محەمەد ساڵح عێراقی کە بە وەزیرەکەی سەدر ناسراوە داوای لە سەرجەم هێزەکانی حەشدی شەعبی بە هەموو لایەنەکانییەوە لە ناوچەی سەوزی بەغدا بکشێنەوە و هێزە ئەمنییەکان کاروباری ئەوێ بگرنەئەستۆ.
ئاوێنه: ئەمڕۆ موقتەدا سەدر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا داوای لێبوردنی لە گەلی عێراق کرد و جەختیکردەوە کە پێویستە خۆپیشاندەران و چەکدارەکانی سەرایا سەلام لە ماوەی 60 خولەکدا ناوچەی سەوزی بەغدا و خۆپیشاندانەکان چۆڵ بکەن.
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش پەیامێکی ئاڕاستەی موقتەدا سەدر کرد و ڕایگەیاند، بانگەوازی سەدر بۆ ڕاگرتنی توندوتیژی گوزارشت لە بەرزترین ئاستی نیشتمانپەروەری دەکات.
هاوکات فەرماندەی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق بڕیاری دا بە هەڵگرتنی قەدەغەی ھاتووچۆ لە بەغدا و پارێزگاکانی تر.
