بەڕێوەبەری سامانی ماسی لەوەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دهڵێت، لەئێستادا بەرھەمی ساڵانەی ماسی شەش ھەزار تۆنەو پێویستی ناوخۆ 10 تا 12 ھەزار تۆنە، بۆیە کار دەکەن بۆ زیادکردنی بەرھەم بۆ ئەوەی پێویستیان بەھاوردە نەمێنێت.
ئاوێنه: سیروان سەعید، بەڕێوەبەری سامانی ماسی لەوەزارەتی کشتوکاڵ ڕایگهیاندووه، "ئێستا رێگە بەھاوردەکردنی ماسی دەدرێت ئەمەش کاریگەری لەسەر دابەزینی نرخ ھەیەو بەرھەمی خۆشمان لە ئێستاوە دەکەوێتە بازار، کە نرخی یەک کیلۆ ماسی شەش تا حەوت ھەزار دینارە، چونکە بەھۆی رێگریکردن لە ھاوردەی ماسی نرخەکەی گران بوبو، ئەمەش بەھۆی نەخۆشی ھاوردەکردنی لە عێراق و ئێران بۆ ھەرێم قەدەغەکرابوو ئێستا نەخۆشیەکە نەماوەو ھاوردەکردن بەپێی رێنمایەکانی خۆمان دەستیپێکردۆتەوە".
وتیشی، "ساڵانە بەرھەمی خۆماڵی ماسی دەگاتە شەش ھەزار تۆن، کە 406 پڕۆژەمان ھەیە کە مۆڵەتیان ھەیە و ھەوڵیش بەردەوامە کە پڕۆژەی زیاتر ئەنجامبدرێت و ھەرکەسێکیش پڕۆژە بکات ئاسانکاری دەکەن و دەستکاری رێنمایەکانیشمان کردووە بۆ ئەوەی خەڵک زۆرترین پڕۆژە ئەنجامبدرێت و ساڵانە بەپێی دۆخی دارایی خەڵک خواست ھەیە کە دەگاتە 10 تا 12 ھەزار تۆن".
سیروان سەعید ڕاشیگهیاند، "کاری جدی دەکەین بۆ ئەوەی بتوانین بەرھەمی ناوخۆ بگەینە ئەو ئاستەی کە پێداویستی ناوخۆ پڕبکاتەوە و پێویستمان بەدەرەوە نەبێت و ھاوردە بکەین، ناوبراو گوتیشی، ئەمساڵ 20 ھەزار پەنجە ماسیمان لەسنوری ھەولێر خستە ناو بەنداوەکان و لەسلێمانی و دھۆکیش بەھۆی نۆژەنکردنەوەی پەنجە ماسیمان نەخستە بەنداوەکانی ئەوان".