ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئیدانەی روداوەكانی ئەم دواییەی عێراق دەكات و داوا لە لایەنە عێراقییەكان دەكات دان بەخۆیاندا بگرن و لە توندوتیژی دوربكەونەوە.
ئاوێنە: ئەنجومەنەكە لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئیدانەی روداوە توندوتیژییەكانی عێراق لە رۆژانی 29 و 30ی ئاب دەكەن و نیگەرانی قوڵی خۆیان دەردەبڕن لەبارەی بونی كوژراو و بریندار لەو روداوانەدا.
ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داواشی لە لایەنە عێراقییەكان كردوە ئارام ببنەوەو دان بەخۆیاندا بگرن. هەروەها پێشوازیشی لەو بانگەوازانەی لایەنەكان كردوە كە داوای رێگری لە توندوتیژی دەكەن.
لە راگەیەندراوەكەیدا، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وتوشیەتی، ئەندامانی ئەنجومەنەكە داوا لەسەرجەم لایەنە عێراقییەكان دەكەن ناكۆكییە سیاسییەكانیان بەڕێگەی ئاشتیانە چارەسەربكەن و رێز لە سەروەری یاساو مافی گردبونەوەی ئاشتیانە بگرن و دوربكەونەوە لە توندوتیژی.