ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق دهڵێت، لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێمی کوردستان لەپەیوەندی بەردەوامدان، بەئامانجی دۆزینەی چارەسەرێکی یاسایی بۆ ناکۆکییەکانی نێوان ھەردولا بەپێی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی.
ئاوێنه: ئیحسان عەبدولجەبار لەلێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی "ئەلسەباح"ی نیمچە فەرمی ڕایگهیاندووه، "لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێمی کوردستان لەپەیوەندی بەردەوامداین، بە ئامانجی دۆزینەی چارەسەرێکی یاسایی بۆ ناکۆکییەکانی نێوان ھەردولا، لەچوارچێوەی دەستوریی فیدراڵیی، ئەوەیش بەپێی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی کە لە ١٥ی شوباتی ٢٠٢٢دا دەکراوە کە تیایدا حکومەتی ھەرێمی کوردستانی پابەندکردووە بەرادەستکردنی تەواوی ئەو نەوتەی کە لە ھەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکە کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێمی کوردستان تیایاندا نەوتی دەریھێناوە بەحکومەتی فیدراڵیی کە وەزارەتی نەوتی فیدراڵیی نوێنەرایەتی دەکات، لەگەڵ رێگەدان بە بەکارھێنانی دەسەڵاتە دەستورییەکانی خۆی تایبەت بەدۆزینەوە، دەرھێنان و ھەناردەکردنی نەوت".
وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەشداوە کە گەورەکردنی دۆسیەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لەلایەن ژمارەیەک میدیاوە، وەک ئەوەبێت دۆسیەکە ململانێیەکی دەرەکیی بێت و مەترسی ناڕونو گەورەیە، ئەوەیش بە ئامانجی ئەوەی دۆسیەکە بەرەو سەرلێشواندن ببرێت.
راشیگهیاندووه، "حکومەتی فیدراڵیی مامەڵە لەگەڵ جیاوازیی یاسایی لەنێوان ھەردولادا دەکات، وەک ئەوەی پرسەکە ئاسایی بێت کە لەنێوان حکومەتی فیدراڵیی و حکومەتە خۆجێیەکان رودەدات".
وەزیری نەوتی عێراق ئهوهشی وتووه، لەئێستادا بەرھەمھێنانی نەوت لەھەرێمی کوردستان دەگاتە ٤٥٠ ھەزار بەرمیل لەرۆژێکدا.
رۆژی ١٥ی شوباتی ٢٠٢٢، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی فرۆشتنی نەوت لەلایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە بڕیاریدا کە پرۆسەکە نادەستورییەو رایگەیاند، پێویستە حکومەتی ھەرێم پابەندی رێککەوتنەکان بێت و داھاتەکان رادەستی حکومەتی فیدراڵیی بکات.