چەند رێنماییەك لە سەدرەوە لەبارەی خۆپیشاندانی شەممە: دەسەڵاتی دادوەری هێڵی سورە
  2022-08-15       780       

ساڵح محەمەد عێراقی، ناسراو بە وەزیرەكەی سەدر، حەوت رێنمایی بۆ خۆپیشاندانەكەی رۆژی شەممەی لایەنگرانی رەوتی سەدر بڵاوكردەوەو دەڵێت، دەسەڵاتی دادوەریی و بارەگاكەی هێڵی سورن.

ئاوێنە: ساڵح محەمەد عێراقی، كەمێك لەمەوبەر لە پەیامێكدا حەوت رێنمایی بۆ خۆپیشاندانەكەی رۆژی شەممە خستۆتەڕو و لە زاری موقتەدا سەدرەوە داوادەكات كە بە هیچ شێوەیەك ناوی سەدر لە  دورشم و سەر وێنەو لافیتە و هەر شتێكی تردا نەهێنرێت.

هەروەها جەختیشی كردۆتەوە كە خۆپیشاندانەكە تا كۆتایی ئاشتیانە دەبێت و داواكاری خۆپیشاندەرانیش چاكسازییە لە سیستمەكەدا بەتەواوی وردەكارییەكانییەوە؛ چاكسازی لە سیتسمی دەسەڵاتی دادوەریی و یاسادانان و جێبەجێكردندا لەگەڵ لێپرسینەوە لە گەندەڵكاران.

جەختیشی كردۆتەوە كە داواكردنی گەڕانەوەی فراكسیۆنی سەدر بۆ پەرلەمان قەدەغەیە.

لە رێنماییەكی دیكەدا هاتوە"هێزە ئەمنییەكان و هێزەكانی حەشدی شەعبی تەنها براتان نین، بەڵكو ئەوان لە ئێوەن و بۆ ئێوەشن دەستدرێژی بۆ سەریان دەستدرێژییە بۆ سەر سەماحەتی موقتەدا سەدر."

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە رێڕەوی خۆپیشاندانە لە گۆڕەپانی تەحریرەوە بۆ گۆڕەپانی ئاهەنگەكان دەبێت.

جەختیشی كردۆتەوە كە "دەسەڵاتی دادوەری و بارەگاكەی هێڵی سورن و وێڕای ئەوەی داواكاریمان چاكسازییە تێیدا."

هەروەها لە رێنماییەكی دیكەدا وتویەتی"بەهۆی پێشبینیمان بۆ زۆریی ئامادەبوانی خۆپیشاندانەكە، داوادەكەین خەڵك بێزار نەكرێن."

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×