پێنج داواكاری لە سەدرەوە بۆ كازمی
  2022-09-01       1020       

ساڵح محەمەد عێراقی، ناسراو بە وەزیرەكەی سەدر،  لە پەیامێكدا پێنج داواكاری پێشكەشی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق دەكات كە بەشێكیان پێكدێن لە: گۆڕینی سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، هەڵوەشاندنەوەی ئەو میلیشیایانەی بەخۆیان دەڵێن "مقاوەمە"، كردنە دەرەوەی هێزەكانی حەشد لە ناوچەی سەوز و دورخستنەوەی هێزەكانی حەشد لە بازگەو دەروازە سنورییەكان.

ئاوێنە: ساڵح محەمەد عێراق، ئەمشەو پێنجشەممە، لە پەیامێكدا رایگەیاند، بۆ پاراستنی شكۆی دەوڵەت و كۆتاییهێنان بە بونی میلیشیاكان لە شوێنە هەستیارەكانی دەوڵەت، پێنج پێشنیار دەخەینە بەردەم مستەفا كازمی، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق.

پێشنیارەكان پێكدێن لە:

یەكەم: گۆڕینی فالح فەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لەبەر سێ هۆكار:  فالح فەیاز سەرۆكی لایەنێكی حزبییەو حەشد لە سیاسەتەوە دەگلێنێت، خاوەنی كەسایەتیەكی بەهێز نییەو عەقڵیكی سەربازیی نییە، هەروەها بەگشتی شیاو نییە بۆ ئەو پۆستە.

دوەم: دەركردنی فەرمانێك بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو میلیشیایانەی پێیان دەوترێت "مقاوەمە"و خەڵك دەكوژن.

سێیەم: دەركردنی سەرجەم میلیشیاكان و حەشدی شەعبی لە ناوچەی سەوز و جێگرتەوەیان لەلایەن هێزە ئەمنییە نیشتمانییەكانەوە، چونكە مانەوەیان مەترسی ئەمنی لەسەر خودی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان دروست دەكات، وێڕای دامەزراوەكانی دیكە بەتایبەت دەسەڵاتی دادوەری و دروستكردنی گوشار لەسەری.

چوارەم: دورخستنەوەی حەشدی شەعبی لە بازگەو دەروازە سنورییەكان لەپێناو پاراستنی ناوبانگی ئەندامانی حەشد، خەڵكانێك هەن ناوبانگیان دەشێوێنن لە رێگەی بەكارهێنانی توندوتیژی و بازرگانی و قاچاخچێتییەوە.

پێنجەم: پشتیوانیكردنی هێزەكانی حەشد لە ناوچە ئازادكراوەكان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×