بایدن و كازمی لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا تاوتوێی پێشهاتە سیاسییەكانی عێراق دەكەن
  2022-08-31       503       

جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، دۆخی عێراق تاوتوێ دەكەن و پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ عێراقێكی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری دەردەبڕێت. سەرۆكی ئەمریكا داواش لە سەرجەم سەرکردەکانی عێراق دەكات بەشداری گفتوگۆیەکی نیشتمانی بکەن لەپێناو دانانی نەخشەڕێگایەک بۆ دەرچون لەو داخرانەی سیاسییەی ئێستا هەیە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ چوارشەممە، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکاوە پێگەیشت، کە تێیدا تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی دۆخی عێراق لەپاش روداوەکانی ئەم دواییە کرا.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، سەرۆکی ئەمریكا پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ عێراقێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری دەربڕیوە وەك ئەوەی كە لە ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی نێوان ئەمریکا و عێراقدا هاتوە.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، بایدن ستایشی رۆڵی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران و سەركردایەتییە حەكیمانەكەی كردوە لەماوەی پەرەسەندنی گرژییە سیاسییەکان و ڕوداوە ئەمنییەکانی ئەم دواییەی عێراق.

هەروەها بەپێی راگەیەندراوەكە، سەرۆکی ئەمریکا ستایشی ئەدای هێزە ئەمنییەکانی عێراقی و هاوکات سەرەخۆشی لە کەسوکاری شەهیدانی عێراق کردوە.

جۆ بایدن داواشی لە هەمو سەرکردە عێراقییەكان کردوە بەشداری گفتوگۆیەکی نیشتمانی بکەن لەپێناو دانانی نەخشەڕێگایەک بۆ دەرچون لەو داخرانەی سیاسییەی ئێستا هەیە ئەوەش لەسەر بنەمای دەستور و یاساکانی عێراق.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، جۆ بایدن هەوڵەکانی مستەفا كازمی بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان لەڕێگەی دیالۆگ و دیپلۆماسییەوە بەرز نرخاندو پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ ئەو هەوڵانە دەربڕی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×