بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ: ڕۆژانە ١٣ هەزار کارتۆن هێلکە لەهەرێمی کوردستان بەرهەمدێت
  2022-09-04       551       


بەرهەمی هێلکە لەهەرێمی کوردستاندا گەیشتۆتە ڕادەی خۆ بژێوی، تەواوی پێداویستی هەرێمی کوردستان پڕدەکاتەوەو تەنانەت هەناردەی دەرەوەی هەرێمیش دەکرێت.

ئاوێنه‌: سەبارەت بەبەرهەمی هێلکە لەم سێ ساڵەی کابینەی نۆیەم، فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ ڕایگەیاند، لەم سێ ساڵەی دواییدا بەدیاریکراوی لەدوای دەستبەکاربونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەرەوپێشچونێکی زۆر لەبەرهەمهێنانی هێلکە هەبووە".

وتیشی‌، "یەکێک لەهۆکارەکانیشی بڕیاری قەدەغەی هاوردەکردنی هێلکە بووە، ئەم بڕیارە وایکرد ژمارەی پڕۆژەکان زیاد بکات بەشێوەیەک لەپێش کابینەی نۆیەم ١١ پڕۆژەمان هەبوو کە بەوزەی تەواوی خۆیان کاریان نەدەکرد لەبەر ئەوەی هێلکەیەکی زۆری هاوردە لەبازاڕەکانی هەرێمی کوردستان هەبوون و ئەم پڕۆژانە لەڕوی نرخەوە توانای ڕکابەری ئەو بەرهەمە هاوردانەیان نەبوو ئەمەش وایکردبوو ئەو ١١ پڕۆژەیە %٥٠ یان کار بکەن و لە هەندێک قۆناغدا کەمتریش لەو ڕێژەیە کاریان دەکرد".

فیراس سدیق ده‌ڵێت، "ئەمڕۆ لەهەرێمی کوردستاندا ٢٧ پڕۆژەی بەرهەمهێنانی هێلکەمان هەیە، ئەمەش هۆکارێک بوو بۆ زیادبوونی هێلکە لەبازاڕەکاندا، لەڕابردودا ڕۆژانە لەنێوان دوو هەزارو ٥٠٠ تاکو سێ هەزار کارتۆن هێلکە دەخرانە بازاڕەکانی هەرێمەوە بەڵام لەئێستادا ١٣ هەزار کارتۆن لەڕۆژێکدا دەچێتە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان".

ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات، "ئێمە لە هەرێمی کوردستان ڕۆژانە پێویستیمان بە ٧ هەزار کارتۆن هەیە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆ بەڵام لە ئێستادا زیادەیەکی زۆرمان لە بەرهەمی ناوخۆ هەیە و بە میکانزمێکی گونجاو ڕەوانەی ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقی دەکەین، جگە لەوەش ٢٤ پڕۆژەی تریش لە بواری دامەزراندندان و هەندێکیان کارەکانیان تەواو بووە، ئەمەش وا دەکات لە داهاتوودا لە هەرێمی کوردستان بەرهەمی هێلکە زیاتر بێت."

بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ ڕاشیگه‌یاندووه‌، "هەرچەندە هێلکە لە دەرەوە هاوردە بکەین ئەگەر لە ڕووی تەندروستیشەوە هیچ کێشەی نەبێت ناگاتە ئەوەی کە لەهەرێمی کوردستاندا بەرهەم دێت چونکە ئێمە وەکو حکومەت بەردەوام چاودێری پڕۆژەکان دەکەین، بە دڵنییایەوە بەرهەمی ناوخۆ لە هاوردە باشترە چونکە ئێمە تەنیا باس لە بەرهەمەکە ناکەین بەوەی لە ناوخۆ بەرهەمدێت بەقەد ئەوەی لەڕووی تەندروستیشەوە لە نزیکەوە ئاگاداری بەرهەمهێنانەکە دەبین و هەلی کاریش دەڕەخسێنێت و وا دەکات پارەیەکی زۆر نەچێتە دەرەوە و جوڵەیەکی دارایی باش لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دروست ببێت."

لەبارەی سوودی ئەو پڕۆژە پەلەوەرییانە بۆ هاوڵاتیان و ڕەخساندنی هەلی کار بۆیان، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵ‌و ڤێتەرنەری ڕایگەیاندووه‌، "لەدوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەی پڕۆژەکان ١١ پڕۆژەبووە و ئێستا بۆتە ٢٧ پڕۆژە، و هەر پڕۆژەیەک نزیکەی ٦٥ هەلی کاری ڕەخساندووە".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×