شاخەوان عەبدوڵا مەرجی پارتی بۆ دەستپێكردنەوەی كۆبونەوەكانی پەرلەمانی عێراق ئاشكرادەكات
  2022-08-30       743       

شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پشكی پارتی رایگەیاند، دەستپێكردنەوەی كۆبونەوەكانی پەرلەمان پێویستی بە لێکتێگەیشتنی سیاسییەو دەشڵێت، مەرجی پارتی بۆ دەستپێكردنەوەی كۆبونەوەكان ئەوەیە كە تا رێککەوتن نەکرێت لەسەر پرسی سەرۆککۆمار لەنێو کورد، بابەتی سەرۆککۆمار نابێت بخرێتە بەرنامەی کارەوە.

 ئاوێنە: شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بە روداوی راگەیاند، "پەیامەکەی ئەمڕۆی سەدر کاریگەریی هەبو لە هێورکردنەوەی دۆخەکەو وتارەکەی لە وتاری مەرجەعیەت دەچو تاوەکو سیاسییەک، چونکە بێلایەن بو."

 لەبارەی دەستپێکردنەوەی کۆبونەوەکانی پەرلەمانی عێراقەوە جێگری سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بەوە کرد، هەنگاو بە هەنگاو دەستدەکەن بە هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانی پەرلەمان و بۆ کۆبونەوەی پەرلەمانیش پێویستە لایەنەکان لێکتێگەیشتنیان هەبێت لەسەر پرسی کۆبونەوەکانی پەرلەمان.

 شاخەوان عەبدوڵا سەبارەت بە رێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی وتی، لە رابردودا کۆبونەوە و دیدار هەبوەو تاوەکو ئێستا بە شێوەیەکی فەرمی هیچ رێککەوتنێک نییە و هەردو لایەنیش سورن لەسەر كاندیدەكانیان.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئاماژەی بەوەش كرد، دوای کشانەوەی سەدرییەکان لە پەرلەمان، ئێستا پەرلەمانی عێراق لاسەنگە، چونکە 73 نوێنەری خەڵکی تێدا نییە و ئەوەش کاریگەریی لەسەر لاسەنگی پەرلەمان دروستکردووە.

 لەبارەی مەرجی پارتییەوە بۆ دەستپێکردن و بەشداریکردن لە کۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق، شاخەوان عەبدوڵا ئەوەی خستەڕو، مەرجی پارتی ئەوەیە تاوەکو رێککەوتن نەکرێت لەسەر پرسی سەرۆککۆمار لەنێو کورد، بابەتی سەرۆککۆمار نابێت بخرێتە بەرنامەی کارەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×