وەزیرەكەی سەدر لەبارەی دەستەواژەی "بكوژو كوژراو لە دۆزەخن" رونكردنەوە دەدات
  2022-08-30       755       

ساڵح محەمەد عێراقی، ناسراو بە وەزیرەکەی سەدر رایگەیاند، مەبەستی موقتەدا سەدر لەوەی کە وتی، بکوژو كوژراو لەدۆزەخن، ئەوانەن كە پەنایان بۆ چەک بردوە.

ئاوێنە: ساڵح محەمەد عێراقی، ئەمڕۆ سێشەممە، لەبارەی دو قسەی سەدر لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی ئەمڕۆیدا رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند "مەبەست لە وەی کە وتی کوژراو و بکوژ لە دۆزەخدان وتەی پێغەرمبەری ئیسلامە کە وتویەتی 'هەرکاتێک دو موسڵمان بە شمشێر روبەڕوی یەکتربونەوە ئەوا بکوژ و کوژراو لە دۆزەخدان'، یەکەم مەرج لەم بابەتەدا پەنابردنە بۆ شمشێر، واتە پەنابردن بۆ چەک، کەواتە وتەکەی موقتەدا سەدر رونەو هەرکەسێک چەكی بەكارنەهێنابێت، وتەكەی نایگرێتەوە."

هەروەها وتویەتی"مەبەست لەبەکارهێنانی وشەی 'مەرجەع' لەلایەن موقتەدا سەدرەوە، بەڕێز کازم حائیری بوە، قسەكەی سەدر لە وەڵامی پرسیارێكدا بوە لەبارەی دەستبەرداربونی حائیری لە پۆستی مەرجەعییەت، نەک کشانەوەی شۆرشگێڕان."

وتوشیەتی، ئەگەر کازم حائیری ناچارکرابێت بە نوسینی كۆتا راگەیەندراوی خۆی ئەوا موقتەدا سەدر پابەندە بە ئامۆژگارییەکەی باوکییەوە كە بە دەستبەرداربونی حائیری لە مەرجەعیەت کاریگەری قسە و فەتواکانیشی کۆتاییان پێدێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ کازم حائیری، مەرجەعی باڵای سەدریەكان لە شاری قومی ئێران بە بیانوی نەخۆشی و بەساڵاچونییەوە دەستبەرداری مەرجەعیەت بو و داوای لەشوێنکەوتوانی کرد بۆ لەمەو دوا پابەندی عەلی خامنەیی بن و بیکەنە مەرجەعی خۆیان.

لەبەرامبەردا موقتەدا سەدر راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەدا، حائیری بەویستی خۆی دەستبەرداری پۆستەکەی نەبوە و نەجەفیش وەک شاری مەرجەعییەت دەمێنێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×