محەمەد حەلبوسی: پەیوەندییەکانی حکومەتی فیدراڵیی‌و حکومەتی ھەرێم رێکبخرێنەوە
  2022-09-04       725       


محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوا ده‌كات پەیوەندییەکانی حکومەتی فیدراڵیی‌و حکومەتی ھەرێم رێکبخرێنەوە. هاوكات ١٠ خاڵ پێشنیار ده‌كات بۆ ئەوەی لەمیانی خولی دووەمی دیالۆگی نیشتمانیی نێوان لایەنە سیاسییەکاندا تاوتوێ بکرێن.

ئاوێنه‌: محەمەد حەلبوسی لەتویتێکدا ١٠ پرسی گرنگی پێشنیازکردووە بۆ ئەوەی لەخولی دووەمی دیالۆگی نیشتمانیی نێوان لایەنە سیاسییەکاندا تاوتوێ بکرێن، ناوبراو نوسیویەتی، "دانیشتنەکانی داھاتوی دیالۆگی نیشتمانیی ١٠ پرس لەخۆ بگرێت، چونکە بەبێ رێککەوتن لەسەر ئەو پرسانە، پرۆسەی سیاسیی لە عێراق بەردەوام نابێت".

دوێنێ شه‌ممه‌، مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق  داوایکرد رۆژی پێنجی ئەیلولی ٢٠٢٢ خولی‌ دووەمی "دیالۆگی نیشتمانیی" ئەنجامبدرێت و بۆ ئەو مەبەستەیش بانگھێشتنامەیەکی ئاراستەی لایەنە سیاسییەکانی کردووە.

رۆژی ١٧ی ئابی ٢٠٢٢، لەسەر داوای مستەفا کازمی خولی یەکەمی "دیالۆگی نیشتمانیی" لەنێوان لایەنە سیاسییەکان، جگە لە رەوتی سەدر بەئامانجی دۆزینەوەی رێگاچارەیەک بۆ قەیرانی سیاسیی ئەنجامدرا.

لەو پرسانەی کە محەمەد حەلبوسی پیشنیازی کردووه‌؛ دیاریکردنی وادەیەک بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختەو ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان کە وادەکەی لەکۆتایی ساڵی داھاتو تێپەڕنەبێت و رێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵیی‌و حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەوەیش بەپێی رێککەوتنێک کە بۆ گەل ئاشکرا بکرێت تا ئەو کاتەی یاسای نەوت و گاز پەسەند دەکرێت.

راشیگەیاندووە، لەدانیشتنەکانی داھاتوی دیالۆگی نیشتمانییدا، گفتوگۆ بکرێت لەبارەی ھەڵبژاردنی حکومەتێک کە دەسەڵاتی تەواوی ھەبێت کە لایەنەکان لەسەری رێکبکەون و جێگای متمانەی گەل و ھێزە سیاسییەکانیان بێت و باس لەدوبارە شیکردنەوەی ماددەی ٧٦ی دەستور بکرێت كه‌ بەھۆی فشارە سیاسییەکانی دوای ھەڵبژارنەکان یاری‌ به‌و مادده‌یه‌ كراوه‌.

- ماددەی ٧٦ی دەستوری عێراق تایبەتە بەرێوشوێنەکانی ھەڵبژاردنی سەرۆکوەزیران و پێنج برگە لەخۆدەگرێت.

بەپێی بڕگەی یەکەمی ماددەی ٧٦ی دەستوری عێراق، سەرکۆمار کاندیدی گەورەترین فراکسیۆن لەماوەی ١٥ رۆژدا لەرۆژی ھەڵبژاردنی سەرکۆمارەوە، رادەسپێرێت بۆ ئەوەی حکومەت پێکبھێنێت.

لەبڕگەی دووەمی ماددەی ٧٦ی دەستوردا، ئاماژە بەوەدراوە کە سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو ناوی وەزیرەکان دیاریی دەکات لەماوەیەکی دیاریکراودا بەمەرجێک لەرۆژی راسپاردنییەوە، ٣٠ رۆژ تێپەڕنەبێت.

ھەروەھا لەبڕگەی سێیەمی ماددەی ٧٦ی دەستوردا ئەوە خراوەتەڕو، ئەگەر سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو نەیتوانی لەو ماوەیەی بۆ پێکھێنانی حکومەت بۆی دیاریکراوە حکومەت پێکبھێنێت، ئەوا سەرکۆمار کەسێکی دیکە رادەسپێرێت بۆ پێکھێنانی حکومەت لەماوەی ١٥ رۆژدا.

بەپێی بڕگەی چوارەمی ماددەی ٧٦ی دەستور، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو ناوی وەزیرەکان و بەرنامەی حکومەت دەخاتە بەردەم ئەنجومەنی نوێنەران، پاش ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بەزۆرینەی رەھا رەزامەندی دەربڕی لەسەر یەک بەیەکی وەزیرەکان و بەرنامەی حکومەت، ئەوە مانای ئەوەیە کە متمانە دراوەتە ئەنجوومەنی وەزیران.

لەبڕگەی پێنجەمی ماددەی ٧٦ی دەستوردا هاتووە "ئەگەر متمانە بەحکومەت نەدرا، ئەوا لەماوەی ١٥ رۆژدا، سەرۆکۆمار کەسێکی دیکە بۆ پێکھێنانی حکومەت رادەسپێرێت".

ھەروەھا ھەڵبژاردنی سەرکۆمار پێویستی بەدەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانە واتە ٢٢٠ دەنگ، ھەرچی وەزیرەکان و بەرنامەی حکومەتە لەکۆی دەنگی ٣٢٩ ئەندام، پێویستییان بە ١٦٥ دەنگ ھەیە بۆ ئەوەی لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە متمانەیان پێ بدرێت.

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێشنیازیکردووە کە لەدانیشتەکانی داھاتوی دیالۆگی نیشتمانیی نێوان لایەنە سیاسییەکاندا، پرسی پەسەندکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی، ھەروەھا ھێشتنەوە یان ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران بخرێنە بەرباس و دەرکردنی یاسای دادگای باڵای فیدراڵیی بەپێی ماددە ٩٢ ی دەستوور تاوتوێ بکرێت.

داواشیکردووە کە لەدانیشتەکانی داھاتوی دیالۆگی نیشتمانییدا، قسە لەسەر دووبارە بڵاوکردنەوەی ھێزە سەربازی و ئەمنییەکان بکرێت، بەجۆرێک تەنھا وەزارەتی ناوخۆ سەرپەرشتی بڵاوکردنەوە و سەپاندنی ئاسایش لەسەرجەم شار و شارۆچکەکاندا بکات، ھێزەکانی دیکەش لە شوێنی خۆیان بمێننەوە، جۆڵەپێکردنیان لە سەربازگەکانی مەشق و راھێنان، تەنھا بە فەرمانی فەرماندە سەربازیی و ئەمنییەکان بێت.

محەمەد حەلبوسی پێشنیازی کردووە کە پرسەکانی دیکەی دانیشتنەکانی داھاتوی دیالۆگی نیشتمانیی تایبەت بێت بەتاوتوێکردنی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان.

راشیگەیاندووە، "لەدانیشتنەکانی داھاتوی دیالۆگی نیشتمانیی نێوان لایەنە سیاسییەکاندا، بەوردی گفتوگۆ بکرێت لەبارەی رێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵیی و حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەوەیش بەپێی رێککەوتنێک کە بۆ گەل ئاشکرا بکرێت تا ئەو کاتەی یاسای نەوت و گاز پەسەند دەکرێت".

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
بافڵ تاڵەبانی: هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەوادەی خۆیدا دەكرێت
ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د: هیچ هێزێكى ئۆپۆزسیۆنى ئێرانى‌و توركى لاى ئێمه‌ تیرۆریست نین
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
مەسعود بارزانی: ناكرێ لەو وادەیەی دیاریكراوە "هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد" بەڕێوەبچێت
وتەبێژی وەزارەتی دارایی: دەستمان بە رێککارەکانی پلەبەرزکردنەوە کردوە
وەزیری نەوتی عێراق: داوامان لە حكومەتی هەرێم كردوە نەوت رادەستی سۆمۆ بكەن بۆ هەناردەكردنی
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×