لێپرسراوی ئیدارەی مەكتەب سیاسی هەولێری یەكێتی لە ئەژی ئەمین نزیك دەبێتەوەو لە چەند رۆژی رابردودا ئەژی ئەمین سەردانی بەختیار كاوانی، لێپرسراوی ئیدارەی مەكتەبی سیاسی هەولێری یەكێتی كردوە.
ئاوێنە: بەپێی زانیارییەكانی ئاوێنە، سەردانەكەی ئەژی ئەمین لە دو رۆژی رابردودا بوەو سەردانەكە بۆ ماڵی لێپرسراوەكەی یەكێتی بوە لە شەقڵاوە ئەوەش پاش ئەوەی هەشت رۆژ لەمەوبەر بەختیار كاوانی رایگەیاندبو لە رێگەی گەڕانەوەی لە شاری سلێمانییەوە بۆ شاری هەولێر تەقەی لێكراوە.
5ی ئەم مانگە، بەختیار كاوانی، لێپرسراوی ئیدارەی مەكتەب سیاسی هەولێر یەكێتی، لە راگەیەندراوێكی كورتدا وتبوی" ئەمڕۆ ئێوارە لە رێگای گەڕانەوەم لە شاری سلێمانی بۆ شاری هەولێر لەهەوڵێکی تیرۆرستی رزگارم بو."
بەگوێرەی زانیارییەكان لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لەسەر روداوی تەقەكردن لەو بەرپرسەی یەكێتی پێكهێنراوە بەڵام ناوبراو "وەك پێویست" بەدەم لیژنەكەوە نەچوە.
لە دوای رووداوەکانی 8ی تەمموزی نێوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەنێوان هەردوو هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتییەوە، ئەژی ئەمین کرایە بەرپرسی دەزگای زانیاری یەكێتی، بەڵام لە ماوەی رابردودا لەلایەن بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەكێتی لە پۆستی بەرپرسی دەزگای زانیاری دورخرایەوە و جەلال شێج ناجی، لە شوێنەکەی دانرا.
ئەژی ئەمین لەوكاتەوە چۆتە هەولێرو هێشتاش خۆی وەك بەرپرسی دەزگای زانیاری ناودەبات، ئەوەش وایكرد سێ رۆژ لەمەوبەر بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی لە لێدوانێكدا هێرشی توندی بكاتە سەر.
بافڵ تاڵەبانی رایگەیاندبو "سەلمان(ئەژی ئەمین) هیچ پۆستێكی نییە، سەلمان رۆیشتوە، سەلمان ئێستا وابزانم لەناو پارتییە، لێرەیە لە هەولێرە، برادەرانی پارتی حەقە زوو زوو نەسیحەتی بكەن، من وەختی خۆی كۆن كۆن بە پۆستاڵەكانم نەسیحەتم ئەكرد."