مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق هۆشداری دەدات كە ئەگەر ئاژاوەو ناكۆكی و ململانێكان بەردەوام بن، ئەوا دەستبەرداری پۆستەكەی دەبێت.
ئاوێنە: مستەفا کازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمشەو سێشەممە، لە وتارێکدا رایگەیاند، "ئازار دەچێژم لەو دۆخەی كە ئەنجامی ناكۆكییە سیاسییەكان پێی گەیشتوین" و سوپاسی هێزە ئەمنییەكانی كرد كە رەتیان كردەوە ببنە لایەندار لە شەڕی نێوان دو بەرەی "چەكی كۆنترۆڵ نەكراو"دا.
وتیشی، زیاتر لە دو ساڵە ئێمە پشتیوانی لە سیاسەتی سنورداركردنی چەك بەدەستی دەوڵەت دەكەین، وێرای ئەو هەمو تۆمەت و تانەو موشەكانەی ئاڕاستەمان كران.
كازمی جەختی كردەوە كە ئەو خوێنی عێراقیانەی دوێنێ رژا، هۆشداریمان دەداتێ كە دەبێت روبەڕوی راستییە تاڵەكان ببینەوەو بەكردەوە چەك بخەینەژێر دەسەڵاتی دەوڵەت نەك بە دروشم و بانگەشە.
ئاماژەی بەوەشدا كە لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەیان پێكهێناوە بۆ دیاریكردنی ئەو كەسانەی كە بەرپرسن لە دانی چەك بەوانەی كە تەقەیان لە خۆپیشاندەران كردوە لەگەڵ دیاریكردنی ئەوانەی كە بەدرێژایی شەو تەقە و موشەک و هاوەنییان ئاڕاستەی ناوچەی حكومەت كردوە.
وتیشی، دەبێت سەرجەم دامەزراوە ئەمنییە رەسمییەكان دەستبەجێ ببەسترێنەوە بە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانەوە.
سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئاماژەی بەوەشدا كە لەڕوی سیاسییەوە بە بەرپرسیارێتی خۆمان هەڵساین و دەستپێشخەریی گفتوگۆی نیشتمانیمان لەنێوان هێزە سیاسییە جیاجیاكاندا كرد بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی كە جێی رەزامەندا هەمو لایەنەكان بێت، بەڵام گفتوگۆ پێویستی بە سازشكردنی هەموانە نەك بەردەوامیدان بە گرژی سیاسی و گواستنەوەی بۆ تەقەكردن و رشتنی خوێن.
مستەفا كازمی هێمای بۆ ئەوەش كرد كە وێڕای كۆسپەكانی بەردەوامی و دژایەتیكردنی دەستبەرداری بەرپرسیارێتی خۆی لەبەردەم گەلەكەیدا نەبوەو جەختیشی كردەوە "من پێشتر و ئێستاش لەگەڵ بنەمای دەستاودەستكردنی دەسەڵاتدام بەشێوەیەكی ئاشتیانە."
سەرۆك وەزیرانی عێراق راشیگەیاند، "لێرەوە هۆشداری دەدەم ئەگەر بیانەوێت بەردەوام بن لەسەر نانەوەی ئاژاوە، روبەڕوبونەوە، ناکۆکی، ململانێ و گوێنەگرن لە دەنگی عەقڵ، ئەوا هەنگاوی ئەخلاقی و نیشتمانی دەنێم و بە راگەیاندنی چۆڵكردنی پۆستەكەم لە كاتی گونجاودا ئەوەش بەپێی ماددەی 81ی دەستور."