مه‌سعود بارزانى: هیچ لاریەكیشمان لەمەڕ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە نییە
  2022-09-07       690       

مه‌سعود بارزانى هه‌ڵوێستى خۆى له‌سه‌ر كێشه‌كانى ئێستاى عێراق‌و هاوكات كێشه‌كانى نێوان هه‌ولێرو به‌غدا ئاشكراكردو ڕایگه‌یاند، "هیچ لاریەكیشمان لەمەڕ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە نییە"، ده‌شڵێت:"مه‌رجێكمان هه‌یه‌".

ئاوێنە: مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌په‌یامێكدا بۆ ئه‌مریكا هه‌ڵوێستى خۆى له‌سه‌ر چه‌ند پرسێك ئاشكراكردو ڕایگه‌یاند، "سەرچاوەی كێشەكان‌و قەیرانی سیاسیی عێراق بۆ پابەندنەبونی بەغدا بەدەستورو نەمانی بنەماكانی شەراكەت‌و هاوسەنگی‌و سازان لەپڕۆسەی سیاسی‌و ڕێزنەگرتن لەئەنجامی هەڵبژاردنەكان‌و پڕۆسەی دیموكراسی دەگەڕێتەوە".

بارزانى ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات، "پێویستە بابەتە بنەڕەتییەكانی نێوان هەرێم‌و بەغداش لەچوارچێوەی دەستوردا چارەسەربكرێن‌و هەر ڕێككەوتن‌و پێكهاتنێك دەبێ لەسەر بنەمای دەستور بەڕونی‌و بەجدی كاری لەسەربكرێت".

له‌به‌شێكى دیكه‌ى په‌یامه‌كه‌یدا مه‌سعود بارزانى ده‌ڵێت:"لەعێراقدا دەبێ بۆ چارەسەری كێشەكان فەرهەنگی یەكترقبوڵكردن هەبێت‌و نابێ هیچ لایەنێك هەوڵی سڕینەوەی لایەنی تر بدات‌و دەبێ ڕێز لەدەستور بگرێت".

سەبارەت بەبیرۆكەی هەڵبژاردنی پێشوەختەش بارزانی جه‌ختده‌كاته‌وه‌، "هیچ لاریەكمان لەمەڕ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە نییە، بەمەرجێك، زەمینەسازیی سیاسی‌و یاسایی بۆ بكرێت‌و هیچ لایەن‌و پێكهاتەیەك پەراوێزنەخرێت‌و ڕێزیش لەئەنجامی هەر هەڵبژاردنێك بگیرێت كە بەڕێوەدەچێت".

په‌یامه‌كه‌ى بارزانى له‌میانى كۆبونه‌وه‌یه‌كدا هات له‌گه‌ڵ شاندێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كه‌ ئه‌مڕۆ چوارشەممە 7ی ئەیلولی 2022 لەسەڵاحەدین به‌ڕێوه‌چوو، تێیدا باربارا لیف یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و ئەلینا ڕۆمانۆسكی باڵیۆزی ئەمریكا لەعێراق‌و ئێرڤن هیكس كونسوڵی گشتیی ئەمریكا لەهەولێر ئاماده‌بون.

هه‌روه‌ك یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست به‌بارزانى وتوه‌، "سەرۆك بایدن سڵاوى بۆت هه‌بوه‌و سه‌ربارى ئه‌وه‌ى بەبایەخێكی زۆرەوە سەیری هەرێمی كوردستان دەكات‌و هەرێمی كوردستانیش لاى ئه‌و یەكێكە لەئەولەوییەتەكانی سیاسەتی دەرەكیی وڵاتەكەی، هاوكات داواى ئه‌وه‌شى لێت هه‌یه‌، ڕۆڵى خۆت بخه‌یته‌گه‌ڕ بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كانى عێراق".

به‌رپرسه‌ باڵاكه‌ى ئه‌مریكا ئاشكرایكردوه‌، "لاى ئیداره‌ى بایدن سەروەریی‌و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان‌و عێراق، بناغەیە بۆ سەقامگیریی‌و پێشكەوتنی ناوچەكە".

ئه‌م كۆبونه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ڵاحه‌دین له‌كاتێكدایه‌، دوێنێ هه‌مان ئه‌و به‌رپرسه‌ باڵایه‌ى ئه‌مریكا له‌كۆبونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ عێراقیه‌كان ناوه‌ڕۆكى نامه‌یه‌كى توندى ئه‌مریكاى پێگه‌یاندون‌و وتویه‌تى:"له‌ئه‌گه‌رى پێكدادان‌و ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ى چه‌كداریى، كۆمه‌ڵى نێوده‌وڵه‌تى ناچارده‌بێت به‌هێزه‌وه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ عێراق‌و كۆتایی به‌ناكۆكیه‌كان بهێنێت"

 

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
ناوى ئه‌و كۆمپانیا ئه‌مریكیانه‌ ئاشكراده‌كرێت كه‌ عێراق گرێبه‌ستى له‌گه‌ڵ كردون
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×