"پاڵاوگەی لاناز لیترێک بەنزین ٥٠٠ دینار دەکەوێت لەسەری‌و دەیداتە بەنزینخانەکان بە ٧٧٠ دینار"
  2022-08-27       637       

ئومێد خۆشناو ده‌ڵێت، پاڵاوگەی‌ لاناز ڕۆژانە 900 هەزار لیتر بەنزین بۆ هه‌ولێر دابینده‌كات‌و بۆ هەرلیترێک حکومەتی‌ هەرێم وەکو پاڵپشتی‌ هاوڵاتیان 280 دینار دەدات. په‌رله‌مانتارێكیش ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ "پاڵاوگەی لاناز لیترێک بەنزین ٥٠٠ دینار دەکەوێت لەسەری‌و دەیداتە بەنزینخانەکان بە ٧٧٠ دینار".

ئاوێنه‌: ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ بەمەبەستی‌ لەنزیکەوە ئاگاداربون لەکارەکانی‌ لیژنەکانی بەدواداچون‌و چاودێرییکردنی‌ بەنزینخانەکان سەردانی‌ یەکێک لەبەنزینخانەکانی‌ شاری‌ هەولێری‌ کرد.

پارێزگاری‌ هەولێر ڕایگەیاند، "بەخۆشحاڵییەوە لەسنوری‌ پارێزگای‌ هەولێر توانیومانە تاڕادەیەکی‌ زۆر باش کۆنتڕۆڵی‌ کوالێتی‌ بەنزین بکەین، لە 17ی‌ ئەم مانگەوەش لەڕێگەی‌ پاڵاوگەی‌ لاناز ڕۆژانە 900 هەزار لیتر بەنزین لەو پاڵەوگەیەوە وەردەگیرێت و بەسەر بەنزینخانەکان دابەشدەکرێت، کە بۆ هەرلیترێک بەنزین حکومەتی‌ هەرێمی‌ کوردستان وەکو پاڵپشتی‌ هاوڵاتیان 280 دینار دەدات، و لەبەرامبەرادا هاوڵاتییان بە 800 دینار بەنزینەکە وەردەگرن، ئەوەجگە لەوەی‌ ڕۆژانە (324 هەزار لیتر)ی‌ دیکەی‌ بەنزینی‌ 690 دیناریش هەیە کە لەپاڵاوگەی‌ کار وەردەگیرێت، بۆ پاڵپشتیکردنی‌ کەرتی‌ گشتی‌ کە تایبەتە بەتەکسی‌ و پاس".

له‌به‌رامبه‌ردا عه‌لی‌ حه‌مه‌ساڵح، ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ده‌ڵێت، پاڵاوگەی لاناز لیترێک بەنزین نزیکەی ٥٠٠ دینار دەکەوێت لەسەری! (چونکە نەوتی سوریا زۆر هەرزان دەکڕێت و گومرگ نادات و بەشێکیشی هی عەینزالەیە) حکومەتی هەرێم بەنزیکەی (هەزارو ٥٠ دینار) لێی دەکڕێت! دەیداتە بەنزینخانەکان بە (٧٧٠) ئەوانیش دەیدەن بە (٨٠٠ دینار)".

به‌وته‌ی‌ ئه‌و، "لاناز تەنیا لەبەنزین نزیکەی ٢٥ ملیۆن دۆلاری دەستکەوێت .. جگە لەگازوایل کە ڕەوانەی تورکیای دەکات… دەبوو ڕاستەوخۆ لاناز خۆی بە ٦٥٠ دینار دابەشی بکات.. نەک لەداهاتی گشتی ملیۆنان دۆلار قازانج بکات."

پارێزگاری‌ هەولێر دڵنیایی ده‌داته‌ هاوڵاتیان‌و ده‌ڵێت، "ماوەیەکە دەستمان بەئیجرائات وەرگرتن کردووە لەگەڵ ئەو بەنزینخانەی‌ کە دەستکاری كوالیتی به‌نزین دەکەن و بەنزین خراپ دەفرۆشن بەهاوڵاتیان، لەسەرەتای‌ مانگی‌ شەشی‌ ئەمساڵ تاوەکو ناوەڕاستی‌ ئەو مانگە، نزیکە (265) بەنزینخانە سزادراون، بەڵام لەئەمڕۆوە ئیجرائاتەکانمان توندردەبن و ھەوڵەکانمان چڕتردەکەینەوە بۆ کۆنترۆڵکردن و پاراستنی خەسڵەت و کوالێتیی بەنزین".

ئه‌وه‌شی‌ وت، "هەر بەنزینخانەیەک کە زیاتر لەجارێک سەرپێچی بکات و پابەند نەبێت بەڕێنمایەکان و دەستکاریکردنی‌ كوالیتی به‌نزین بکات و بەنزینی‌ خراپ بەهاوڵاتیان بفرۆشێ،  یەکەم/ بەنزینی‌ 800 دیناری‌ پێنادرێت، دووەم/ جگە لەو ئیجرائاتانەی‌ کەپێشوتر لەگەڵیان کراوە بەنزینخانەکەشیان بۆ ماوەیەکی‌ زۆر دادەخرێت".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×