بەهای هەناردەی ئێران بۆ عێراق بەڕێژەی 8% كەمیكردوە
  2022-09-06       455       

بەپێی ئامارێكی ژوری بازرگانی هاوبەشی ئێران و عێراق، لەماوەی پێنج مانگی رابردودا، بەهای هەناردەی ئێران بۆ عێراق بەراورد بە هەمان پێنج مانگی ساڵی رابردو، بەڕێژەی 8% كەمیكردوە.

ئاوێنە: حەمید حوسێنی، ئەندامی دەستەی كارگێڕی ژوری بازرگانی هاوبەشی ئێران و عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، لە لێدوانێكدا بە میدیای رەسمی ئێرانی راگەیاندوە، ساڵی رابردو لەماوەی پێنج مانگدا(21/3 تا 21/8) بە بەهای سێ ملیارو 220 ملیۆن دۆلار، كاڵاو شمەكی ئێرانی هەناردەی عێراق كراوە، بەڵام بۆ هەمان پێنج مانگی ئەمساڵ، بەهای هەناردەی ئێران بۆ دو ملیارو 961 ملیۆن دۆلار دابەزیوە، بەوەش بەهای هەناردەی وڵاتەكەمان بۆ عێراق نزیكەی 8% دابەزیوە.

بەپێی قسەی حەمید حسێنی، لەڕوی كێشەوە ساڵی رابردو لەماوەی ئەو پێنج مانگەدا ئێران 12 ملیۆن و 152 هەزار تۆن كاڵای هەناردەی عێراق كردوە لەكاتێكدا ئەمساڵ ئەو بڕە لەڕوی كێشەوە بۆ هەشت ملیۆن و 655 هەزار تۆن دابەزیوە، واتە هەناردەی كاڵاو شمەكی ئێران بۆ عێراق لەڕوی كێشەوە لەسەدا 28 بۆ لەسەدا 29 دابەزیوە.

ئەو ئەندامەی دەستەی كارگێڕی ژوری هاوبەشی بازرگانی ئێران و عێراق ئاماژەی بەوەشداوە كە نائارامییەكانی عێراق، بەرزبونەوەی نرخی كاڵاكان، پێك نەهێنانی حكومەتی نوێی عێراق و پەسەندنەكردنی بودجەی گشتی عێراق، لەپاڵ كەمتەرخەمی بەرپرسانی ئێرایندا، لەو هۆكارانەن كە كاریگەرییان لەسەر كەمبونەوەی هەناردەی ئێران بۆ عێراق هەبوە.

 بەپێی قسەی حەمید حسێنی، لە مانگێكدا وڵاتی چین بە بەهای نزیكەی یەك ملیار دۆلارو توركیا بەبەهای نزیكەی 800 ملیۆن دۆلار كاڵاو شمەك هەناردەی عێراق دەكەن لەكاتێكدا كە بەهای هەناردەی ئێران بۆ عێراق لە مانگێكدا نزیكەی 600 ملیۆن دۆلارە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×