سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمان: ئەم مانگەش لەسلێمانی کێشە لەدابەشکردنی موچەدا دروستدەبێت
  2022-08-07       698       

به‌وته‌ی‌ سەرۆکی لیژنەی دارایی‌و ئابوریی پەرلەمانی کوردستان، ئەم مانگەش کێشە لەدابەشکردنی موچە لەسلێمانی دروستدەبێت. ئه‌و ده‌ڵێت، "بەبۆچونی ئێمە دەبێت هەموو پارەی موچە بەپارەی نەوت بدرێت."

ئاوێنه‌: مانگانه‌ له‌كاتی‌ دابه‌شكردنی‌ موچه‌دا كێشه‌ی‌ نه‌مانی‌ پاره‌ له‌بانكه‌كانی‌ سنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ دروستده‌بێت‌و به‌و هۆیه‌وه‌ دابه‌شكردنی‌ موچه‌ی‌ چه‌ند وه‌زاره‌ت‌و ده‌سته‌یه‌ك له‌واده‌ی‌ خۆی‌ دواده‌كه‌وێت.

له‌وباره‌یه‌وه‌ زیاد جەبار، سەرۆکی لیژنەی دارایی‌و ئابوریی پەرلەمانی کوردستان بەمیدیاكانی‌ پارتی‌ وتووه‌، "مانگی رابردو 78 ملیار دینار بۆ تەواوکاریی موچە لەداهاتی سلێمانی دابینکرابو. دڵنیام ئەم مانگەش کێشە لەدابەشکردنی موچە لەسلێمانی دەبێت؛ بۆیە خشتەکەش بەو شێوەیە دانراوە کە هەیە. بەبۆچونی ئێمە، دەبێت هەمو پارەی موچە بەپارەی نەوت بدرێت."

هاوكات بەوتەی بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ لەهەرێمی کوردستان، یەکێک لەهۆکارەکانی کەمیی داهات لەسلێمانی کەمبونەوەی داهاتی خاڵە سنورییەکانە بەڕێژەی 60% بەراورد بەساڵی رابردو کە سلێمانی شەش دەروازەی سنوری و 50 خاڵی سنوری لەگەڵ ئێران هەیە. 

لای‌ خۆیه‌وه‌ کەریم عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێـمانی ده‌ڵێت، "هەفتەی رابردو سەردانی بانکی هەرێممان کردو وتیان، داهاتی باشماخ 200 ملیۆن دینارەو هی پەروێزخان 300 ملیۆنە، بەڵام مانگی شوبات ئێمە سەردانی پەروێزخانمان کرد داهاتی یەک رۆژی زیاتر لەیەک ملیار دینار بو. ئەم کەمکردنی داهاتە لای ئێمە جێگەی گومانە."
 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×