەمانباتەوە بۆ یادەوەریەكانی ناو شاری سلێمانی و زۆر لە كەسە غەمگینەكانی ناو ئەم شارەمان بەبیردێنێتەوە، لەم تێكستەدا مێژوو ئەبێتە گەڕانی خواستەكانی زۆركەس و لەزمانی ئەو كەسانەیشەوە، مێژووی تێكشكان و یادەوەریە نەنوسراوەكان تێدا ئەخوێنینەوە، ئەم گەڕانەوانە لەم دەقەدا بەشێكە لەو یادەوەریانەی شاعیر بۆخۆی زۆری دیون ومنداڵی خۆیشی لەم شارەدا بەسەر بردوە، بەر لەهەموو شتێك لەدوای گەورە بوونی لەدوایی ئەو هەموو ئازارو ساتە ناخۆشانەی تەمەنی پێدا تێپەڕیوە، ئەیەوێت پێمان بڵێت نەوەیەك هەیە ئێوە خەریكە بیرتان ئەچێتەوە، ئێوە ئێستا مەرگی زۆری ئەو كەسانەتان لەبیر نەماوە، كە لەم شارەدا هاتون وچون، پێمان ئەڵێت سروشتیان بە درەخت و بە ئاو و بە بەردیوە سوتان، ئێوە لەیادتان كردون، لەم دەقەوە هەست بە هەمووساتەكانی تەمەنی شاعیر دەكەین، كە بە ئازارو گەورەبونیەوە، لەناو ماڵەكەی بێكەسی شاعیری باوكدا، لەناو كۆڵانەكانی حاجی حان و سابونكەراندا ووردە ووردە گەورەبوو، ئەو شاعیرەی ئێستا نایەوێت هەموو ئەو یادەوەریانە بۆ فەنا بوون باڵبگرنەوەو لەگەڵا پیربوندا لەیاد بچنەوە، كەم دەق ئەبینی توانیبێتی وەكو ئەم دەقە ووشە بەووشە بۆ ناو یادەوەریەكان بمانبات، كورسی ئەبێتە زمان حاڵی گێڕانەوەی یادەوەریەكان و دەیان وێنەی هەست بزوێن وسەرسامكەرت بۆ ئەخوڵقێنێ‌، ئەو وێنانەی لەم دەقەدان خوێنەر ئەباتەوە بۆ تەماشاكردنی سەدان وێنەی ڕەش ‌وسپی كە ڕەنگە تەنها شێركۆ بێكەسی شاعیر لەدوای گۆرانی شاعیر بەم شێوەیە توانیبێتی لە زەینماندا ئەو وێنانە بەرجەستە بكات و جارێكی تر وێنە وون بووەكانی شارو نیشتمانمان بۆ بخاتەوە سەر كاغەزو لەناو دەقێكی كراوەدا هەست بە جوانی ئەو وێنانە بكەین، گۆرانی شاعیر سروشت وەكو خۆی لە یادەوەریماندا وێنە ئەكێشێ‌ (دەشتی تەخت و پان، دەریای سەوزایی خاڵ خاڵ تیا دیارە شوێنی ئاوای) گۆران جوانتر لەوێنەی فۆتۆگراف زۆركات وێنەی سروشتمان لەشیعرەكانیا بۆ ئەخوڵقێنێ‌، ئێستایش شیركۆ بێكەسی شاعیر لەناو دەقێكی پڕ لەماناو وێنەی جوانكاریدا، حیكایەتی نەمامێكی گوێز ئەكاتە حیكایەتی شارێك و لەسروشتەوە جارێكی تر ئەگاتە ناو كۆڵانەكانی شار..

دارمێینەم ئەبردە ناو تەلان و

لە تێئاڵانی شەوگاردا

پەنجەی دەست و پەنجەی قاچ و

چاوەكانمان، دائەگیرسان

ئەبوون بەشەم)

وێنەكانی ناو ئەم تێكستە زۆرن، خوێنەر هەریەكەیانی لائەبێتە وێنەیەكی ڕەش و سپی، بەڵام بەنرخ و گران، ئەو وێنانەی كە ئەم دەقەی لـێ‌ پێكهاتوە، خوێنەر زۆرباش ئەتوانێت یان وێنەكێشێك ئەتوانێت دەیان تابلۆی جوانی ناو ووشەكان بگوێزێتەوە بۆ سەر كاغەز.

شاعیر (با)ت بۆ ئەكاتە شاعیرێكی شێت و وێتی پێخاوسی شەرواڵ دڕاوی سەرگەردان ، منداڵی شاعیر بۆتە خوڵقاندنی ئەم هەستە ، كوچەوكۆڵانەكانی سلێمانی بۆ منداڵی شاعیر بۆتە وێنەیەكی بەرجەستە كراو هێشتا لەم تەمەنەیشدا ئەو وێنە غەمگین و ئازاراویانە بوونیان وەكو خۆی ماوە، بەوهەموو یادەوەریانەوە ئەو، وێنانە ئەگەنە ناو پەڕەكانی كورسی و ووشە بەووشە خوێنەر زۆر شوێنی سلێمانی بۆ ئەو سەردەمانە ئەخوێنێتەوە، ئەم كارەی شاعیر بەشێكە لەو تێكستە جوانەی كە لەباغەكانی (تەوێڵەوە) ئەمان گەیەنێتە ناو شەقام و كۆڵانەكانی شاری سلێمانی، لە زمانی درەختێكەوە تا خودی شاعیر ئەم ناسینە درێژئەبێتەوە بۆ مێژوویەكی خۆڵ لـێ‌ نیشت و تۆزاوی كە شاعیر جارێكی تر دێت ناونیشانی ئەو تەمەنە ڕابوردوەمان بۆ ئەگێڕێتەوە، بەتەنها ئەم دەقە بریتیی نیە لە دەقێكی شیعری و خوێنەر وەكو شیعر و پەخشان تەعامولی لەگەڵدا بكات، بەڵكو دەقێكە كە لەهەر پەڕەگرافێكیدا خوێنەر لەسەر زۆرمانا ڕائەوەستێت و پێویستی بە گەڕانەوەیە بۆ زۆر ناو شوێن كە لەم دەقەدا ناویان هاتوە، ڕاستە ئەم دەقە وەكو شیعرو پەخشان كورسیان پێكهێناوە، گێڕانەوەیش لەزمانی كورسیی یەوەیە حیكایەت خوانیش لەدوو ناونیشانی جوداوە دەقەكە تەواو دەكەن، ئەم دەقە یەكێكە لەو شاكارە جوانانەی كتێبخانەی كوردی شانازی پێوەدەكات ، دەقێكە مێژوویەكی لەیادكراو وەكو ڕۆمان لای خوێنەر ئەدۆزێتەوە و هەوڵێكە لەو هەوڵانەی كە تا زەمەنێكی زۆرتریش ئەتوانین بە یەكێك لە دەقە ناوازەو جوانەكانی ئەدەبی كوردی دابنێین.

بۆئەوەی زیاتر شاری سلێمانی لەم دەقەدا بناسین شاعیر لەگەڵ تێكستەكەیدا، ئەلبومێكی وێنەی (28) كەسایەتی و ئەدیبی ئەم دەڤەرەمان بۆ ئەخاتە ناو حیكایەتەكانی كورسییەوە، ئەو وێنانە بە ووشە، تەمەن و باڵاو شوێنی ئەو، ئەدیب و كەسایەتیانەمان بۆ بەرجەستە ئەكات .... دیلان لەماڵ هاتە دەرێ‌ ... قاتێكی تازەی زەیتوونی لەبەرداو، بۆینباخێكی سووری لەملداو تاسەر ناوك شۆڕ و قژی ڕەشی داهێنراو و بەبریسكەو خوێنی لاوێتیش لە لەشیدا قوڵپی ئەدا) (قانع لەنانی برژاو و لە كونجی و كەشك و دۆینەی و لەڕێحانەی گوێ‌ ئاو ئەچوو....) ئەو كاتانەی خوێنەر لەسەر ناوی هەر كام لەم ناوانەی ناو تێكستەكە ئەوەستێ‌، هەستێكی جوان ئەیباتەوە بۆ مێژووی ئەم شارە، كە هەموومان ئەزانین بـێ‌ ئەم كەسانەی ناو دەقەكە، مێژووی شاری سلێمانی ناتەواو ئەبێت، شاعیر تا ئەو كاتانەی ئەگاتە سەرناوی هەریەكەیان لەشوێن و كاتی خۆیدا، ئەو كەسانە بەخوێنەر ئەناسێنێ‌، ئەم كردارەیش بەدوا هاتنی ئەو یادەوەریانەیە كە خودی شاعیر بۆ خۆی بەهەموو ئازارو خۆشیەكانەوە بەشێكی زۆری تەمەنی ئەو كەسانەی وەكو خۆی هێناوەتە ناو تێكستەكەوە. شاعیر لەدێڕەكانی یەكەمی ئەم دەقەدا ناونیشانی خۆیی و شوێنی یادەوەریەكانی دەستنیشان ئەكات و دواتر كورسی ئەكاتە حیكایەتخوانی یادەوەریەكانی و دەق ببێتە دەقێكی چیرۆك ئاساو لەناو جوانی دێڕی شیعرو پەخشاندا كورسی تەمەنێكی پڕ لەحیكایەتمان بۆ ئەگێڕێتەوە، حیكایەتی تەمەنی نەمام، و گەورە بوون و بڕینەوەی درەخت، خوێنەر بەم دێڕانە ئەكەوێتە شوێن ناسین و حیكایەتی درەختەكان، كە لەم تێكستەدا بەشێوەیەك حیكایەتی كورسی بوون و فەنابونی درەخت داڕێژراوە، خوێنەر هەست بە زامی درەخت و ناسینی نەوەكانیان ئەكات و لە عیشق و چەمینەوەی بەر بایشدا ئەیانناسێ‌:

(لەو دەمەدا ناو قەدم ناو قەدی هێزو

گۆڕەی ئارەزووم لە لقما گڤەی تەڕ تەڕ

وەكو و باڕژن بكەن گەڵام بە هەزار دەم .

یان ئاوێنەبم بۆ قاقای ڕوبارو چەم

دارمێینەم ئەبردە ناو تەلان و

لە تێئاڵانی شەوگاردا

پەنجەی دەست و پەنجەی قاچ و

چاوەكانمان، دائەگیرسان

ئەبوون بەشەم)

بەمەیش خوێنەر لەدوو ڕووەوە ئەم تێكستە ئەخوێنێتەوە، تێكەڵا بوونی حیكایەتەكانی مرۆڤ و درەخت، كە زۆركات لێرە ڕووداو كارەساتەكان وەكو یەك درەخت و مرۆڤ بەیەكەوە قڕدەكەن، لەو ئەودێڕانەی سەروەدا، ئەبێت بڕوا بەوەیش بهێنین كە تەنها مرۆڤ نابێتە خاوەنی یادەوەری وحیكایەت، بەڵكو لەناخی درەختەكانیشدا زۆر حیكایەتی جوان و شاراوە حەشاردراوە، كە ڕەنگە درەختیش بیتوانیایە شتێك بۆ یادەوەریەكانی خۆی بكات، ئەوا زۆر لەو شتانەی ناخی دەگەیان بە مرۆڤ كە سەدان حیكایەت و شتی جوانی لێوە وەرئەگیرا، لێرەوە شاعیر بۆتە زمان حاڵی درەخت و دێت لەناو دێرەكانی كورسیدا ئەو جوانی و ئازارانەی درەختمان لەبیری خۆیان بۆ ئەكاتە حیكایەتی نەمریان، لەم تێكستەدا جارێك شاعیر ئەبێتە حیكایەتخوانی یادەوەریەكانی درەخت و غەم و عەشقی درەخت ئەگێڕێتەوە، جارێكی تر كورسی ئەبێتە حیكایەتخوانی ناو تێكستەكەو بەدوو ڕوودا، یادەوەریەكانی شاعیرو شاری سلێمانیمان بۆ ئەگیڕێتەوە، تا حیكایەتەكانی كورسی كە لەنەمامێكی گوێزەوە گەورەبووە تا بوە بە دارگوێزێكی گەورەو دواتریش لەم گەورە بوونەدا، تا بەكورسی بوونی خۆی یادەوەریەكانی ئەگێڕێتەوە:

(... وەختێ‌ باوكم ئەم قسانەی بۆ ئەكردم

بۆخۆی بوو بوو بە كۆڵەكەی ناو مزگەوتێ‌

ئەوەیش دووەم ژنی باوكمە باوەژنمە بووە بە كۆتەی قەساب و

ئەوەیش پوورمە بووە بە تەختەی نوسین و

لەژووری پۆلی یەكەمی قوتابخانەی سەرەتای تەوێڵەدا هەڵواسراوە

ئەوەیش ماممە بووە بە ڕەفەی دوكانێ‌ و

هەر گوێزەكانی لەشی خۆی لەسەر پشتی دانراوە ......)

خوێندنەوەی ئەم دەقە خوێنەر بۆ كاتەجوانەكان و هەموو ئەو ساتە غەمگینانەی توشی شاعیر هاتوە ئەگەڕێنێتەوە: (منی نووسەری ئەم دەقە، دێرزەمانە، لەم شارەدا، چۆن "با" یەكی شێت و وێتی پێخاوسی شەرواڵ دڕاوی سەرگەردان، دێم و دەچم ‌و، جارێك ئەبم بەشیعرێكی مەست و سەرخۆشی مەیخانە...) تێكستی كورسی، كۆكردنەوەی زۆر ساتی جوان و زۆرساتی پڕ گوناهیشە، هەموو ئەو ساتانە پێكەوە، لە حیكایەتەكانی كورسییەوە ئەبنە تەواوكەری ڕۆژ ژمێرێ‌ كەسێك، كە هەموو ئەو ساتانەی لا ئەبێتە ساتی بەنرخ و هەموو شتە خراپەكان ناتوانن ئەو ساتانەی لـێ‌ دوربخەنەوە، تا ئەو ئەبێتە كۆی ئەو هەموو غەمەی لەناو حیكایەتەكانی كورسی وە جارێكی تر ئەنوسرێنەوە، تەمەنی كورسی (كە تەمەنی كەسێكی ناو كۆی هەموو ناخۆشیەكانە) هەمووساتەكانی بۆ عەشق و بۆ گریان و بۆ كارەساتەكان ئەباتەوە، باوەڕهێنان بەسەرەتای خوزگەكانی شاعیر، كە دواتر ئەبێتە پێناسەی زۆرغەمی گەورە، ئەو سەرەتایانە لای شاعیرو هەموو هاوڕێكانی كە ڕۆژگارێك دەیان خۆزگەیان بۆ شتی جوان و هێنانەدی خەونەكانیان بوە، دیارە ئەو خۆزگانە نەبونەتە خۆزگەی ڕاستەقینە و زۆركات وەكو تەمێكی سپی پەرت بۆتە ناو دونیای كارەساتەكانەوە، بۆیە لەم تێكستەدا خۆزگەكان بە تێكشكاوی دێنە ناو دونیایەكی جەنجاڵا و پڕناخۆشیوە:(سەیر ئەوە بوو، لەدواییدا، پاش چەند ساڵێ ئەوەی ئاواتی خواستبوو ببێ‌ بەپێشانگای كتێب بوو بەدۆڵابی حاجەت و ئەوەی ئەیویست ببێ‌ بە سیسەمی ژن و مێردێ‌ ، بەختی نەبوو ، بووبە تەختەی تاتە شۆرو، ئەوەی خەونی بە بەلەمیشەوە ئەبینی. بوو بە دارەمەیتی مزگەوت ، ئەوەی ئاواتی ئەوەیش بوو ببێ‌ بە سەوڵا كردیان بەداری سێدارە " )

شاعیر لەپشت ئەم دێڕانەوە جەستەی دەیان كەسمان پێ‌ ئەناسێنێ‌، كە بۆیان نەكراوە بگەن بە خواستی عەشق و خواستی سەفەرە دورو درێژەكانی تەمەنیان، شاعیر شتێك ناڵێت كە بۆخۆیشی بەدەر بوبێت لەو داڕمانی خۆزگانە، تەمەن ئەتباتەوە بۆ بەردەم دەیان كێشەی ناو كۆمەڵگاو، تۆیش ناتوانی بەر بە چارەنوسی ئەو شتانە بگری كە دێنە ناو ڕێڕەوی ژیانتەوە، ئەوەی شاعیر لە منداڵی و لاوێتیدا ویستویەتی یان ئەو هەڤاڵ و هاوڕێیانەی خۆی كە هەریەكەیان بۆ شتیك ئەژیان ، بە پێچەوانەی ئەو خواستانە ئەكەونە بەردەم دەیان بەدبەختی و دوركەتنەوەوەی دەیان ساڵ و مەرگەوە:

ئەوەی ئاواتی

ئەوەیش بوو ببێ‌ بەسەوڵ كردیان بەداری سێدارە.

مردنی خۆزگە و ئاوابوونی ئاواتەكان بەم دێڕە جوانانە خوێنەر بۆ زۆر یادەوەری تاڵ و غەمگین ئەباتەوە، مێژوویەكی دێتەوەیاد كە وێنەكان تێیدا بونەتە سوتماكی سەردەمانێكی پڕ ئێش و ئازار، چی لەوە گرانترە مرۆڤ بۆ عەشق بژی كەچی لەناو گەردەلولی نەهامەتیەكاندا عەشقت بكوژن، شاعیر لەنێوان ئەم خەونانەدا كە زۆریان نایەنە دی و بەشێك لە تەمەن ئەبەن، ئیتر ئەبێت ئەو ڕابوردوە بەجۆرێكی تر بهێنێتەوە ناو یادی خۆی و خوێنەر، ئەویش تەنها كۆكردنەوەی ئەو ساتە دوور لەدەست چوانەیە كە لەناو دەقێكی وەكو كورسیدا جارێكی تر ئەبنەوە بە بەشێك لەتەمەنی شاعیر، ئەویش وەكو تێكستێكی كراوە بۆیە لێرەیشەوە بە دیوێكی تردا خوێنەر هەست بەو تەمەنە دەكات كە شاعیری پێدا تێپەڕیوە، هێنانەوەی ئەو تەمەنە بۆلای خوێنەر بەشێكی ئەو ئازارانەیە كە شاعیر نایەوێت تەنها بۆخۆی ئاگاداری بێت، بەڵكو ئەیەوێت لەناو دەقێكدا خوێنەر بەو ئازارانە بناسێنێت، بەمەیش خوێنەر هەرزوو لەناو دەقەكەدا حیكایەتەكان ئەباتەوە بۆ حیكایەتی ئەوساتانەی كە شارێك ئەبێتە پێناسەی ئەم دەقە و شاعیرەكەی.

باوك لێرەوە ئەبێتە ئەو دێڕانەی كە هەر لەسەرەتای ئەم تێكستەوە هەست بەبونی دەكەین، منداڵی شاعیر ئەبێت چی لەباوكێكی مەست و شاعیر ویستبێت وا بەغەمگینی لە دێڕەكانی ناو تێكستەكەیەوە، جارێكی تر تەمەنی باوك و حیكایەتەكانیمان بۆ ئەگێڕێتەوە، شاعیر ئەزانێ‌ باوكی چەند شیعری خۆشوویستوە چەندیش بە دەردەسەری ژیانی گوزەراندوە، گەڕانەوە بۆ لای تەمەنی باوك لەم تێكستەدا بەشێكە لەو یادەوەریانەی كە ناكرێت دەستبەرداری ببێ‌

(... وەختێ‌ باوكم ئەم قسانەی بۆ ئەكردم

بۆخۆی بوو بوو بەكۆڵەكەی ناو مزگەوتێ‌ ...)

ئەم وێنەیە ساتەكانی فەنابونی باوك ئەگرێتەخۆی، ئەبێتە وێنەیەك كە شاعیر تاكو ئێستایش هەر بۆ دووری باوك دڵا تەنگ ئەبێت. لەم وێنەیەدا ئازارێك هەست پێدەكەی كە تاسەر شاعیر بۆ ئەو ساتانە لە غوربەتایە، هەموو ئەم وێنانە لای ئێستای شاعیر بەم هەموو غوربەتەوە بەم هەموو زریانی تەمەن و كارەساتانەوە بەم هەموو وێنە شێواو ناجۆرانەوە، هێشتا لەبیر نەچونەتەوە. وەكو یادەوەری شاعیر جارێكی تر لەم دەقەدا ناوی زیاتر لە (28) كەس هاتوە لە كەسانێك كە ڕەنگە هەریەكەیان بۆ خۆیان سەدان یادەوەریان لەگەڵ مەرگی خۆیاندا بردبێت بۆ فەنا بوون، گەرچی ئەو كەسانە بەپیشە و بە كردار زۆر لەیەك جودا بوون، بەڵام لەم دەقەدا ئەبنە بەشێك لەمێژووی شارێك وخوێنەر جارێكی تر ئەتوانێت هەریەكەیان لەناو وێنەكانی ئەم دەقەدا بدۆزێتەوە، ناوهێنانی ئەو كەسایەتیانە، گەڕانەوەیە بۆهەڵدانەوەی یادەوەری ئەوانەی كە هێشتا نەتوانراوە وەكو خۆی ساتە جوانەكانی ئەوناوانە لەمێژووی ئەم شارەدا بەخوێنەر ئاشنا بكرێت، بۆیە ئەم دەقە ئەبێتە بەشێكی ئەو مێژوەو جارێكی تر ئەتوانین لە حیكایەتەكانی كورسی و شاعیر خۆیەوە باشتر بەوێنە و ساتە فەرامۆشكراوەكانی ئەو زاتانە بگەین، دووبارە هێنانەوەی ناوی خەڵكانێكی تر وەكو شاعیرو كاسب كارو تێكۆشەر وهەژار و كڵۆڵەكان بۆ ناو دەقێكی ئەدەبی هەروا لای زۆرنوسەر سەركەوتو نابێت، گەر نوسەر بۆخۆی شارەزاییەكی ووردو ئەزمونی نەبێت لە مێژووی شارو یادەوەریەكانی خەڵكەكەیدا، دانانی ناوی ئەو كەسانە لەناو دەقەكەیدا بۆ خۆی كارێكی گرانە، ناكرێت پەیڕەوی كات و شوێنی تەمەنی ئەو كەسانە وەكو خۆیان لەدەقدا، دابەشی سەر دێڕەكان نەكرێت، لەناو تێكستی كورسیدا ئەو ناوانە لای شاعیر دابەشی سەركات و شوێنی خۆیان كراون، لە هەر وێنەیەكیدا ئەو كەسایەتیانە ئەبنە بەشێكی ترو خوێنەر ئەكەوێتە ناو گەڵاڕێزانی تەمەنی ئەو كەسانەوە كە تەمەنێكی غەمگینیان لەم شارەدا تێپەڕاندوە.

خوێندنەوەی تێكستی كورسی ئەمانباتەوە بۆ ژیانەوەی ئەو یادەوەریانەی كە لەبیری زۆرمان چونەتەوە. ئەمانباتەوە بۆ ئەوساتانەی كە ئیتر شار ئەبێتە جێگەی فەنابوونی زۆر یادەوەری جوان و مەگەر جار جار بتوانین لەدەقێكی وەكو كورسیدا ئێمەیش و ئەوانەی دواتریش دێن بەو ساتە غەمگینانە ئاشنابین. نوسین لەسەر ئەم دەقە زۆری تری ئەوێت، تەنها ئەتوانم بڵێم ئەوخوێنەرەی ئەیەوێت بەشێك لەیادەوەریە شاراوەكانی سلێمانی بدۆزێتەوە با لەناو وێنەكانی دەقی كورسیدا بیان خوێنێتەوە .

(سەیر ئەوە بوو، لەدواییدا، پاش چەند ساڵـێ‌ ئەوەی ئاواتی خواستبوو ببێ‌ بەپێشانگای كتێب بوو بەدۆڵابی حاجەت و ئەوەی ئەیویست ببێ‌ بە سیسەمی ژن و مێردێ‌ ، بەختی نەبوو ، بوو بەتەختەی تاتە شۆرو، ئەوەی خەونی بە بەلەمیشەوە ئەبینی. بوو بەدارەمەیتی مزگەوت ، ئەوەی ئاواتی ئەوەیش بوو ببێ‌ بە سەوڵ كردیان بەداری سێدارە " )

 

کورسی ... شیعر ... شێرکۆ بێکەس... 2005

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×