پەڕتووکی زەوی: بەرهەمێکی زانستی نوێ
  2022-08-07       1687       

د.ئیبراهیم محەمەد جەزا محێدین

بەشی زەویناسی / زانکۆی سلێمانی

 

بەمدوواییانە پەڕتووکێکی وەرگێڕدراو لە بواری زەویناسیدا بڵاو بووەوە وکەوتە بەردەستی خوێنەرانی زمانی کوردی. پەڕتووکەکە لە زمانی ئینگلیزییەوە  و لەلایەن زەویناس باوان فایەق جەلال وەرگێڕدراوە بۆ زمانی کوردی و بە دیزاینێکی زۆر جوان و تازە داڕێژراوە و پڕ پڕە لە زانیاری زەویناسی (  باوان فایەق جەلال، ٢٠٢٢، زەوی- بنەماکانی زەویناسی لەڕووی فیزیاییەوە، وەرگێڕان، کتێبخانەی دڵشاد، ٣٠٢ل) . بەبڕوای من پەڕتووکەکە یەکێکە لە و هەوڵە زانستییە دەگمەن و گرنگانەی کە کتێبخانەو خوێنەری کوردزمان سوودی لێوەردەگرن و دەبێت بە شانازییەوە سەیربکرێت.

وەرگێڕان و بڵاوکردنەوەی پەڕتووکێک لە قەبارەی گەورە و ٣٠٢ لاپەڕە و لەخۆگرتنی  دەیان هێڵکاری و وێنەی ڕەنگاوڕەنگی مانابەخش بەڕاستی کارێکی ناوازەیەو جێگەی دەستخۆشییە، کە وەرگێڕ چەند ساڵێک سەرقاڵی بووە تا گەیاندوێتییە ئەو ئاستە.  پێویستە ئاماژەش بە کتێبخانەی دڵشاد بدەم کە ئامادەبوو پەڕتووکەکە چاپ بکات و بڵاویشیبکاتەوە کە بە خۆشحاڵییەوە ئێستا لە کتێبخانەکەیان دەست دەکەوێت و نرخی کتێبەکەش زۆر گونجاوە. کتێبخانەی دڵشاد یەکێکە لەو کتێبخانانەی کە پەڕتووکە زانستییەکان چاپ و بڵاودەکاتەوە و نموونەی ئەم کتێبخانانە زۆر کەمن لە کوردستان، بەهۆکاری ئەوەی کە خوێنەری بابەتە زانستییەکان کەمترن بەبەراورد لەگەڵ خوێنەری بابەتە ئەدەبیی و ئاینیی و یاساییەکان.

کاکە باوان دەرچووی بەشی زانستەکانی پیترۆلیۆمە لە زانکۆی سۆران کە بە سەرکەوتووی زانکۆیی تەواوکردووە و ئێستا لە کەرتی تایبەت کار دەکات. پێش ئەوەی لە زانکۆ دەربچێت دەستیکرد بە وەرگێڕانی پەڕتووکەکە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کارەکەی دەبردە پێش و بەش لە دوای بەشی کتێبەکەی وەردەگێڕا بۆ زمانی کوردی. کتێبەکە لە ١١ بەش پێکدێت کە سەرجەمیان باس لەم هەسارە شینەی خۆمان لە ڕووی فیزیاییەوە دەکەن ، واتە دەربارەی بنەچەی دروستبوونی زەوی و بەشەکانی زەوی و جۆری کەڤر و خاوەکان و دەیان بابەتی سەرنجڕاکێشی بەسوود بۆ خوێنەر، ئیتر خوێنەر لە هەرئاستێکدا بێت دەکرێت سوود لەم پەڕتووکە وەبگرێت. دۆزینەوەی بەرامبەری زانستی بۆ زاراوە ئینگلیزییەکان کارێکی سانا نییە و ماندووبوونی دەوێت، خۆشبەختانە سوودی لەو فەرهەنگانەی تایبەت بە زەویناسین وەرگرتووە و بەکاریهێناون. لەپێناو ئەوەی کە خوێنەر سەری لێتێکنەچێت لە کۆتایی کتێبەکەشدا چەندین زاراوەی کە لەکتێبەکەدا بەکاری هێناون ڕاڤەکراون و دانراون، کە بە بڕوای من ئەمە بۆ کتێبی زانستی زۆر پێویستە و جێگەی دەستخۆشییە.

ئەوە ماوە بڵێم کە هەوڵو ماندووبوونی کاکەباوان وەک گەنجێک زۆر بەرز دەنرخێنم و لە دڵەوە هیوای سەرکەوتنی بەردەوام و تەندروستی باشی بۆ دەخوازم. جێی شانازییە گەنجێک لەبری ئەوەی خەریکی پیاسەکردن و دانیشتن لە چایخانەکان بێت، کاتی بەنووسین و کارکردن لە زمانی کوردیدا بەسەر بەرێت.

 

 ibrahim.jaza@univsul.edu.iq

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×