بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسی رۆیتەرز، ئایەتوڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەكان لەپشت پەردەوە دەستوەردانی یەكلاكەرەوەی كردوە بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕو توندوتیژییەكانی هەفتەی رابردوی بەغداو ناوچەكانی دیكەی عێراق و بەوەش جارێكی دیكە سەلماندییەوە كە بەهێزترین پیاوە لە عێراق.
ئاوێنە: ئەمڕۆ شەممە، ئاژانسی رۆیتەرز راپۆرتێكی لەژێر ناونیشانی "چۆن پیاوێكی ئایینی 92 ساڵان، خلیسكانی عێراقی بۆ نێو شەڕێكی تر راگرت."
رۆیتەرز لە راپۆرتەكەیدا ئاماژەی بەوەداوە كە لەگەڵ ئەوەی سیستانی هیچ شتێكی بە ئاشكرا هیچ شتێكی لەبارەی پشێوی و توندوتیژییەكانی هەفتەی رابردوی عێراقەوە نەوت، بەڵام بەرپرسان و سەركردە شیعەكانی عێراق دەڵێن، تەنها هەڵوێستی سیستانی لەپشت پەردەوە بوە هۆی راگرتنی توندوتیژییەكان و شەڕ.
رۆیتەرز رایگەیاندوە كە بۆ راپۆرتەكەی لەگەڵ نزیكەی 20 بەرپرس لە حكومەتی عێراق و رەوتی سەدرو گروپە میلیشیاكانی لایەنگری ئێراندا قسەی كردوەو سەرجەمیان ئاماژەیان بە دەستوەردانی یەكلاكەرەوەی سیستانی لەپشت پەردەوە كردوە بۆ راگرتنی توندوتیژییەكان و شەڕ.
بەپێی قسەی یەكێك لە بەرپرسە حكومییەكان، سیستانی پەیامێكی بۆ سەدر ناردوە تێیدا هەڕەشەی ئەوەی كردوە كە ئەگەر توندوتیژییەكان رانەگرن، ئەوا ناچار دەبێت راگەیەندراوێك بڵاوبكاتەوەو داوای راگرتنی شەڕەكە بكات، ئەوەش وای دەكرد سەدر وەك كەسێكی لاوازو هۆكاری رشتنی خوێن لەعێراق دەربكەوێت.
بەڵام سێ كەسایەتی شیعەی نزیك لە سیستانی ئەوەیان پشتڕاست نەكردۆتەوە كە سیستانی پەیامی بۆ سەدر ناردبێت، لەگەڵ ئەوەش وتویانە، بۆ سەدر رون بون كە ئەگەر توندوتیژییەكان رانەگیرێن، ئەوا سیستانی بەزویی لەوبارەیەوە دێتە دەنگ.
لەگەڵ ئەوەش رۆیتەرز نوسیویەتی، رەنگە سیستانی بۆ ئێستا رشتنی خوێنێ لە چوارچێوەیەكی بەرفراواندا راگرتبێت، بەڵام ئەوە چارەسەری كێشەی پاراستنی سەقامگیری و ئارامی ناكات لە وڵاتێكدا كە زۆرترین هێز لە دەرەوەی سیستمە سیاسییەكەو لە دەست پیاوانی ئایینیدایە، لەنێویشیاندا ئەو پیاوە ئایینیانەی كە پەیوەندیی توندوتۆڵیان لەگەڵ ئێران هەیە.