ئەندامێكی فراكسیۆنی دەوڵەتی یاسا پێیوایه كه گەڕاندنەوەی پەرلەمانتارانی رەوتی سەدر بۆ پەرلەمان دەبێتە هۆی دروستبونی گێرەشێوێنی زیاتر.
ئاوێنه: عەباس مالیكی، ئەندامی فراكسیۆنی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی لەپێناو گەڕاندنەوەی پەرلەمانتارانی رەوتی سەدر بۆ پەرلەمانی عێراق، جگە لەدروستكردنی گێرەشێوێنیی زیاتر لەناو دۆخی سیاسی و كۆمەڵگەی عێراقی، هیچ سوودێك ناگەیەنێت.
مالیكی دهڵێت، پەرلەمانتارانی رەوتی سەدر بە ئارەزوومەندانە دەستیان لە كاری پەرلەمان كێشاوەتەوە، پێویست ناكات تانە لە بڕیارێك بدەن كە خۆیان هەڵیانبژاردووە و كەس زۆری لێ نەكردوون، ئەم جۆرە هەڵسوكەوتانە دەبنە هۆی دروستبوونی گێرەشێوێنی زیاتر.
ئەمڕۆ یەکشەممە، دادگای باڵای فیدڕاڵی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوەو تیایدا هاتووە، سکاڵایەک لەبارەی تانهدان لەپهسهندكردنی دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی سەدر لەپەرلەمانی عێراق تۆمارکراوە.
دادگای فیدڕاڵی عێراق ئاماژهی بۆ ئهوهش كردووه كه رۆژی ٢٨ی ئەم مانگە چاو بەتانەلێدان لەپهسهندكردنی دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی سەدری دەخشێنێتەوە.
ئهوهشی ڕونكردۆتهوه كه داواکارییهكە لەلایەن پارێزەر زیائەدین رەحمەڵاوە لەسەر محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان تۆمارکراوەو تانەیداوە لەبریارەکەی بۆ پەسەندکردنی دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامپەرلەمانانی فڕاکسیۆنی سەدر.
رۆژی ١٢ی ٦ی ٢٠٢٢ موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لەنامەیەکیدا بۆ ئەندامانی فراکسیۆنەکەی لەپەرلەمانی عێراق داوایلێکردن نامەی دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان بکەن.
دوای داواکەی سەدر، حەسەن عەزاری سەرۆکی فراکسیۆنی سەدر نامەی دەستلەکارکێشانەوەی هەر ٧٣ پەرلەمانتارەکەی خستە بەردەم محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانو ئەویش سەرجەم دەست لەکارکێشانەوەکەی پهسهندكرد.