ناوەندێکی توێژینەوەی ئەمریکی: دۆخی عێراق زیاتر بەرەو گرژیی دەچێت
  2022-09-06       508       

ناوەندێکی توێژینەوەی ئەمریکی ڕایده‌گه‌یه‌نێت، دۆخی عێراق زیاتر بەرەو گرژیی دەچێت، ده‌شڵێت:"لایەنە سیاسییە شیعییەکان لەئایندەیەکی نزیکدا ناتوانن بگەنە چارەسەر".

ئاوێنە: ناوەندی ستراتفۆردی ئەمریکی لەڕاپۆرتێکی شیکارییدا پێشبینیکردوە، دۆخی ئەمنیی عێراق گرژیی‌و نائارامیی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت، بەوپێیەی لایەنە سیاسییە شیعییەکان لەئایندەیەکی نزیکدا ناتوانن بگەنە چارەسەرێکی مامناوەند بۆ کۆتاییهێنان بەقەیرانی سیاسیی وڵات.

ناوەندە ئەمریکییەکە لەڕاپۆرتەکەیدا کە لەژێر ناوی "عێراق گرژی زیاتر بەخۆوە دەبینێت" بڵاوکردۆتەوە، تێیدا باسی لەوەکردوە، توندوتیژییەکانی ئەمدواییەی بەغداو بەسرە گوشارێکی زیاتریان خستۆتەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بۆئەوەی چارەسەرێک بۆ قەیرانی سیاسیی عێراق بدۆزنەوە کە ماوەی نزیکەی ساڵێکە بەردەوامە، لەکاتێکدا ڕاپۆرتەکە پێشبینیشیکردوە، لایەنە شیعییە ڕکابەرەکان لەئایندەیەکی نزیکدا نەگەنە چارسەرێکی مامناوەند.

جه‌ختیكردۆته‌وه‌، ئه‌وه‌ش مەترسیی ئەوەی لێدەکرێت ڕادەی توندوتیژیی‌و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان زیاتر بکات‌و سەربکێشێت بۆ ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە.

ڕاپۆرتەکە هەروەک دەڵێت:"پێکدادانانەکانی ئەمدواییە دەریخست کە سیناریۆی توندوتیژیی عێراق هەمیشە گریمانه‌کراوە، ئەویش بەهۆی بێزاریی‌و توڕەیی زۆر لەشکستی سەرکردە سیاسییەکان‌و بەرزی ڕێژەی گەندەڵیی‌و هەژاریی‌و بێکاریی‌و وەستانی گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت‌و تێنەپەڕاندنی یاسای بودجە.

ئەوەش هاتوە، "لەبارودۆخێکی ئاوهادا سیستەمی سیاسیی عێراق ناتوانێت گواستنەوەیەکی سیاسیی ئاشتیانە ئەنجامبدات، لەکاتێکدا نائارامیی کۆمەڵایەتیی‌و سیاسیی لەهەڵکشاندایەو ئەگەری چاکسازیی بونیادیی ڕوو لەکەمبونەوەیە".

ستراتفۆرد ئاماژەی بەوەکردوە، ڕێککەوتنی لایەنە شیعییەکان چەند مانگێکی پێدەچێت لەکاتێکدا هەموو لایەنەکان ئامادەن تا گەیشتن بەقۆناغی هەڵدێر لەسەر سیاسەتەکانیان بەردەوامبن، ئەمەش دواجار ترس لای وەبەرهێنەرە بیانییەکان دروستدەکات بەوەی ڕەنگە جارێکی تر عێراق بەرەو قۆناغێکی دورودرێژی تری نائارامیی بڕوات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×