مسته‌فا كازمی: له‌دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ عێراق روبه‌ڕوی كێشه‌ی راسته‌قینه‌ بۆته‌وه‌
  2022-08-11       303       

مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ عێراق لەدوای هەڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ ڕوبەڕوی کێشەی  راستەقینەی‌ سیاسی‌و ئه‌منی‌و ئابوری‌ بوه‌ته‌وه‌و پێویستە چارەسەربکرێت. په‌یامێكیش ئاراسته‌ی‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌كات‌و ده‌ڵێت، "دیالۆگ تاکە رێگایه‌ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانمان‌و هیچی ترمان نییە بیكه‌ین".

ئاوێنه‌: ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ له‌میانی كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراقدا مسته‌فا كازمی رایگه‌یاند، "له‌م كابینه‌دا هه‌موان پێكه‌وه‌ ده‌ستمانپێكرد بۆ ئه‌وه‌ی روبه‌ڕوی ئاڵنگاریه‌كان ببینه‌وه‌و له‌ ئێستادا ئاڵنگاری ئابوری، ئه‌منی، سیاسی و ته‌ندروستی هاتونه‌ته‌ پێشه‌وه‌و له‌ماوه‌ی دو ساڵی رابردودا پێكه‌وه‌ كارمانكردوه‌ بۆ تێپه‌ڕاندنی هه‌مو ئاسته‌نگه‌كان".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، عێراق لەقۆناغی دوای هەڵبژاردن ڕوبەڕوی کێشەیەکی سیاسی راستەقینە بوه‌ته‌وه‌ و پێویستە چارەسەربکرێت، چارەسەریش پێویستی بە دیالۆگ و دانایی و قوربانیدان هەیە، وەک چۆن ئیمام حوسێن قوربانی داوە بۆ دادپەروەری.

كازمی باسی له‌وه‌شكردوه‌، "ئەو ئاڵنگارییانه‌ی‌ کە ڕوبەڕوی دەبینەوە كاریگه‌ری هه‌بوه‌ لەسه‌ر ئەدای حکومەت و هەمو دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراق، ئەم حکومەتە 28 مانگی بەسەربردوه‌ و جێی داخە لەم ماوەیەدا تەنها بۆ ماوەی شه‌ش مانگ بودجە هەبوه‌، دەوڵەت چۆن دەتوانێت لەغیابی بودجەدا کار بکات؟".

كازمی له‌په‌یامێكدا بۆ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان وتی، "دیالۆگ تاکە رێگایه‌ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانمان و هیچی ترمان نییە، پەنابردن بۆ میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاژاوە و نائومێدی لەناو خەڵکدا دروستده‌كه‌ن و پێویسته‌ به‌ ژیری و هۆشیاریه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ بكه‌ین".

ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕو، "ئێمە بە سەردەمێکی سەختدا تێدەپەڕین و لەگەڵ هەمو ئەمانەدا کارمان کردوە بۆ زاڵبون بەسەر زۆر کێشەدا، چەند ساڵێکە پڕۆژەی هەڵواسراو یان شکستخواردو هه‌ن، کە چەندین ساڵە پلانیان بۆ دانراوە و جێبه‌جێ نه‌كراون، کارمان کردوە بۆ بوژاندنەوەیان و گۆڕینیان بۆ دەرفەت بۆ سەرکەوتن و بنیاتنانەوەی نەخۆشخانە ته‌واونه‌كراوه‌كان و پڕۆژەکانی دیكه‌ی پەیوەندیدار بە کارەبا، نەوت و گاز".

سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق وتیشی، "ئێمە ئێستا لە مانگی (ئاب/8)ی 2022داین و بودجە نییە و ناهاوسەنگییەکە لە حکومەتدا نییە، بەڵکو بەهۆی ئەو بارودۆخە سیاسیەوه‌یه‌ کە هەیە، بۆیە چۆن قوتابخانە دروست بکەین و رێگا خۆش بکەین و پرۆژە دروست بکەین بە نەبونی کۆدەنگی سیاسی لەسەر پێکهێنانی حکومه‌ت، كێشه‌كان دروستبون".

رونیشیكرده‌وه‌، "مەسەلەی بودجە زۆر جددییە و كێشه‌ی داراییمان هەیە و پێویستە وەبەرهێنان بکەین لەبنیاتنانەوەی ژێرخانی ئابوری و هێنانەدی داواکاریی عێراقییەکان، ئه‌وان شایەنی ئەوەن وڵاتەکەیان کەرامەتی هاولاتیانی بپارێزێت و خوازیارن منداڵەکانیان لەقوتابخانە باش بخوێنن".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×