دوای بڕیارە لەناکاوەکەی دوێنێی موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر بۆ کشانەوەی دەستەجێی لایەنگرانی لەناوچەی سەوزو کۆتاییهێنان بەتوندوتیژییەکان، بەشێک لەشوێنکەوتوانی سەدر لەو هەڵوێستە توڕەنو پێیانوایە ناوبراو ناپاکیی لێیان کردوە.
ئاوێنە: بەگوێرەی تۆڕی هەواڵی عێڕاقی، بەشێک لەشوێنکەوتوانی موقتەدا سەدر لێدوانیان بۆ میدیاکانداوەو باسیان لەوەکردوە، دوای ئەوەی لەماوەی 48 کاتژمێردا سەدان قوربانیان لەکوژراوو برینداردا، بەڵام موقتەدا سەدر دەستبەردارییان بوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، بەشێک لەوکەسانە تەنانەت موقتەدا سەدریان وەک ناپاک وەسفکردوە کە ئەوانی بەمیلیشیاکانی حەشدی شەعبیو عەلی خامنەیی فرۆشتوە، بۆیە چیتر شایانی ئەوەنییە شوێنکەوتەی ئەوبین، لەبەرئەوەی دەرکەوتوە ڕاستگۆنییەو یاریی دەکات.
جەختیشیانکردۆتەوە، لەداهاتودا دەچنە پاڵ شۆڕشگێرانی تشرینو ناتوانن لەگەڵ موقتەدا سەدر بەردەوامبن کە بەردەوام هەڵوێستەکانی دەگۆڕێت.