بەرهەم ساڵح: هەڵبژاردنی پێشوەخت دەرچەیەكە بۆ رزگاربون لە قەیرانی سیاسی
  2022-08-30       457       

بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق كۆتاییهاتنی توندوتیژییەكان گرنگە بەڵام بە واتای كۆتاییهاتنی قەیرانە سیاسییەكە نییەو ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت، دەرچەیەكە بۆ رزگاربون لە قەیرانەكەو داواش لە سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەكات لەگەڵ موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە پەیوەندیدا بن بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكەو گەیشتن بە چارەسەرێكی سیاسی كە پرسی هەڵبژاردنی پێشوەخت و ئیدارەدانی ماوەی داهاتو لەخۆبگرێت.

ئاوێنە: بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، لە وتەیەكدا رایگەیاند، دیمەكانی دوێنێ، گیانی هەمو عێراقییەكانی هەژاندو هەستەكانی برینداركردن..دەبێت دان بەوەدا بنێین كە سیستمی سیاسی و دامەزراوە دەستورییەكان نەیانتوانی بەر لەوە بگرن كە رویدا.

ئاماژەی بەوەشدا كە هەڵوێستی موقتەدا سەدر بۆ راگرتنی توندوتیژییەكان "هەڵوێستی بەرپرسانەو ئازایانە"یەو "دەبێت سودی لێوەربگیرێت بۆ دەربازكردنی وتەكەمان لەو قەیرانە سیاسییەی ئێستا."

بەرهەم ساڵح وتوشیەتی"كۆتاییهاتنی توندوتیژی و پێكدادان و تەقەكردن، كارێكی پێویست و گرنگ بو بۆ راگرتنی رژانی خوێنی عێراقییەكان، بەڵام ئەوە بە واتای كۆتاییهاتی قەیرانە سیاسییەكە نییە."

سەرۆك كۆماری عێراق وتیشی"ئەوەی بینیمان قەیرانێكی كاتی نییە، بەڵكو قەیرانێكی قوڵە كە پەیوەندی بە سیستمی حكوم و كەم تواناییەكانییەوە هەیە."

ئاماژەی بەوەشدا كە هەڵبژاردنی رابردو، ئاواتی هاوڵاتیانی نەهێنایەدی و روبەڕوی زۆرێك لە كێشەو ئاڵەنگاری بوەوە، لەوانە دواكەوتنی وادە دەستورییەكان بۆ پێكهێنانی حكومەت و پرسی كشانەوەی فراكسیۆنی سەدرییەكان لە پەرلەمان كە براوەی هەڵبژاردنەكە بو.

جەختیشی كردۆتەوە كە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی نوێی پێشوەخت لەسەر بنەمای لێكتێگەیشتنێكی نیشتمانی، دەرچەیەكە بۆ دەرچون لەم قەیرانە كوشندەیەی ئێستای وڵات لەجێی كێشمەكێشی سیاسی یاخود پێكدادان و روبەڕوبونەوە.

بەرهەم ساڵح لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوەدا كە بەردەوامی ئەم دۆخەی ئێستا گەندەڵی زیاتر دەكات و راشیگەیاند، پێویستە هەمواری دەستور بكرێت و دەبێت دەستبكرێت بە هەمواركردنی لە ماوەی داهاتودا لە رێگەی میكانیزمە دەستوری و یاساییەكانەوە.

هەروەها لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆك كۆمار رایگەیاند، كێشەی نێوان حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان، یەكێكە لەو كێشانەی دیكەی كە قبوڵكراو نییەو پێویستە گفتوگۆیەكی جددی هەبێت لە نێوان هەردو حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ بۆ دانانی چارەسەری ریشەیی و هەمیشەیی بۆ كێشەكان.

هەروەها لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بەرهەم ساڵح داوای لە سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی كرد لە پەیوەندیدابن لەگەڵ موقتەدا سەدر بۆ هێوركردنەوەو گەیشتن بە چارەسەرێكی سیاسی یەكلاكەرەوە لە رێگەی گفتوگۆی نیشتمانییەوە كە پرسی هەڵبژاردنی پێشوەخت و پێكهێنانی حكومەت و ئیدارەیەك بۆ ماوەی داهاتو لەخۆبگرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×